کۆتایی لەکوێوە دەستپێدەکات؟ بۆ من، هەمووی لەم شتە بچووکەوە دەستپێدەکات. ئەم بوونەوەرە ڕۆح سوکە -- بەلای منەوە ڕۆح سوکە -- پێی دەوترێت تێتراهامینیا و بوونەوەرێکی تاک خانەییە. هەروەها ناسراویشە بە گەنگی حەوز. کەواتە بەڵێ، من کارەکەم لە گەنگی حەوزەوە دەستیپێکرد. ئێستا، جێی سەرسوڕمان نییە کە بووم بە زانایەک. کە لە شوێنێکی دوور گەورە بووم، بە منداڵی زۆر بە حەسرەت بووم دەربارەی هەموو شتێکی زیندوو. زۆرجار ماسییە لیقەی ژەهراوی کوشندەم هەڵدەگرتەوە و گۆرانیم بۆ دەوتن. بۆیە لە سەرەتای دەستپێکردندا، زۆر بە حەسرەت بووم دەربارەی نەزانراوە سەرەکییەکانی سەرەکیترین بەردی بناغەکانی ژیان، و خۆشبەخت بووم لە کۆمەڵگایەک ژیام کە ئەو حەسرەتە بەرز دەنرخێنرا تیایدا. ئێستا بۆ من، ئەم گەنگی حەوزە کە پێی دەوترێ تێتراهامینا ڕێگایەکی باش بوو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو نەزانراوە سەرەکییانەی زۆر حەزم بە زانینیان دەکرد: ئەو گورزە دی ئێن ئەیانەی خانەکانمان کە پێیان دەوترێت کرۆمۆسۆمەکان. و بە تایبەتیش زۆر بە حەسرەت بووم بۆ زانین لەسەر کۆتاییەکانی کرۆمۆسۆمەکان، ناسراو بە تێلۆمیرەکان. ئێستا، کە دەستم بە ئامانجەکەم کرد، هەموو ئەوەی دەمانزانی ئەوەیە کە ئەمانە کۆتایی کرۆمۆسۆمەکان دەپارێزن. گرنگیان هەیە لەکاتی دابەشبوونی خانەکان. بەڕاستی گرنگ بوون، بەڵام ویستم بزانم تێلۆمیرەکان لە چ شتێک پێکهاتوون، و بۆ ئەوە پێویستم بە زۆر بوو. بە ڕێکەوتیش ئەم تێتراهامینانە کرۆمۆسۆمی ڕێک و کورتی زۆرە، نزیکەی ٢٠,٠٠٠ دانە. کەواتە تێلۆمیری زۆری دەبێت. و بۆم دەرکەوت کە تێلۆمیرەکان پێکهاتوون لە پارچەی تایبەتی دی ئێن ئەیەک کە فرمان دەرناکات لە کۆتاییەکانی کرۆمۆسۆمەکاندا. بەڵام کێشەیەک هەیە. هەموو لە یەک خانەوە ژیانمان دەستپێدەکات. دابەش دەبێت بۆ دوو. دووان دەبێت بە چوار. چواریش بە هەشت، و بەردەوام و بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ٢٠٠ ملیۆن ملیار خانە کە لەشی کەسێکی پێگەشتوو پێکدەهێنێت. و هەندێک لەو خانانەش پێویستە هەزارەها جار دابەش ببن. ڕاستییەکەی، لەکاتێکدا کە من لێرە لەبەردەمتان وەستاوم، لە تەواوی لەشمدا، خانەکان بە بەردەوامی خۆیان نوێدەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانم ئاوا لەبەردەمی ئێوەدا بووەستم. بۆیە هەرجارێک خانەیەک دابەش دەبێت، پێویستە هەموو دی ئێن ئەیەکانی کۆپی بکرێن، هەموو دی ئێن ئەیەکانی زانیاریان لەسەرە لەو کرۆمۆسۆمانەدا، چونکە ئەوە زانیاری کارپێکردنی هەستیاری لەسەرە کە وا دەکات خانەکانمان بە باشی و کاری خۆیان بکەن، بۆ ئەوەی خانەکانی دڵم بە ڕێکی لێبدەن، کە دڵنیاتان ئەکەمەوە لە ئێستایا وا نین، و خانەکانی بەرگری لەشیشم بەرەنگاری بەکتریا و ڤایرۆس ببنەوە، و خانەکانی مێشکیشم بتوانن یادەوەری یەکەم ماچمان هەڵگرن و بەدرێژایی تەمەن بەردەوام بن لە فێربوون. بەڵام هەڵەیەکی بچووکی هەستیار هەیە لە کۆپیکردنی دی ئێن ئەیدا. تەنیا یەکێکە لەو ڕاستییانەی ژیان. هەر جارێک خانەکە دابەشدەبێت و دی ئێن ئەیەکە کۆپی دەکرێت، هەندێک لە دی ئێن ئەی بەشی کۆتاییەکان لێدەبنەوە و کورت دەبنەوە، و هەندێک لەوە تێلۆمیرەکانە. بیریشی لێبکەنەوە وەک لاسیکەکەی سەری قەیتانەکان ئەپارێزێت و ناهێڵێ شی ببنەوە. ئەوانەش قەیتانەکان یان کرۆمۆسۆمەکان دەپارێزن لەوەی کە شی ببنەوە، و کاتێک ئەو سەرە زۆر کورت دەبێتەوە دەرئەنجام لێدەبێتەوە، و ئەو تێلۆمیرە کورت بووەوەیەش ئاماژەیەک دەنێرێت بۆ خانەکان. "دی ئێن ئەیەکە چیتر پارێزراو نییە." ئاماژەیەک دەنێرێت. کاتی مردنە. کەواتە، کۆتایی چیرۆکەکەیە. ببورن، وا بەخێرایی نا. ناکرێت کۆتایی چیرۆکەکە بێت، چونکە ژیان لەسەر ڕووی زەوی نەمردووە جارێکە. بۆیە ویستم بزانم: ئەگەر ئەو لێبوونەوە و نەمانە هیچ ڕێگەی لێنەگیرێت، دایکە سرووشت چۆن دڵنیادەبێتەوە لەوەی بتوانین کرۆمۆسۆمەکانمان بە پارێزراوی بهێڵینەوە؟ ئێستا، قەوزەی تێتراهامیناتان بیرە ئەوەی پێی دەوترێت گەنگی حەوز؟ شێتانە ترین شتی ئەوەبوو، خانەکانی تێتراهامینا قەت پیرنابن و نامرن. بە تێپەڕبوونی کات تێلۆمیرەکانیان کورت نەئەبوونەوە و بمرن. هەندێک جار تەنانەت درێژتریش دەبوون. شتێکی تر لە ئارایا بوو، و باوەڕم پێبکەن، ئەو شتە لە هیچ کتێبێکدا نییە. کەواتە لەکاتی ئیشکردن لە تاقیگەکەم و لەگەڵ خوێندکارە بێوێنەکەم کارۆڵ گریدەر و من و کارۆڵ خەڵاتی نۆبڵمان بردەوە پێکەوە بۆ ئەم کارە -- دەستمان کرد بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە و بۆمان دەرکەوت کە خانەکان بەڕاستی شتێکی تریان هەیە. ئەنزیمێک پێشتر بیری لێنەکرابۆوە کە بتوانێت تێلۆمیرەکان نوێبکاتەوە و درێژتریان بکات، و ناومان نا تێلۆمیرەیس. و کاتێکیش تێلۆمیرەیسی قەوزەی گەنگی حەوزمان دەرکرد، تێلۆمیرەکانیان کورت بووە و مردن. کەواتە بەهۆی تێلۆمیرەیسە زۆرەکەیانەوە بوو کە ئەم قەوزانە قەت پیر نەئەبوون. باشە، ئێستا ئەوە پەیامێکی تەواو هیوا بەخشە بۆ ئێمەی مرۆڤ کە بتوانین لە قەوزەی گەنگی حەوزەوە وەریگرین، چونکە دەرکەوتووە ئێمەی مرۆڤ لەگەڵ چوون بەتەمەندا، تێلۆمیرەکانمان کورت دەبنەوە، و بەشێوەیەکی بەرچاویش، ئەو کورت بوونەوەیە پیرمان دەکات. بەشێوەیەکی گشتی قسەکەین، هەتا تێلۆمیرەکان درێژتر بن، باشترە بۆت. زۆر کورتبوونەوەی تێلۆمیرەکانە دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە نیشانەکانی پیربوون بکەین و بیانبینین. خانەکانی پێستم دەست دەکەن بە مردن و منیش وردە وردە هێڵ و چرچی دەبینم لە پێستی خۆمدا. خانەکانی ڕەنگی قژ دەمرن. ئیتر تاڵی سپی دەبینیت. خانەکانی کۆئەندامی بەرگری دەمرن. مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییت زیاد دەبێت. ڕاستییەکەی، کۆکراوەی توێژینەوەکانی ئەم ٢٠ ساڵەی پێشوو ئەوەی ڕوونکردۆتەوە کە کورتبوونی تێلۆمیرەکان ڕۆڵ دەگێڕێت لە زیادبوونی مەترسیمان بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشی ئەلزەهەیامەر، هەندێک جۆری شێرپەنجە و شەکرە، ئەو نەخۆشییانەی زۆربەمان بەهۆیانەوە دەمرین. و بۆیە دەبێت بیر لەمە بکەینەوە. چی ڕووئەیات؟ ئەم کورتبوونەوەیە، سەیری ئەکەین و هەست بە پیرتر بوون دەکەین، بەڵێ. تیلۆمیرەکانی ئێمە خێراتر شەڕی کورتبوونەوەکە دەدۆڕێنن. و ئەوانەشمان کە ماوەیەکی زیاتر بە گەنجی دەمێنینەوە، دەرکەوتووە تێلۆمیرەکانمان بە درێژی دەمێننەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر، هەستی گەنجێتیمان درێژدەکەنەوە و مەترسییەکانی هەموو نەخۆشییە خراپەکان کەمدەکەنەوە کاتێک تەمەنمان تێدەپەڕێت. باشە، لەوە ئەچێ تێگەشتنی قورس بێت. ئێستا، ئەگەر تێلۆمیرەکانم بەسترابێتن بەوەی چەندێک بەخێرایی هەست بە پیربوون دەکەم و پیردەبم، ئەگەر تێلۆمیرەکانم بە تێلۆمیرەیس نوێببنەوە، هەموو ئەوەی لەسەرمە بیکەم بۆ پێچەوانەکردنەوەی نیشانەکانی پیربوون ئەوەیە بزانم لەکوێ بتڵێک بکڕم کە پڕە لە تێلۆمیرەیسی نمرە یەکی ئەندامی، وا نییە؟ تەواو! کێشەکە چارەسەر بوو. (چەپڵەلێدان) وا بە خێرایی نا، ببورن. بەداخەوە، بەو شێوەیە نییە. باشە. ئەی بۆچی؟ لەبەر ئەوەیە کە بۆماوەیی مرۆڤ فێری کردوین کاتێک یەتە سەر تێلۆمیرەیسی خۆمان، ئێمەی مرۆڤ لەسەر لێواری چەقۆیەک دەژین. باشە، بە سادەیی بیڵێم، بەڵێ، زیادکردنی تێلۆمیرەیس مەترسییەکانی هەندێک لە نەخۆشییەکان کەمدەکەنەوە، بەڵام مەترسییەکانی هەندێک جۆری شێرپەنجەی کوشندەش زیاد دەکات. کەواتە ئەگەر بشتوانی ئەو بتڵە تێلۆمیرەیسە بکڕیت، و هەندێک ماڵپەڕیش هەبن کە بتوانیت ئەو جۆرە بەرهەمانەی لێبکڕیت، کێشەکە ئەوە ئەبێت کە مەترسی خۆت بۆ شێرپەنجەکان زیاد دەکەیت. و ئێمەش ئەوەمان ناوێت. باشە، خەمتان نەبێت، و پێموابێت ئەمەی ئێستا جێی پێکەنینە، چونکە زۆرێک لە ئێمە بیر ئەکەنەوە ئەڵێن، باشترە وەک قەوزەی گەندی ناو حەوز بم. (پێکەنین) شتێک هەیە بۆ ئێمەی مرۆڤ لە چیرۆکی تێلۆمیرەیسەکان و هەوڵی هێشتنەوەیان. بەڵام ئەمەوێ شتێک ڕوونکەمەوە. دەربارەی درێژکردنی ماوەی ژیانی مرۆڤ یان نەمری نییە. دەربارەی مەودای لەشساغ بوونە. ئێستا، مەودای لەشساغی ژمارەی ئەو ساڵانەی تەمەنی خۆتە کە بێ هیچ نەخۆشییەکیت، لەشت ساغە، توانای کارکردنت هەیە، و چێژیش لە ژیان دەبینیت. ماوەی نەخۆش بوون، پێچەوانەی ماوەی لەشساغ بوونە، ئەو کاتەی ژیانتە کە بەسەری دەبەیت و هەست بە نەخۆشی و پیری و نزیکە مەرگ دەکەیت. کەواتە پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە، کەواتە ئەگەر نەتوانم تێلۆمیرەیس وەرگرم، کۆنترۆڵم دەبێت بەسەر درێژی تیلۆمیرەکانم و لەشساغی و تەندروستی خۆم و بێ ئەو کێشانەی درووستکردنی مەترسی بۆ توشبوون بە شێرپەنجە؟ باشە؟ ساڵی ٢٠٠٠ بوو. بە وردی خەریکی پشکنین بووم لەسەر ئەم تیلۆمیرە بچووکانە و بەدڵخۆشییەوە چەندین ساڵ خەریکی بووم، کاتێک دەروون ناسێک بەناوی ئیلیسا ئیپێڵ هاتە تاقیگەکەم. پسپۆڕی ئیلیسیا لە کاریگەری فشاری دەروونی قورس و درێژخایەنە لەسەر تەندروستی مێشک و لەشمان. لە تاقیگەکەمدا وەستابوو، کە بەسەر شوێنی چوونە ژوورەوەی تەرمگەیەکدا دەیڕوانی، و -- (پێکەنین) پرسیارێکی ژیان و مردنی هەبوو بۆم. چی بەسەر تێلۆمیرەکان یەت لەو کەسانەدا کە فشاری درێژخایەنیان لەسەرە؟ ئەو پرسیارەی لێکردم. توێژینەوەی لەسەر مناڵبەخێوکەرەکان کردووە، و بەتایبەتیش دایکی منداڵەکانی کە کێشەی درێژخایەنیان هەبووە، ئەگەر کێشەی ریخۆڵەبێت، ئۆتیزم، یان هەرشتێکی تر -- کۆمەڵێک کە دەکەونە بەر فشارێکی دەروونی زۆر و درێژخایەن. دەبێت بڵێم، پرسیارەکەی زۆر منی گۆڕی. هەموو ئەمکاتە کە بیرم لە تێلۆمیرەکان دەکردەوە وەک پێکهاتە گەردیلە بچووکەکان، و جینەکانی کۆنترۆڵی تێلۆمیرەکان دەکەن. و کاتێک ئیلیسا لێی پرسیم دەربارەی توێژینەوە لەسەر مناڵبەخێوکەرەکان، لەناکاو تێلۆمیرەکانم لە ڕووناکییەکی تەواو جیادا بینی. سەروو جینەکان و کرۆمۆسۆمەکانم بینی بۆناو ژیانی خەڵکە ڕاستەقینەکانی کە توێژینەوەمان دەکرد لەسەریان. منیش خۆم دایکم، و لەو کاتەدا، تاسام بە وێنەی ئەم ژنانە کە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخێکی وادا دەکرد کە مامەڵەکردن قورسە لەگەڵی، زۆرجار بەبێ یارمەتی. و ئەم ژنانەش، بە سادەیی، لەوە دەچوو ماندوو بووبێتن. کەواتە ڕێی تێدەچێت کە تێلۆمیرەکانیشیان تەواو ماندوو بووبێتن؟ کەواتە حەسرەتی هەردووکمان زۆر زیاتر بوو. ئیلیسا بۆ یەکەمین توێژینەوەمان گروپێکی لەم دایکە منداڵبەخێوکەرانەی هەڵبژارد، و ویستمان بپرسین: درێژی تێلۆمیرەکانیان چەندە بەراورد بە ژمارەی ساڵەکانی کە خەریکی چاودێری کردنی منداڵەکانیان بوون کە کێشەی درێژخایەنیان هەیە؟ چوار ساڵ تێپەڕی و ئەو ڕۆژە هات کە هەموو ئەنجامەکان دەرچوون، و ئیلیسا سەیری یەکەمین خشتەی ئەنجامەکانی کرد و بە تەواوەتی تاسا، چونکە داتاکان بە شێوەیەک بوون، و هەمان ئەو شێوەیە بوو کە ئەترساین لەوەی کە پێی بگەین. ڕێک لەوێ بوو لەسەر لاپەڕەکە. هەتا ساڵەکان زیاتر بن، کە دایکەکان خەریکی بەخێوکردنی ئەو جۆرە منداڵانە بووبێتن، تەمەنی خۆیان هەرچەندێک بووبێت، تێلۆمیرەکانی کورتر دەبوون. هەتا زیاتریش وا سەیری دۆخی خۆی بکردایە کە فشاری لەسەر بێت، تێلۆمیرەیسەکانی کەمتر دەبوون و تێلۆمیرەکانیشی کورتتر دەبوون. کەواتە شتێکمان دۆزییەوە کە پێشتر نەبیستراوە: هەتا فشاری دەروونی زیاتر بێت لەسەرت، تێلۆمیرەکانت درێژتر دەبن، واتە ئەگەری زیاترە کە ببیت بە قوربانی ماوەیەکی کورتتری نەخۆشبوون و لەوانەشە مردنی ناوەخت. دۆزینەوەکانمان واتای ئەوەبوو ڕووداوەکانی ژیانی خەڵک و شێوەی کاردانەوەمان بۆ ئەم ڕووداوانە دەکرێت گۆڕانکاری بهێنێت بەسەر توانای ڕاگرتنی تێلۆمیرەکانت. کەواتە درێژی تێلۆمیر تەنیا مەسەلەی ژماردنی تەمەنی نییە بە ساڵەکان. پرسیارەکەی ئیلیسا بۆ من، ئەوکاتەی کە هات بۆ تاقیگەکەم، بەڕاستی پرسیاری ژیان و مردن بوو. ئێستا، خۆشبەختانە، هیوایەک لەو زانیاریانەیا شاردرابۆوە. تێبینی ئەوەمان کرد هەندێک لە دایکەکان، سەرەڕای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ بە جوانی ئاگایان لە منداڵەکانیان بووە، توانیویشیانە درێژی تێلۆمیرەکانیشیان ڕاگرن. کەواتە توێژینەوەی سەر ئەم ژنانە دەریخست خۆیان بەهێزترن بۆ فشاری دەروونی. بەجۆرێک توانیویانە وا ئەزموونی ئەم بارودۆخانە بکەن نەک وەک مەترسی ڕۆژانە بێت بەڵکو وەک ململانێیەک، و ئەمەش بووە هۆی تێگەشتنێکی زۆر گرنگ بۆ هەموومان: کۆنترۆڵمان هەیە بەسەر شێوەی چوون بەتەمەنمان هەتا سەر تاک بە تاکی خانەکان. باشە، ئێستا حەسرەتی ئەوەڵمان بوو بە شتێکی درم. هەزارەها زانا لە چەندین بوارەوە ئەزموونی خۆیان زیادکرد بۆ توێژینەوەی سەر تێلۆمیر، و دۆزینەوەی نوێ کرا. بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە ١٠ هەزار توێژینەوەی زانستی و لە زیادبووندایە. کەواتە چەندین توێژینەوە بەخێرایی دۆزینەوەی سەرەتای ئێمەی دووپاتکردەوە کە بەڵێ، فشاری درێژخایەن خراپە بۆ تێلۆمیرەکان. و ئێستاش چەندینی تر ئاشکرای دەکەن کە کۆنترۆڵمان زیاترە بەسەر ئەم پرۆسە تایبەتی بەتەمەندا چوون زیاتر لەوەی دەتوانن بیهێننە بەرچاوی خۆتان. چەند نموونەیەک: توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا، لۆس ئانجیلیس لەسەر ئەو کەسانەی چاودێری بەردەوامی کەسێکیان دەکەن کە ئەلزەهایمەری هەیە و سەیری توانای مانەوەی تێلۆمیری ئەو چاودێرانەیان کرد و بۆیان دەرکەوت کە باشتر بووە بە ئەنجامدانی جۆرێکی تایبەتی یۆگا بۆ ماوەی ١٢ خولەک لە ڕۆژێکدا بۆ دوو مانگ. هەڵوێست گرنگە، ئەگەر خۆت ڕەشبینانە بیرکەیتەوە، وا دەڕوانیتە دۆخێکی فشاراوی وەک وەک مەترسییەک بۆسەر خۆت، واتە ئەگەر بەڕێوبەرەکەت بیەوێ بتبینێت، یەکسەر وا بیردەکەیتەوە، "خەریکە دەردەکرێم،" و بۆرییەکانی خوێنت تەسک دەبنەوە، و ڕێژەی هۆرمۆنی سترێس کە کۆرتیزۆڵە بەرزدەبێتەوە، و هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە و بەتێپەڕبوونی کاتیش، ئەم ڕێژە بەرزە بەردەوامەی کۆرتیزۆڵ ڕێژەی تیلۆمیرەیسی خانەکانت کەمدەکاتەوە. باش نییە بۆ تیلۆمیرەکانت. لەلایەکی تریشەوە، ئەگەر وا سەیری دۆخێکی پڕ سترێس بکەیت وەک ململانێیەک، ئەوکاتە خوێن دەچێت بۆ دڵ و مێشکت، و ئەزمونی زیاتکردنێکی کورت و زۆر وزەبەخشی کۆرتیزۆڵ دەکەیت. و بەهۆی هەڵوێستی خۆتەوە کە بەرەنگاری هەموو شتێک دەبیتەوە تێلۆمیرەکانت سەلامەت دەبن. کەواتە.... هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێت؟ تێلۆمیرەکانت سەلامەت دەبن. هێزی ئەوەت هەیە ئەوە بگۆڕیت کە بەسەر تێلۆمیرەکانتدا دێت. بەڵام حەسرەتت زیاتر و زیاتر قوڵتر بووەتەوە، چونکە دەستمان کرد بە پرسین، ئەی شتەکانی دەرەوەی لەشی خۆمان؟ دەکرێت ئەوانیش کاربکەنە سەر ماوەی مانەوەی تێلۆمیر؟ ئێمەی مرۆڤ بوونەوەرێکی زۆر کۆمەڵایەتین. دەکرێت تێلۆمیرەکانی خۆشمان شتێکی کۆمەڵایەتی بێت؟ و ئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون. هەر لە منداڵییەوە، فەرامۆشکردنی سۆزی، کەوتنە بەر توندوتیژی، شەڕپێفرۆشتن و ڕەگەزپەرستی هەموو کاردەکەنە سەر تێلۆمیرەکان، و کاریگەرییەکانیش درێژخایەنن. دەتوانن بیهێننە بەرچاوی خۆتان چی کاریگەری دەبێت لەسەر منداڵەکانی لە ناوچەی جەنگدا دەژین؟ خەڵکەکانی کە ناتوانن متمانە بە دراوسێکانیان بکەن و هەست بە سەلامەتی ناکەن لە گەڕەکەکانی خۆیاندا تێلۆمیرەکانیان کورتترە. کەواتە شوێنی نیشتەجێبوونیشت گرنگە بۆ تێلۆمیرەکان. لە دیوەکەی ترەوە، کۆمەڵگاکانی نزیکن لەیەکترەوە، هاوسەرگیری درێژخایەن، و تەنانەت هاوڕێیەتی درێژخایەنیش، هەموو مانەوەی تێلۆمیرەکان زیاتر دەکەن. کەواتە هەموو ئەمە چیمان پێدەڵێت؟ پێمدەڵێت کە من هێزی ئەوەم هەیە کار بکەمە سەر تێلۆمیرەکانی خۆم، و هێزی ئەوەم هەیە کار بکەمە سەر تێلۆمیرەکانی تۆش. زانستی تێلۆمیر فێری کردین کە چۆن ژیانمان بەیەکترەوە بەستراوە. بەڵام هێشتا حەسرەت گرتومی. پرسیاری ئەوەم لا درووست بووە هەموومان چ میراتییەک بەجێدێڵین بۆ نەوەی دوای خۆمان؟ هەوڵدەدەین بۆ ژن یان پیاوە گەنجەکانی داهاتوو بتوانن لە مایکرۆسکۆپدا سەیری خانە بچووکەکان بکەن، سەیری قەوزەی گەنگی حەوز بکەن، پرسیارێکیان هەبێت کە ئێمە تەنانەت لەم ڕۆژەیا بیرمان لێنەکردبێتەوە؟ دەکرێت پرسیارێکی گرنگ بێت کە کار بکاتە سەر هەموو جیهان. و لەوانەشە، لەوانەشە بیر بکەیتەوە کە چی لەخۆت بکەیت. ئێستا کە ئەزانیت چۆن ئەتوانی تێلۆمیرەکانت بپارێزیت، بیردەکەیتەوە پێویستە چی بکەیت بۆ ئەوەی دەیان ساڵی تر بە تەندروستی بەسەر بەریت؟ و ئێستا کە ئەزانیت ئەتوانیت کاربکەیتە سەر تێلۆمیری خەڵکی تر، بیردەکەیتەوە چۆن بتوانیت جیاوازی درووستکەیت؟ و ئێستا کە ئەزانیت حەسرەت گرتن بۆ زانینی شتێک چ هێزێکی هەیە بۆ گۆڕینی جیهان، چۆن دڵنیا دەبیتەوە لەوەی جیهان گرنگی بەو حەسرەتە بات لەبەر بەرژەوەندی نەوەکانی تری لە دوای ئێمەوە یەن؟ زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)