بە باسکردنی ئیمێڵێک دەستپێئەکەم کە بەم دواییە لەناو نامەکانما بینیم. شوێنی نامەکانم زۆر نائاساییە چونکە چارەسەری دەروونی ئەکەم و ستوونێکی ئامۆژگاری ئەنوسمەوە بەناوی "سڵاو چارەسەری دەروونی،" بۆیە ئەتوانن بیهێننە بەرچاوتان چی تیایە. مەبەستم ئەوەیە، هەزارەها نامەی کەسیم خوێندۆتەوە کە کەسانی بیانی لە سەرانسەری جیهانەوە. نامەکانیش درێژە ئەکێشێت لە دڵشکان و لەدەستدانەوە، بۆ شەڕ لەگەڵ باوک و دایک و خوشک وبرا. لەناو فۆڵدەرێکا دامناوە لەسەر لاپتۆپەکەم، و ناویشم ناوە "کێشەکانی ژیان." ئینجا، ئەم نامەیەم بۆهات، نامەی زۆری ئاواهیم بۆ یەت، و ئەمەوێت بۆ ساتێک بتانهێنمە ناو جیهانەکەی خۆمەوە و یەکێک لەو نامانەتان بۆ بخوێنمەوە. و بەم شێوەیەیە. "سڵاو چارەسەرکاری دەروونی، ماوەی دە ساڵە هاوسەرگیریم کردووە و هەتا دوو ساڵ لەمەوبەریش هەموو شتێک باشبوو. ئەوکاتەبوو کە مێردەکەم چیتر وەک پێویست سێکسی نەدەویست، و ئێستا بە دەگمەن دەیەوێت." دڵنیام چاوەڕێی ئەمە نەبوون. (پێکەنین) "دوێنێ شەو بۆم دەرکەوت کە ئەم چەند مانگەی پێشوو، شەوانە بەدزییەوە پەیوەندی تەلەفوونی هەبووە لەگەڵ ژنێکا لە نوسینگەکەی خۆی. ناوەکەیم لێیاوە، و زۆر جوان بووە. باوەڕ بەخۆم ناکەم کە ئەمە ڕووئەیات. باوکم پەیوەندی هەبوو لەگەڵ هاوپیشەیەکی خۆیا کە من مناڵبووم و ئەوە خێزانەکەمانی هەڵوەشاندەوە. هەرچەن پێویست ناکا بوترێت، تێکشکاوم. ئەگەر لەم هاوسەرگیریەیا بمێنمەوە، هەرگیز جارێکی تر ناتوانم متمانە بە مێردەکەم بکەم. بەڵام ناشمەوێت مناڵەکانمان جیابوونەوەمان ببینن، باوەژنیان بۆ دروستبێت. پێویستە چی بکەم؟" باشە، پێتان وایە ئەبێ چی بکات؟ ئەگەر نامەیەکی ئاوات پێبگات، لەوانەیە بیربکەیتەوە کە ئەبێت ناپاکی کردن چەند ئازاربەخش ئەبێت. یان بەتایبەتی لێرەیا چەند ئازاربەخشە بەهۆی ئەزموونە ناخۆشەکەی کە لە باوکی خۆی بینیوە. و وەک منیش، لەوانەیە ئێوەش هەندێک هاوسۆزیتان بۆی هەبێت، و لەوانەشە تەنانەت هەندێک، چۆن ئەمەیان بڵێم بەجوانی، با پێی بڵێین هەستێکی "زۆر ئەرێنی"تان نییە بۆ مێردەکەی. ئێستا ئەوە، ئەو جۆرە شتانەیە کە بە مێشکی منیشدا یەت، کاتێک ئەم نامانە ئەخوێنمەوە لەناو سندوقی نامەکاندا. بەڵام ئەبێ زۆر وریابم کاتێک وەڵامی ئەم نامانە ئەیەمەوە چونکە ئەزانم کە هەموو نامەیەک کە پێمئەگات تەنیا چیرۆکێکە لەلایەن نوسەرێکی دیاریکراوەوە نوسراوە. هەروەها وەشانێکی تری ئەو چیرۆکەش بوونی هەیە. هەمووکات هەیە. و ئەمە ئەزانم چونکە ئەو شتەی فێری بووبێتم لە کارکردن وەک چارەسەرکار ئەوەیە کە هەموومان گێڕەرەوەی پشتپێنەبەستراوی ژیانی خۆمانین. من. ئێوە. و هەموو کەسێکی تریش. کە نەئەبوو پێتان بڵێم چونکە چیتر باوەڕ بەم وتارەم ناکەن لەسەر تێد. سەیرکەن، مەبەستم ئەوە نییە کە بە مەبەست یەکتر بەهەڵەیا بەرین. زۆربەی ئەوەی خەڵک پێم ئەڵێن بەدڵنیاییەوە ڕاستە، تەنیا لە ڕوانگەی خۆیانەوە. بەپشت بەستن بەوەی کە گەورەی ئەکەن یان بچووکی ئەکەنەوە، ئەیخەنە ناوییەوە، و دەریئەکەن لێی، ئەوەی ئەیبینن و ئەیانەوێ من بیبینم، بەشێوەیەکی دیاریکراو چیرۆکەکانیان ئەگێڕنەوە. دەروون ناس جیرۆمی برونەر بەشێوەیەکی جوان باسی ئەمەی کردووە -- وتوێتی، "گێڕانەوەی چیرۆکێک بێ ئەملاو لا هەبوونی باوەڕی تەواوەتی پێی." هەموومان چیرۆک ئەگێڕینەوە لەسەر ژیانی خۆمان. بۆچی هەڵبژاردنەکان کراون، بۆچی هەڵە دەرچوون، بۆچی بەشێوەیەک مامەڵەمان لەگەڵ کەسانێکا کردووە -- چونکە ئاشکرایە کە، شایەنی بوون -- بۆچی کەسێک بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ کردوین -- هەرچەندە دیارە ئێمە وانەبووین. چیرۆکەکان ئەو ڕێگایەیە کە ئەمانەوێت ژیانمان بیگرێت. بەڵام چی ڕووئەیات کاتێک چیرۆکەکانی ئەیگیڕێنەوە بەهەڵەدا بەرە یان ناتەواوە یان تەواو هەڵەیە؟ لەجیاتی دابینکردنی ڕوونی، ئەم چیرۆکانە بە پەنگخواردوویی ئەمانهێڵێتەوە. وای دائەنێین هەلومەرجەکانمان شێوەی چیرۆکەکانمان بکێشێت. بەڵام ئەوەی هەمووجارێک دۆزیومەتەوە لە شوێنی کارکردنەکەم ئەوەیە کە چاوەڕێی ڕوودانی پێچەوانەکە بکەم. شێوەی گێڕانەوەی ژیانمان وێنەکێشانە بۆ ئەوەی ئەبن پێی. ئەوە مەترسی چیرۆکەکانمانە، چونکە بەڕاستی ئەکرێت تێکچن، بەڵام هەروەها هێزەکەشیانە. چونکە واتای ئەوەیە کە ئەگەر بتوانین چیرۆکەکانمان بگۆڕین، ئەوا ئەکرێت ژیانمان بگۆڕین. ئەمڕۆش ئەمەوێ نیشانتان بەم چۆن. پێم وتن چارەسەرکاری دەروونیم، و هەر بەراستی وام، چیرۆک خوانێکی ناڕاست نیم. بەڵام ئەگەر وابم، با بڵێین، لەسەر فڕۆکەیەک بم، و کەسێک لێم بپرسیت چی ئەکەم، زۆربەی کات ئەڵێم کە هەڵەگیرێکم. ئینجا بەشێکی وتنی ئەوە لەبەر ئەوەیە ئەگەر بڵێم چارەسەرکاری دەروونیم، بەردەوام وەڵامی نامۆ وەر ئەگرم وەک، "ئاه، چارەسەرکاری دەروونی. چییە هەڵسەنگاندنی دەروونیم بۆ ئەکەیت؟" منیش بیر ئەکەمەوە، یەک: نەخێر، و دووش: بۆ ئەوە بکەم؟ ئەگەر بڵێم پزیشکی ژنانم، پرسیاری ئەوە ئەکەیت کە ئایا ئەتەوێ پشکنینم بۆ بکەیت؟" (پێکەنین) بەڵام هۆکاری سەرەکی وتنی ئەوەی کە من هەڵەگیرێکم لەبەر ئەوەیە کە وایە. ئەوە کاری هەموو چارەسەرکارەکانە یارمەتی خەڵک بەن هەڵەگیری بکەن، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە دەربارەی کارە دیاریکراوەکەی من ئەوەیە کاتێک هەڵەگیری ئەکەم، تەنیا هەڵەگیری بۆ یەک کەس ناکەم. یەک کۆمەڵی تەواو لە خوێنەران فێر ئەکەم چۆن هەڵەگیری بکەن، هەر هەفتەیەکیش یەک نامە بەکارئەهێنم وەک نموونە. بیر لە هەندێک شت ئەکەمەوە وەک، "کام پێکهاتەیە ناپێویستە؟" "ئایا کەسی سەرەکی بەرەو پێشەوە ئەچێت یان بەچواردەوری خۆیا ئەسوڕێتەوە، ئایا کەسە پشتیوانیکەرەکان گرنگن یان تەنیا سەرنج بەلاڕێدابەرن؟" "ئایا خاڵەکانی پلانەکە بابەتەکە دەرئەخات؟" ئەوەشی تێبینیم کردووە ئەوەیە کە زۆربەی چیرۆکەکانی خەڵک بەچواردەوری دوو بابەتا ئەگەڕێت. یەکەمیان ئازادییە، و دووەمیشیان گۆڕانکاری. کاتێکیش هەڵەگیری ئەکەم، ئەوانە بابەتەکانن کە پێیان دەستپێئەکەم. بۆیە، با کەمێک سەیری ئازادی بکەین. چیرۆکەکانمان دەربارەی ئازادی بەم شێوەیە ئەڕوات: بەگشتی باوەڕمان وایە، کە بڕێکی ئێجگار زۆر ئازادیمان هەیە. جگە لەوەی کاتێک یەتە سەر کێشەکانی بەر دەستمان، کە ئەوکاتە، لەناکاو، هەست ئەکەین هیچمان نییە. زۆربەی چیرۆکەکانمان هەستکردنە بەوەی گیرمان خواردووە، وایە؟ هەست ئەکەین زیندانی کراوین لەلایەن خێزانەکانمان، کارەکانمان، پەیوەندییەکانمان، و ڕابردوومان. هەندێک جار تەنانەت خۆشمان زیندانی ئەکەین بە گێڕانەوەیەکی خۆسەرزەنشتکەر -- ئەزانم هەموو ئەم چیرۆکانە ئەزانن. چیرۆکی "ژیانی هەموو کەس لە هی من باشترە"، نوسراو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی. چیرۆکی "من فێڵبازێکم"، چیرۆکی "من خۆشەویست نیم" چیرۆکی "هیچ شتێک سەرناگرێت بەدەستمەوە". چیرۆکی "کە دەڵێم سڵاو سیری، و ئەویش وەڵام نایاتەوە، واتای ئەوەیە کە ڕقی لێمە". ئەزانن چۆن، هەر من نیم. ژنەکەش کە ئەو نامەیەی بۆ ناردم، هەست ئەکات گیری خواردبێت. ئەگەر لەگەڵ مێردەکەیا بمێنێتەوە، هەرگیز متمانەی پێناکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەجێیبێڵێت، منداڵەکانی دەناڵێنن. ئەفلام کارتۆنێک هەیە کە بەلای منەوە باشترین نموونەیە دەربارەی ئەوەی لەم چیرۆکانەیا ئەگوزەرێت. دەربارەی زیندانییەکە بێچارانە شیشەکان ڕائەوەشێنێت، بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە. بەڵام لەلای ڕأست و چەپەوە کراوەتەوە. شیشی پێوە نییە. زیندانییەکە زیندانی نەکراوە. ئەوە زۆربەمانین. هەست ئەکەین زیندانی کرابێتین، لەناو زیندانێکی سۆزی خۆماندا گیرمان خواردووە. بەڵام بەچواردەوری شیشەکانی ئازادیدا ناڕۆین چونکە ئەزانین شتێکی لەگەڵایە. ئازادی بەرپرسیارێتیشی لەگەڵ ئەبێت. و ئەگەر بەرپرسیارێتی هەڵگرین بۆ ڕۆڵەکەمان لە چیرۆکەکەیا، لەوانەیە پێویست بکات بگۆڕێین. ئەوەش بابەتە باوەکەی ترە کە لە چیرۆکەکانمانا ئەیبینم: گۆڕانکاری. ئەو چیرۆکانە لەمە ئەچن: کەسێک ئەڵێت، "ئەمەوێ بگۆڕێم." بەڵام بەڕاستی مەبەستیان ئەوەیە، "کەسایەتییەکی ترم ئەوێت لەو چیرۆکەی تردا." چارەسەرکارە دەروونییەکان بەم قەیرانە دەڵێن: "ئەگەر شاژنەکە ئازایەتی هەبوایە ئەبوو بە پادشا." مەبەستم ئەوەیە -- (پێکەنین) هیچ ڕێی تێناچێت، وانییە؟ بۆچی کەسایەتییە سەرەکییەکەمان ناوێت، کێ پاڵەوانی چیرۆکەکەمانە، کە ئەمانەوێ بۆی بگۆڕێت؟ لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە گۆڕانکاری، تەنانەت گۆڕانکاری ئەرێنیش، پێویستی بە بڕێکی زۆر لەدەستدانە. لەدەستدانی ئەوەی ئاشنایت پێی. تەنانەت ئەگەر ئەوەی ئاشناشی پێی بێزراوبێت یان بێچارانە بێت، هیچ نەبێت کەسایەتییەکان و ڕێکخستنەکە و پلانەکە ئەزانین، هەتا بۆ دایالۆگە دووبارە بووەکەی ناو ئەم چیرۆکەش. "هەرگیز جلەکان ناشۆیت!" "جاری پێشوو ئەمەم کرد!" "ئاه بەڕاست؟ کەی؟" شتێکی ئاسوودەکەری نامۆش هەیە لە زانینی ئەوەیا کە ڕێک بزانیت چیرۆکەکە بەرەو کوێ ئەچێت هەموو جارێک. نوسینەوەی بەشێکی نوێ سەرکێشییە بەرەو نەزانراوی. دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی سپی. و وەک هەر نوسەرێکیش پێت ئەڵێت، هیچ شتێک هێندەی لاپەڕەیەکی بەتاڵ ترسێنەر نیە. بەڵام بەم شێوەیەیە. هەر کە هەڵەگیری بۆ چیرۆکەکەمان ئەکەین، نوسینەوەی بەشی دواتر زۆر ئاسانتر ئەبێت. لە کلتوورەکەمانا زۆر باسی ئەوە ئەکەین کە بتوانین خۆمان بناسین. بەڵام بەشێکی ناسینی خۆمان ئەوەیە لە ناسینی خود بکەویت. واز لەو وەشانەی چیرۆکەکەی خۆت بێنیت کە بەردەوام بۆخۆتی ئەگێڕیتەوە بۆ ئەوەی بتوانیت ژیانت بەریتە سەر، و نەک چیرۆکەکەی کە بەردەوام بۆخۆتی ئەگێڕیتەوە دەربارەی ژیانت. بەم شێوەیەش شیشەکان تێئەپەڕێنین. بۆیە ئەمەوێ بگەڕێمەوە سەر نامەکەی ژنەکە، دەربارەی پەیوەندییەکە. لێی پرسیم کە پێویستە چی بکات. وشەیەک هەیە هەڵمواسیوە لەناو ژووری کارکردنەکەمدا: ئەڵترا کریپیداریانیزم. خوی پێدانی ئامۆژگاری یان بۆچوونی لە دەرەوەی زانین یان توانای کەسەکە. وشەیەکی مەزنە، وانییە؟ ئەتوانیت لە هەموو بوارێکدا بەکاریبێنیت، دڵنیام کە دوای ئەم وتارەی تێدیش بەکاری ئەهێنن. بەکاری ئەهێنم چونکە وەک پێدەری چارەسەری دەرونی بیرم ئەهێنێتەوە، ئەتوانم یارمەتی خەڵک بەم ئەو شتانە جیا بکەنەوە کە ئەیانەوێ بیکەن، بەڵام ناتوانم هەڵبژاردنەکانی ژیانیان بۆ بەم. تەنیا خۆت ئەتوانی چیرۆکەکەت بنوسیت، و هەموو ئەوەی ئەتەوێت چەند ئامرازێکە. کەواتە ئەوەی ئەمەوێ بیکەم ئەمەوێت بە نامەکەی ئەم ژنەیا بچینەوە، لێرەیا، وەک ڕێگایەک بۆ نیشاندانی ئەوەی چۆن ئەتوانین هەموو بە چیرۆکەکانمانا بچینەوە. و ئەمەوێ دەستپێکەم بەوەی لێتان بپرسم بیر لە چیرۆکێک بکەنەوە کە ئێستا بۆخۆتانی ئەگێڕنەوە کە لەوانەیە باش خزمەتتان نەکات. لەوانەیە دەربارەی هەلومەرجێک بێت کە پیایا تێئەپەڕیت، لەوانەیە دەربارەی کەسێک بێت لە ژیانتدا، لەوانەشە تەنانەت دەربارەی خۆتبێت. ئەشمەوێت سەیری کەسایەتییە پشتیوانیکەرەکە بکەن. ئەوانە کێن کە یارمەتیت ئەیەن وەشانە هەڵەکەی چیرۆکەکەت بمێنێتەوە؟ بۆ نمونە، ئەگەر ژنەکەی ئەو نامەیەی بۆ نوسیم بە هاوڕێکانی وتبێت چی ڕووی یاوە، لەوانەیە ئەو شتەیان پێشکەش کردبێت کە پێی ئەوترێت "بەزەیی بێمێشکانە." ئێستا، بەزەیی بێمێشکانە، لەگەڵ چیرۆکەکەیا ئەڕۆین، ئەڵێین، 'ڕاست ئەکەیت، ناڕەوایە،" کە هاوڕێیەک پێمان ئەڵێت پلەبەرزکردنەوەکەی وەرنەگرتووە، هەرچەنە ئەزانین پێشتر چەند جارێک ئەمە ڕووی یاوەتەوە چونکە خۆی زۆر هەوڵی بۆ نایات، و لەوانەشە کەلوپەلی ناو نوسینگەکەش بدزێت. (پێکەنین) ئەڵێین، "بەڵێ، ڕاست ئەکەیت، بێکەڵکە،" کە هاوڕێیەک پێمان ئەڵێت خۆشەویستەکەی لێی جیابۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەشزانین کە خۆی هەندێک هەڵسوکەوتی هەیە لەکاتی پەیوەندییە سۆزدارییەکانیا، وەک نامەناردنی بەردەوام یان گەڕان بەناو دۆڵابەکەیا، کە ئەبێتە هۆی ئەم دەرئەنجامە. کێشەکە ئەبینین، وەک ئەوەیە، ئەگەر شەڕ درووست بێت لە هەموو یانە شەوانەکەی بۆی ئەچیت، لەوانەیە هۆکارەکە خۆتبیت. (پێکەنین) بۆ ئەوەی هەڵەگیری باش بین، پێویستە بەزەیی ژیرانە پێشکەشکەین، نەک بەتەنیا بۆ هاوڕێکانمان، بەڵکو بۆ خۆشمان. ئەمەیە پێی ئەوترێت --- لەوانەیە وشە تەکنیکییەکە -- "گەیاندنی بۆمبی ڕاستی بە بەزەییانە." ئەم بۆمبە ڕاستەقینانەش بە بەزەییانەن، چونکە یارمەتیمان ئەیەن ببینین چیمان لە چیرۆکەکانا لەبیرکردووە. ڕاستییەکە ئەوەیە، نازانین ئەگەر مێردی ئەم ژنە پەیوەندی سۆزداری هەبێت، یان بۆچی ژیانی سێکسیان دوو ساڵ لەمەوبەر گۆڕاوە، یان ئەو تەلەفوونانەی درەنگانی شەو بەڕاستی هی چییە. و لەوانەشە بەهۆی مێژووی خۆیەوە بێت، کە نامەیەک ئەنوسێت دەربارەی ناپاکی کردن، بەڵام لەوانەیە شتێکی تر هەبێت کە نایەوێت بیبینم، لە نامەکەیا، یان تەنانەت خۆشی بیبینێت. وەک ئەو کەسە وایە کە رۆرشاک ئەکات هەموو ئەزانن تاقیکردنەوەی رۆرشاک چییە؟ دەروون ناسێک چەند پەڵەیەکی مرەکەبت پیشان ئەیات، لەوە ئەچن، و لێشت ئەپرسێت، "چی ئەبینیت؟" سەیری شێوە مرەکەبەکان ئەکات و ئینجا ئەڵێت، "باشە، بەدڵنیاییەوە خوێن نابینم." تاقیکەرەوەکەش ئەڵێت، "باشە، پێمبڵێ دڵنیایت لەوەی چی شتێکی تر نابینیت." لە نوسیندا، ئەمە پێی دەوترێت ڕوانگە. ئەوە چییە کە گێڕەرەوەکە نایەوێ بیبینێت؟ بۆیە، ئەمەوێ یەک نامەی ترتان بۆ بخوێنمەوە. بەم شێوەیەیە. "سڵاو چارەسەرکاری دەروونی، پێویستم بە یارمەتییە بۆ هاوسەرەکەم. بەم دواییە، هەموو شتێک بێزاری ئەکات، تەنانەت شتی بچووکیش، وەک دەنگەکەی لێمیەت کاتێک خواردن ئەجووم. بۆ نانی بەیانیان، تێبینی ئەوەم کردووە تەنانەت هەوڵ ئەیات شیری زیایە بکاتە ناو سیریلاکەکەمەوە، بۆ ئەوەی هێندە خرمەی نەیەت." (پێکەنین) "هەست ئەکەم بە ڕەخنەیە بەرامبەرم دوای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر باوکم مرد. زۆر نزیک بووم لە باوکمەوە، و ئەویش مناڵبوو کە باوکی بەجێی هێشتووە، بۆیە نەیتوانیوە هەست بەوە بکات کە من پیایا تێپەڕیم. هاوڕێیەک هەیە لە شوێنی کارەکەم کە باوکی چەند مانگێک لەمەوبەر مرد، و لە ناخۆشییەکەم تێئەگات. خۆزگە وەک چۆن قسەم لەگەڵ هاوڕێکەم ئەکرد واش قسەم لەگەڵ ژنەکەم بکردایە، بەڵام هەست ئەکەم ئێستا زۆر کەم بەرگەی من ئەگرێت. چۆن هاوسەرەکەم بەدەست بێنمەوە؟" باشە. کەواتە، ئەوەی لەوانەیە ئێوە لێی تێگەشتبێتن کە ئەمە هەمان چیرۆکەکەیە کە پێشتر بۆم گێڕانەوانێ، بەڵام لەلایەن کەسێکی ترەوە گێڕدراوەتەوە بۆم. چیرۆکی ژنەکە دەربارەی مێردەکەی بووە کە ناپاکی ئەکات، چیرۆکی پیاوەکەش دەربارەی هاوسەرەکەیەتی کە ناتوانێت لە ناخۆشییەکەی تێبگات. بەڵام ئەوەی بێوێنەیە تیایا، ئەوەیە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، ئەوەی هەردوو ئەم چیرۆکە پێمان ئەڵێت تامەزرۆییە بۆ پەیوەندی. ئەگەر لە گێڕانەوەی چیرۆکی کەسی یەکەم بێینە دەرەوە و چیرۆکەکە لە ڕوانگەی کەسایەتییەکی ترەوە بنوسینەوە، لەناکاو ئەو کەسایەتیەی تر زۆر بەسۆزتر ئەبێت، و چیرۆکەکە ئەکرێتەوە. ئەوە قورسترین هەنگاوە لە پرۆسەی پیاچوونەوەکەیا، بەڵام لەویاشایە گۆڕانکارییەکان دەستپێئەکات. چی ئەبێت ئەگەر سەیری چیرۆکەکەت بکەیت و لە ڕوانگەی بینینی کەسێکی ترەوە دوبارە بینوسیتەوە؟ ئێستا لە ڕوانگە فراوانترەکەوە چی ئەبینیت؟ لەبەر ئەوە، کاتێک ئەو خەڵکە ئەبینم کە بێتاقەتن، هەندێک جار ئەڵێم، "ئێستا تۆ باشترین کەس نیت قسەی لەگەڵکەم بۆ باسکردنی دۆخی تۆ،" چونکە بێتاقەتبووم بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو چیرۆکەکانمان ئەشێوێنێت. ڕوانگەکانمان تەسک ئەکاتەوە. هەمان شت ڕاستە کاتێک هەست بە تەنیایی یان ئازار یان ڕەتکردنەوە ئەکەین. هەموو جۆرە چیرۆکەکان دروست ئەکەین، شێواو لە ڕێگەی هاوێنەیەکی باریکەوە کە تەنانەت ناشزانین لەڕێگەی ئەوەوە سەیری شتەکان ئەکەین. و ئینجا، بەشێوەیەکی کاریگەر ئەبین بە پەخشکەری چیرۆکە ساختەکانمان. ئەبێ دان بە شتێکا بنێم. ئەو چیرۆکەی گوایە مێردەکەی نوسیوێتی و بۆم خوێندنەوە خۆم نوسیومە. باوەڕناکەن چەندێک کاتم بەسەر برد هەتا بزانم باسی سیریلاک بکەم یان خواردنێکی تر. بە پشت بەستن بە هەموو گێڕانەوەکانی تر کە دەکرا هەبن نوسیمەوە کە بەدرێژایی ساڵەکان بینیومە، نەک تەنیا لە کارکردنی خۆمدا، بەڵکو لە ستوونی نوسینەکەشمدا. کە ئەوە ڕووی یا کە دوو کەس تێوەگلاون لە هەمان دۆخدا نامەیان بۆ نوسیوم، بێ ئاگا لە یەکتری، و منیش دوو وەشانی هەمان چیرۆکم هەبێت لەناو سنوقی نامەکانمدا. ئەوە بەڕاستی ڕووی یاوە. نازانم وەشانەکەی تری نامەکەی ئەم ژنە چییە، بەڵام ئەمە ئەزانم: ئەبێ بینوسێت. چونکە بە هەڵەگیرییەکی بوێرانە، وەشانێکی تری جیاوازی ئەو نامەیە ئەنوسێتەوە کە پێشتر بۆی ناردم. تەنانەت ئەگەر مێردەکەشی هەر جۆرە پەیوەندییەکی هەبێت -- و لەوانەشە هەیبێت -- هێشتا پێویست ناکات بزانێت تەواوی چیرۆکەکە چییە. چونکە تەنیا بە هەڵەگیری کردنەکە، چەندین ئەگەری تری لەبەردەستا ئەبێت بۆ ئەوەی دەکرێت چیرۆکەکە بەچی بگات. هەندێک جار بینیومە ڕووی یاوە ئەو کەسانەی بەڕاستی گیریان خواردووە، و ماوەیەکی زۆر ئاواهی ماونەتەوە. پێیان ئەڵێین گلەییکەرەکانی یارمەتی ڕەت ئەکەنەوە. دڵنیام ئەم جۆرە کەسانە ئەناسن. ئەو کەسانەن کە کاتێک پێشنیاریان ئەخەیتە بەردەم، ڕەتی ئەکەنەوە و ئەڵێن، "ئەزانم، نەخێر، ئەوە سودی نابێت چونکە...." "ئەزانم نەخێر، ئەوە مەحاڵە، چونکە ناتوانم ئەوە بکەم." "بەڵێ، هاوڕێی زیاترم ئەوێت بەڵام خەڵک زۆر بێزارکەرن." (پێکەنین) ئەوەی بەڕاستی ڕەتی ئەکەنەوە هەڵەگیرییە بۆ چیرۆکی نەهامەتی و بێ چارەیی خۆیان. و بۆیە بۆ ئەم جۆرە کەسانە، نزیکبوونەوەیەکی جیاواز ئەگرمە بەر. و ئەوەی ئەیکەم وتنی شتێکی ترە. پێیان ئەڵێم، "هەر هەموومان ئەمرین." دڵنیام خۆشحاڵیت کە لەم کاتەیا من چارەسەرکاری دەروونیت نیم. چونکە سەیرم ئەکەنەوە بەو شێوەیەی ئێستا ئێوە سەیری منتان کردەوە، بەم تێڕوانینی سەرلێشێواوییە تەواوە. بەڵام ئینجا ڕوونی ئەکەمەوە کە چیرۆکێک هەیە دەرئەنجام دەربارەی هەر هەموومان ئەنوسرێت. پێی ئەوترێ پرسەنامە لە ڕۆژنامەدا. منیش دەڵێم لەجیاتی ئەوەی ببین بە نوسەری دڵناخۆشی خۆمان، پێویستە هەتا ئەوکاتەی لە ژیاناین ئەم چیرۆکانە چاک بکەینەوە. لە چیرۆکەکانمانا پێویستە پاڵەوانەکە بین و نەک قوربانییەکە، پێویستە ئەوە هەڵبژێرین کە لەسەر لاپەڕەکەیە کە لەناو مێشکمانا ئەمێنێتەوە و شێوەی واقیعەکە ئەکێشێت. پێیان ئەڵێم ژیان دەربارەی ئەوەیە بڕیار بەیت گوێ لە کام چیرۆکە بگریت و کامیان هەڵەگیری ئەوێت. و شایەنی ئەوەیە ئەرک بکێشیت و هەڵەگیری بۆ بکەیت چونکە هیچ شتێک نییە گرنگتر بێت بۆ جۆرێتی ژیانمان هێندەی چیرۆکەکانی کە بۆخۆمانی ئەگێڕینەوە. من دەڵێم کاتێک یەتە سەر چیرۆکەکانی ژیانی خۆمان، پێویستە هەوڵ بۆ خەڵاتی گەورەی خۆمان بەین. زۆربەمان گلەییکەری ڕەتکەرەوەی یارمەتی نین، یان هیچ نەبێت لەو باوەڕەیا نین وا بین. بەڵام ڕۆڵێکە چوونە ناوی زۆر ئاسانە کاتێک هەست ئەکەین لە مەراقا بین یان توڕەبین یان بێبەرگری بین. بۆیە جاری داهاتوو کاتێک بەدەست شتێکەوە ئەناڵێنیت، بیرت بێت، هەموومان ئەمرین. (پێکەنین) ئینجا ئامرازەکانی پیاچوونەوەت دەرکە و لەخۆت بپرسە: ئەمەوێ چیرۆکەکەم چۆن بێت؟ و ئینجا بڕۆ و شاکارەکەت بنووسەرەوە. زۆر سوپاس (چەپڵەلێدان)