لە ٢٠٠٩ەوە، جیهان گیریخواردووە بەدەست تەنیا چیرۆکێکەوە دەربارەی قەیرانێکی جیهانی خواردن کە بەڕێوەیە و پێویستە چی بکرێت بۆ ڕێگەگرتن لێی. هەتا ساڵی ٢٠٥٠ چۆن خواردن بەین بە نۆ ملیار کەس؟ هەموو کۆنگرە، و گفتوگۆ و پەخشەکان لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی بەم پرسیارە دەستپێئەکات و بەردەوام ئەبێت و وەڵامی ئەیاتەوە بە وتنی ئەوەی پێویستە لەسەدا ٧٠ خواردنی زیاتر بەرهەم بێنین. پێشبینییەکان بۆ ٢٠٥٠ دەستیکرد بە پەرەسەندن دوای ئەوەی نرخی جیهانی خۆراک بەرزترین ئاستی تۆمارکرد لە ٢٠٠٨دا. خەڵک دەیانناڵاند و لە ململانێدا بوون، حکومەتەکان و سەرکردە جیهانییەکان پێویستبوو نیشانمان بەن کە سەرنجی پێویستی پێئەیەن و کار ئەکەن بۆ چارەسەرکردنی. کێشە ئەوەیە، ٢٠٥٠ داهاتوویەکی زۆر دوورە کە تەنانەت نازانین چی ئەبێت، و لەوەش گرنگتر، ئەگەر بەردەوام بین بەم شێوەیەی ئێستا، زۆر لەوە زووتر قەیرانەکە لێمان ئەیات. پێموابێت پێویستە پرسیارێکی جیاوازتر بکەین. وەڵامی ئەو پرسیارەش پێویستە بەشێوەیەکی تر بخرێتە چوارچێوەوە. ئەگەر بتوانین چوارچێوەیەکی نوێ بەین بە پێشبینییە کۆنەکە و ژمارە نوێکان بخەینە جێگەی کە وێنەیەکی تەواوترمان ئەیاتێ، ژمارەکانی هەمووان ئەتوانن لێی تێبگەن و هەستی پێبکەن، هەموو پێکەوە ئەتوانین ڕێگە لەم قەیرانە بگرین. لە ژیانی پێشوومدا بازرگانی کەلوپەلی سەرەتایی بووم و یەکێکیش لەو شتانەی لە بازرگانیدا فێری بووم ئەوەیە کە هەموو بازاڕێک خاڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە ئەو خاڵەی تیایدا گۆڕانکارییەکان زۆر بەخێرایی ئەبن کە کار لە جیهان ئەکات و هەموو شتێک بۆ هەتا هەتایە ئەگۆڕێت. بیر لە دوایین قەیرانی دارایی بکەنەوە، یان قەیرانی بۆرسەی ئینتەرنێت. ئەمەش نیگەرانییەکەی منە. ئەکرێت خاڵێکی یەکلاکەرەوەمان هەبێت لە خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی ئەگەر خواستە بەردەوامەکە زیاتر بێت لە توانای سیستمی بەرهەمهێنانی خۆراکی کشتوکاڵی. ئەمەش واتای ئەوەیە لە خاڵێکدا دابینکردن چیتر لە ئاست خواستدا نابێت سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان، مەگەر بتوانین جۆرێک لە گۆڕانکاری پێکهاتەیی ئەنجام بدەین. ئەم جارەیان، دەربارەی بازاڕی بۆرسە و پارە نابێت. دەربارەی خەڵک ئەبێت. ئەکرێت خەڵکەکە برسی بن و حکومەتەکان شکست بهێنن. پرسیاری ئەوەی لە چی خاڵێکدا دابینکردن کێشەی ئەبێت لەوەی لە ئاست خواستەکاندا نەبێت یەکێکە لەو پرسیارانەی بووە جێگەی بایەخی من کاتێک بازرگانیم ئەکرد و بوو بە خوێکی تەواوەتی لەلام. لە بایەخەوە بوو بە خووگرتن کاتێک لەڕێگەی گەڕانەکەمەوە زانیم چەندێک سیستمەکە شکاوە و چەندێک زانیاری کەم بەکارهاتووە لەو بڕیارە یەکلاکەرەوانەدا. لەو خاڵەدا بوو بڕیارم یا دوورکەومەوە لە کارەکەم لە ۆڵ ستریت و دەست بە گەشتی کارێکی نوێگەری بکەم دەست بە زیرەکی گرۆ بکەم. لە گرۆ، تیشک ئەخەینە سەر هێنانی ئەم زانیارییە و ئەنجامدانی کاری پێویست بۆی هەتا بتوانرێت ئەنجام بدرێت، بۆ هێزدان بە بڕیاردەرەکان لە هەموو ئاستێکدا. بەڵام بەم کارە، درکیشمان بەوە کرد کە جیهان، نەک تەنیا سەرکردەکانی جیهان، بەڵکو بزنسەکان و دانیشتووانەکانیش هەروەک هەموو یەکێکی ئەم ژوورە، ڕێبەرییەکیان نەبوو لەسەری بڕۆن کە چۆن بتوانین ڕێگە بگرین لە قەیرانی خۆراکە جیهانییەکەی بەڕێوەیە. بۆیە مۆدێلێکمان بنیاتنا، ئەو هەموو زانیارییەمان بەکارهێنا کە لەبەردەستماندا بوو، و چارەسەرمان دۆزییەوە بۆ خاڵی یەکلاکەرەوە. کەس نازانێت کارمان لەسەر ئەم کێشەیە کردووە و ئەمە یەکەمجارە دۆزینەوەکەمان ئاشکرا ئەکەم. بۆمان دەرکەوت کە خاڵی یەکلاکەرەوە دوای دە ساڵ ئەبێت. بۆمان دەرکەوت جیهان ٢١٤ تریلیۆن کالۆری خۆراکی کەمی ئەبێت هەتا ٢٠٢٧. ئەم جیهانە لە ئاستێکدا نییە بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. ئێستا، تێبینی ئەکەن شێوازی باسکردنم بۆ ئەم مەسەلەیە جیاوازە لە سەرەتای دەستپێکردنم، و ئەوەش بە مەبەست بوو، چونکە هەتا ئێستا ئەم کێشەیە بە بەکارهێنانی کێش پێوانەیی بۆ کراوە: بە کیلۆ، تەن، هێکتۆگرام، هەر یەکەیەکی کێش کە بتەوێ بەکاریبێنیت. بۆچی بە کێش باسی خواردن ئەکەین؟ چونکە ئاسانە بۆمان. ئەتوانین سەیری وێنەیەک بکەین و بزانین کەشتییەک چەند تەنی لەسەرە بە بەکارهێنانی ژمێریارێکی سادە. ئەتوانین بارهەڵگرەکان، فڕۆکەکان و عەرەبانەکانیش بکێشین. بەڵام ئەوەی لە خۆراکدا گرنگە بەلامانەوە بەهای خۆراکییە. هەموو خواردنەکانی بەرهەمدێن وەک یەکتر نین، تەنانەت ئەگەر هەمان کێش بن. ئەمە ئەوکاتە فێری بووم کاتێک لە ئەسیوبیاوە هاتم بۆ زانکۆ بۆ ئەمریکا. لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ نیشتیمان، باوکم، کە زۆر دڵخۆشبوو بە بینینم، بەخێرهاتنەوەی کردم و لێی پرسیم بۆچی قەڵەو بووم. دەرکەوت کە بە نزیکەیی هەمان ئەو بڕە خۆراکەم خواردبوو کە لە ئەسیوبیا ئەمخوارد، بەڵام لە ئەمریکا، بووە هۆی ئەوەی کەمێک پڕی بات بە لەشم. لەبەر ئەوە پێویستە بایەخ بە کالۆری بەین، نەک کێش. ئەوە کالۆرییەکانە ڕامان ئەگرێت. کەواتە ٢١٤ ترلیۆن کالۆری ژمارەیەکی زۆر گەورەیە، و تەنانەت ئەوانەشمان کە زۆر خۆمان تەرخانکردووە بیر لەو سەدان ترلیۆن کالۆرییە ناکەینەوە. کەواتە با بەشێوەیەکی جیاواز ئەمەتان بۆ بخەمە ڕوو. شێوازێکی تر بۆ بیرکردنەوە لەمە بیرکردنەوەیە لێی وەک هەمبەرگرێکی گەورە. دووسەد و چواردە کالۆری. هەمبەرگرێکی گەورە ٥٦٣ کالۆری تێدایە. ئەوەش واتای ئەوەیە هەتا ٢٠٢٧ جیهان کورتهێنانی ٣٧٩ ملیار هەمبەرگری ئەبێت. ئەوە زۆر لەو بڕە زیاترە کە هەتا ئێستا ماکدۆناڵد توانیوێتی بەرهەمی بهێنێت. کەواتە هەر لە سەرەتاوە چۆن گەشتینە ئەم ژمارانە؟ ژمارەی دروستکراو نین. ئەم نەخشەیە نیشانت ئەیات ٤٠ ساڵ لەمەوبەر جیهان لەکوێدا بووە. نیشانت ئەیات پێویستی و بەکارهێنانی کالۆری لە وڵاتەکاندا چۆن بووە. بە سادەیی بیخەینە ڕوو، ئەمە کالۆرییەکانە کە بەکاردێن لەو وڵاتە کالۆرییەکانی لێدەرکەیت کە بەرهەمدەهێنرێت لە هەمان وڵات. ئەمە وتارێک نییە لەسەر بەدخۆراکی یان هەر شتێکی تر. تەنیا باسکردنی ئەوەیە کە لە ساڵێکدا چەندێک کالۆری بەکاردێت ئەو بڕەی لێدەرکەیت کە بەرهەمدێت. وڵاتە شینەکان هەناردەکەری کالۆرین، یان بەشی خۆیان هەیە. هەڵگیراویان هەیە بۆ ڕۆژی پێویست. وڵاتە سورەکان هاوردەکەری کالۆرین. هەتا سورەکە تۆختر بێت، زیاتر هاوردە ئەکەیت. ٤٠ ساڵێک لەمەوبەر، ئەو وڵاتە کەمانە هەناردەکەری کالۆری بوون، ئەمتوانی بە دەستێک بیانژمێرم. زۆربەی کیشوەری ئەفریقا، ئەوروپا، زۆربەی ئاسیا، ئەمریکای باشور جگە لە ئەرجەنتین، هەمویان هاوردەکەری کالۆری بوون. ئەوەشی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە چین خۆراکی پێویستی بەشی خۆی هەبوو. هیندستان هاوردەکەرێکی گەورەی کالۆری بوو. ٤٠ ساڵ دواتر، ئەمە ئەمڕۆیە. ئەبینیت چۆن گۆڕانێکی گەورە ڕوویداوە لە جیهاندا. بەڕازیل وەک زلهێزێکی کشتوکاڵ دەرچووە. ئەوروپا زاڵە لە کشتوکاڵی جیهاندا. هیندستان لە سورەوە بووە بە شین. خۆراکی بەشی خۆی هەیە. چینیش لەو شینە کاڵەوە بووە بە تۆخترین سور لەسەر ئەم نەخشەیە بیبینیت. چۆن گەشتینە ئێرە؟ چی ڕوویدا؟ ئەم خشتەیە هیندستان و ئەفریقات نیشان ئەیات. هێڵی شین هیندستانە، هێڵی سور ئەفریقا. چۆن دوو ناوچە کە وەک یەکتر دەستیان پێکرد لە خاڵێ هاوشێوەوە بە ڕێگایەکی تەواو جیاوازدا ڕۆشتن؟ هیندستان شۆڕشی سەوزی هەبوو. هیچ وڵاتێکی ئەفریقی شۆڕشێکی سەوزی نەبووە. دەرئەنجامی کۆتایی؟ هیندستان خواردنی پێویستی هەیە و لە دەیەی ڕابردوودا کالۆریشی هەناردەی دەرەوە کردووە. ئێستا کیشوەری ئەفریقا ساڵانە ٣٠٠ ترلیۆن کالۆری هاوردە ئەکات. ئینجا چینیش زیاد ئەکەین، هێڵە سەوزەکە. گۆڕانکارییەکەتان بیرە لە شینەوە بۆ سوورێکی تۆخ؟ چی ڕوویدا و کەی ڕوویدا؟ لەوە ئەچوو چین لەسەر ڕێگایەکی هاوشێوەی هیندستان بێت هەتا دەستپێکی سەدەی ٢١، کاتێک لەناکاو گۆڕا. دانیشتوانێکی گەنج کە لە گەشەکردندا بوون لەگەڵ گەشەسەندنێکی ئابوری بەرچاودا بە تەقینەوەیەکی گەورە جێدەستی خۆی بەجێهێشت و هیچ کەسێک لە بازاڕەکاندا هاتنی نەبینی. ئەم گۆڕانکارییە هەموو شتێک بوو لە بازاڕە جیهانییەکانی کشتوکاڵیدا. خۆشبەختانە ئێستا، ئەمریکای باشوور دەستیکرد بە گەشەسەندن لەگەڵ بەرزبوونەوەی پێویستی خۆراکی چین، بۆیە دابینکردن و پێویستی هێشتا بەجۆرێک هاوسەنگ بوون. کەواتە پرسیارەکە بوو بەوەی، لێرەوە بۆ کوێ ئەچین؟ بەشێوەیەکی سەیر، چیرۆکێکی نوێ نییە، جگە لەوەی ئەمجارە تەنیا چیرۆکی چین نییە. بەردەوامیپێدانی چینە، زیاتربوونی پێویستی ئەفریقا و پێچەوانەبوون لە هیندستان. هەتا ٢٠٢٣، چاوەڕێ ئەکرێت ژمارەی دانیشتووانی ئەفریقا لە هی هیندستان و چین زیاتربێت. هەتا ٢٠٢٣، ئەم سێ ناوچەیە پێکەوە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن. ئەم خاڵە یەکتربڕانە دەست ئەکەن بە نیشاندانی ململانێی سەرنجڕاکێش بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی. چەند ساڵێکیش دواتر، ئەو ڕاستییە زۆر بە قورسی لێمان ئەیات. ١٠ ساڵی تر جیهان چی لێیەت؟ هەتا ئێستا، وەک باسم کرد، هیندستان خۆراکی پێویستی هەبووە. زۆربەی پێشبینیکەران پێیان وایە ئەمە بەردەوام ئەبێت. ئێمە هاوڕا نین. بەم نزیکانە هیندستان ئەبێت بە هاوردەکەری کالۆری. ئەمە بەهۆی ئەو ڕاستیانەوە ئەبێت کە خواستی خۆراک گەشە ئەکات لە ڕوانگەی گەشەکردنی ژمارەی دانیشتوانەوە لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری. هەردووکیان پاڵنەر ئەبن. تەنانەت ئەگەر گریمانەی گەشبینانەشت هەبێت بۆ گەشەسەندنی دانیشتووان، ئەو گۆڕانکارییە بچووکە درووست ئەکات. ئەو گۆڕانکارییە بچووکە دەکرێت کاریگەری گەورەی هەبێت. دواتر، ئەفریقا بەردەوام ئەبێت لە هاوردەکردنی کالۆری، دووبارە بەهۆی گەشەسەندنی دانیشتووان و گەشەسەندنی ئابوورییەوە. ئەمە ئەگەر وایدانێین کە ئاستی بەرهەمهێنان گەشبینانە بێت. ئینجا چین، کە گەشەکردنی دانیشتووانی خەریکە کەم ئەبێتەوە، بەکارهێنانی کالۆری زیاد ئەکات چونکە جۆری کالۆرییەکانی دەخورێت خەریکە دەبن بەو خۆراکانەی کە بڕێکی زۆر کالۆریان تێدایە. بۆیە، ئەم سێ ناوچەیە پێکەوە دەبن بە ململانێیەکی سەرنجڕاکێش بۆ جیهان. هەتا ئێستا، وڵاتەکانی کورتهێنانی کالۆریان هەبووە توانیویانە ئەو کورتهێنانانە پڕ بکەنەوە بە هاوردەکردن لەو ناوچانەی لێیان زیادە. بە ناوچەکانی لێیان زیادە، من باسی ئەمریکای باکور، ئەمریکای باشور و ئەوروپا ئەکەم. ئەم خشتەیەی ئێرە نیشانی ئەیات گەشەکردنەکە و گەشەکردنەکەی پێشبینی ئەکرێت لە دە ساڵی داهاتوی بەرهەمهێناندا لە ئەمریکای باکور، ئەمریکای باشوور و ئەوروپا. ئەوەی نیشانتان نایات ئەوەیە کە زۆربەی ئەم گەشەکردنە لە ڕاستیدا لە ئەمریکای باشوورەوە ئەبێت. زۆربەی ئەم گەشەکردنەش لە بەرامبەر باجی گەورەی سڕینەوەی دارستانەکاندا ئەبێت. بۆیە کاتێکیش سەیری زیادبوونی خواستەکان ئەکەیت کە لە هیندستان، چین و کیشوەری ئەفریقاوە یەت، و سەیریکە بەرامبەر تەواوی زیادبوونی بەرهەمهێنانەکەی لە هیندستان، چین، کیشوەری ئەفریقا، ئەمریکای باکور، ئەمریکای باشوور و ئەوروپاوە یەت، ئەبینیت کورتهێنانی ٢١٤ ترلیۆن کالۆریمان ئەبێت، ئەوەی پێمان بەرهەم ناهێنرێت. ئەمەش ئەگەر وایدانێین هەموو کالۆرییە زیادەکەی بەرهەمدێت لە ئەمریکای باکور، ئەمریکای باشوور و ئەوروپاوە تەنیا بنێردرێت بۆ هیندستان، چین و ئەفریقا. ئەوەی نیشانمدان پێشبینی جیهانێکی مەحاڵە. ئەتوانین شتێک بکەین بۆ گۆڕینی ئەوە. ئەتوانین شێوەی بەکارهێنان بگۆڕین، ئەتوانین بەهەدەردانی خۆراک کەمکەینەوە، یان ئەشتوانین خۆتەرخانکردنێکی ئازایانە بکەین بۆ ئەوەی بەردەوام بەرهەمهێنان زیاد بکرێت. ناچمە ناو تاوتوێکردنی گۆڕینی شێوەی بەکارهێنان یان کەمکردنەوەی بەهەدەردانی خۆراک، چونکە ئەو گفتوگۆیانە ماوەیەک ئەبێت بەردەوامییان هەیە. هیچ ڕووینەداوە. هیچ ڕووینەداوە چونکە ئەو مشتومڕانە داوا لە ناوچە هەناردەکەرەکان ئەکات هەڵسوکەوتیان بگۆڕن لەجیاتی ناوچەکانی کورتهێنانیان هەیە. چاوەڕێکردنی کەسانی تر هەڵسوکەوتی خۆیان بگۆڕن لەجیاتی خۆت، بۆ ڕزگاربوونت، بیرۆکەیەکی خراپە. نابەرهەمهێنە. بۆیە ئەمەوێ پێشنیاری ڕێگایەکی تر بکەم لەلایەن ناوچە سوورەکانەوە. چین، هیندستان، ئەفریقا. چین کێشەی ئەوەی هەیە چەندێک زەوی تری پێ دابین ئەکرێت بۆ کشتوکاڵی، و کێشەی دابینکردنی ئاوی پێویستی هەیە. بۆیە وەڵامەکە لە هیندستان و ئەفریقایە. هیندستان توانیوێتی زیادبوونێکی بەرچاو بەدیبێنێت لە ئاستی بەرهەمهێناندا. ئەمە بۆشاییەکە لە نێوان بەرهەمهێنانی ئێستای و کۆی تەواوی بەرهەمهێنانەکەی کە ئەتوانێت پێیبگات. هەندێک ناوچەی نەکێڵدراوی ماوە، بەڵام هێندە زۆر نییە، هیندستان زەوی کەمی هەیە. ئێستا، کیشوەری ئەفریقا، لەلایەکی ترەوە، ڕووبەرێکی فراوانی زەوی ماوە و توانایەکی شاردراوەی زۆری هەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان. بەم وێنەیە ڕوونکراوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سەیری بەرهەمی گەنمەشامی خوار دارستانی سەحارای ئەفریقا بکەیت، لە هەمان ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵی ١٩٤٠ی ئەمریکای باکوورن. پێشبینی ٧٠ ساڵی ترمان نییە بۆ زانینی دەرئەنجامەکەی، بۆیە واتای ئەوەیە پێویستە شتێکی نوێ تاقیکەینەوە و پێویستە شتێکی جیاواز تاقیکەینەوە. چارەسەرەکە بە چاکسازی دەستپێئەکات. پێویستە دەستکەین بە چاکسازی و بە بازرگانیکردنی پیشەسازییە کشتوکاڵییەکان لە ئەفریقا و هیندستان. ئێستا، بە بەبازرگانیکردن -- بەبازرگانیکردن تەنیا دەربارەی بەبازرگانیکردنی کێڵگەکان نییە. بەبازرگانیکردن دەربارەی بەکارهێنانی زانیارییەکانیشە بۆ درووستکردنی پەیڕەوی باشتر، بۆ باشترکردنی پێکهاتەی بناغەیی، بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و بە تەواوەتی چاکسازیکردنی پیشەسازییەکانی بانقی و بیمە. بەبازرگانیکردن دەربارەی بردنی کشتوکاڵیکردنە لە کارێکی مەترسیدارەوە بۆ کارێک بتوانیت پارەی پێ پەیدا بکەیت. بەبازرگانیکردن تەنیا دەربارەی جووتیارەکان نییە. بەبازرگانیکردن دەربارەی تەواوی سیستمی کشتوکاڵییە. بەڵام بەبازرگانیکردن هەروەها بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکانیش دێت کە ناتوانین چیتر بەتەنیا بارگرانی گەشەکردنەکە لەسەر پێوەری بچووک بخەینە سەر شانی جوتیارەکان، قبوڵکردنی ئەوەی کە کێڵگە بازرگانییەکان و ناساندنی کێڵگەی بازرگانی دەکرێت ئابوورییەکی دیاریکراو بەدیبێنێت کە تەنانەت جووتیارە بچووکەکانیش بتوانن قازانجی لێببینن. دەربارەی کشتوکاڵی بچووک یان کشتوکاڵی بازرگانی نییە، یان کشتوکاڵی گەورە. ئەتوانین یەکەمین مۆدێلە سەرکەوتووەکانی پێکەوەبوون و سەرکەوتن درووست بکەین بۆ کشتوکاڵی بچووک لەگەڵ کشتوکاڵی بازرگانی. ئەمە لەبەر ئەوەی، بۆ یەکەمین جار، یەکەمین ئامرازی یەکلاکەرەوە بۆ سەرکەوتنی پیشەسازییەکە -- زانیاری و داتا -- هەتا یەت هەرزانتر ئەبێت. بەم نزیکانەش، گرنگ نییە چەندێک پارەت هەیە یان چەندێک گەورەیت بۆ ئەوەی بڕیاری گرنگ بەیت و ئەگەرەکانی سەرکەوتن زیاد بکەیت بۆ گەشتن بە ئامانجەکەی مەبەستتە. کۆمپانیاکانی وەک گرۆ هەوڵی زۆر ئەیەن هەتا ئەمە بکەن بە ڕاستی. بۆیە ئەگەر بتوانین خۆمان بۆ ئەمە تەرخانکەین، دەستپێکێکی ئازایانە، بۆ ئەم گۆڕانکارییە تازە و ئازایانەیە، نەک تەنیا ئەتوانین ئەو بۆشاییە ٢١٤ ترلینیۆنییە چارەسەرکەین کە باسمکرد، بەڵکو ئەشتوانین جیهان بخەینە سەر ڕێچکەیەکی نوێ. ئەکرێت هیندستان بەشی خۆی خواردنی هەبێت و ئەشکرێت ئەفریقا وەک ناوچە شینە تۆخە نوێکەی جیهان دەرکەون. پرسیارە تازەکە ئەوەیە، چۆن بتوانین ٢١٤ ترلیۆن کالۆری بەرهەم بهێنین بۆ خۆراکی ٨.٣ ملیار کەس هەتا ٢٠٢٧؟ چارەسەرەکەمان هەیە. پێویستە کاری لەسەر بکەین. زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)