لە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، ڕۆژی هالۆوین بوو لێرە، لە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، ڕۆژی هالۆوین بوو لێرە، ئەوکاتە، تەنیا دایک و باوکم، براکەم، و خوشکەکەم بوون. ساڵێک و سێ ڕۆژ دواتر، من لەدایکبووم. پێموانییە یەکسەر ئەوە ڕوون بووبێت کە من کەمێک جیاوازیم هەیە. بەڵام ئەوکاتەی چوار ساڵ بووم، کەمبوونی توانای سەرنجدانم دەرکەوت. وەڵامی خەڵکم نەئەیایەوە، پێدەچوو فەرامۆشیان بکەم. ئەوەنە دایکم نیگەرانی ئەوە بوو کە کەمێک بیستنم کەم بێت چوارسەد دۆلاری خەرجکرد لە پشکنینێکی بیستنی گرانبەها. بە سەرکەوتوویی لێیدەرچووم، و هەرگیز کۆتاییەکەیم نەبیست. نەتوانینم بۆ تیشک خستنە سەر هیچ شتێک بۆ هەر ماوەیەکی دیاریکراو، لەبیرچوونەوەکانم، و نەبوونی تەواوەتیم بۆ ڕێکخستنی شتەکان شتێکە زۆر نائاسایی بوو. هەمووکات قەڵەمەکانم لێ ون دەبوو، قەت ئەرکەکانی قوتابخانەم نەدەبرد، تەنانەت کە دەشمبرد، هەموو کات چاکەتەکەمم بیردەچوو، کە زۆربەی جارەکان نەدەدۆزرایەوە. نەمدەتوانی بەهێمنی دانیشم، و کە داشدەنیشتم، قسەم دەکرد. ئەوەندە قسەم دەکرد تەنانەت کاتێکیش کە قسەم نەدەکرد، مامۆستاکانم هەر پێیان دەوتم بێدەنگ بم چونکە وایان دەزانی قسە ئەکەم. مامۆستاکەی پۆلی سێم خستمییە سوچەکەی خۆمەوە لە پۆلەکەدا دوور لە هەمووان بۆ ئەوەی ڕێگری بگرێت لە قسەکردنم. ڕاستییەکەی ئەوەی ڕووی یا ئەوەبوو کە هاوارم ئەکرد بە پۆلەکەیا. خەوێکی ناخۆش بووم بۆیان. بەدرێژایی ئەم کاتانەش لەهەمووان زیاتر ئەرکەکانم بەجێنەئەگەیاند. هەمووکات زیاتر لە هەر یەکێکی تر. پۆلی چوار خاڵی وەچەرخان بوو. دایکم کاری ئەکرد بۆ ئەوەی ببێت بە مامۆستا، و لەڕێگەی ئەمەوە، لەگەڵ ئەو منداڵانەیا کاریدەکرد کە دەستنیشانکرابوون بە نەخۆشی ماخۆلان و کەم سەرنجی. ئینجا دەستیکرد بە درککردن بەوەی ئەم منداڵانە نامۆ نین بۆی. کێشەکانیان هەمان ئەو جۆرە کێشەیەی من بووە. هەتا مانگی نیسانی پۆلی چوارم، چومە لای چارەسەرکارێکی دەروونی و دەستنیشانکرام بە ماخۆلانی و کەمی سەرنج، بە وردی، سێ شت دەگرێتەوە: هەڵچوون. بەچالاکی لەڕادەبەدەر، و کەم سەرنجی. هەڵچوون - بەڵێ لەبەر ئەوە بووە یەکسەر ئەوەم دەرپەڕاندووە کە لە مێشکما بووە و لە پۆلدا قسەم کردووە. چالاکی لەڕادەبەدەر -- دایمە بێ ئۆقرە بووم بە ڕادەیەکم هەموو ئەوانەی چواردەورمم بێزارکردبوو. کەم سەرنجی، هەرچەندە ڕێگایەکی خراپە بۆ وەسفکردنی. ڕاستییەکەی، مێشکم زۆر بەخێرایی لە یەک شتەوە ئەچێ بۆ شتێکی تر هەتا شتێک بە تەواوەتی سەرنجم ڕائەکێشێت و نوقمم ئەکات لە خۆیدا و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی زۆر کورت خووی پێوە بگرم. ئەمە بەرپرسیارە لە زۆرێک لە لەبیرچوونەوەکانم. بە باشی شتم بیر ئەکەوێتەوە، تەنیا کاتێک سەرنج ئەیەم، و ئەوەش زۆر ڕوونایات. هەروەها بەرپرسیارە لە زۆر ئەزموونی ژیانم. هەموو وەرزشەکانم تاقیکردووەتەوە، تەنانەت بەیسبۆڵیش، کە بیرۆکەیەکی خراپ بوو، ناکرێت مناڵێک ماخۆلانی هەبێت و پێی بڵێی لە شوێنێکی یاریگادا بووەستێ. دروستکردنی ڕۆبۆتم تاقیکردەوە. چەند ئامێرێکی کەمم تاقیکردەوە و هەموو ئەمانە شکستی گەورە بوون. ویستم بچمە دروستکردنی کارتۆنەوە کە ڕاستییەکەی باشیش بووم تیایدا، بەڵام ئینجا ویستم فێری وێنەکێشان بم، قەت فێری نەبووم و ئێستا حەزەکەم نەماوە. ویستم خۆم فێری پرۆگرامکردنی کۆمپیتەر بکەم. ئەوەش لە کۆتایی ڕۆژەکەیا بێزارکەر بوو. ئەمەوێ بڵێم بەردەوام لە شتێکەوە ئەچوومە سەر شتێکی تر. بۆ چارەسەرکردنی ئەم نیشانانەم، و ڕزگارکردنی ناوبانگی دایکم و باوکم بەوەی توانیویانە مناڵەکەیان پەروەردەکەن، دەرمانم پێدرا. ئەمە لەوانەیە بە کاریگەرترین ڕووداوی هەموو ژیانم بووبێت. لە سەرەتادا، زۆر سەرسوڕهێنەر بوو. لە پۆلی پێنج بووم، خوێندکارێکی نمونەیی بووم. نەک تەنیا ئەرکەکانم بەجێئەگەیاند، بە خێراییش ئەمکرد، ئینجا یارمەتی هاوڕێاکانیشم ئەیا، و بۆخۆمان یاریمان ئەکرد لەکاتێکدا هەموو ئەوانەی تر هەر خەریک بوون. خۆشترین بەشی ئەوە بوو کە مامۆستای پۆلی سێکەم کە لە سوچەکە دایئەنیشاندم، مامۆستای پۆلی پێنجیشم بوو. باوەڕناکەن چەندێک سەریلێشێوابوو. ئەمە لە پۆلی شەشیشدا بەردەوامبوو. هێشتا کەسێکی ڕێکخراوبووم، لە لوتکەی توانای خۆمدا بووم، نمرەکانم باشترین بوون و هەموو شتێک زۆر باشبوو. بەڵام کە چوومە پۆلی حەوت، بڕی دەرمانەکەی ئەمخوارد زیاتر کرا بۆم چونکە وا بیردەکرایەوە پێویستم پێیەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فشارە زۆربووەکەی قوتابخانەی ناوەندییا. ئەمە شتێکی بەتەوسە چونکە لە دواناوەندیدا فشارە ڕاستەقینەکە لە هاوڕێکانتەوەیە، شتێکە کە بۆ من، بڕە دەرمانە زیادکراوەکە زیانی پێگەیاند. هەر لە ناکاو، واملێهات تێکەڵی خەڵک نەدەبووم. بووم بە کەسێکی دوورەپەرێز. من نەخۆشی ماخۆلانی و کەمی سەرنج بە بەشێکی کەسایەتیم دەزانم، چۆن وا سەیری ناکەم لەکاتێکدا هەموو ژیانم بەسەربردووە لەگەڵی؟ بڕە زیاترەکەی دەرمانەکە ئەوەی لێبردم. لەهەموی خراپتر، نەم ئەتوانی هیچ بخۆم کاتێک لەسەر دەرمانەکە بووم. کوڕێکی زۆر لاواز بووم و دایکم هەر ئەیویست واملێکا شت بخۆم، و هەموو ڕۆژێک، نانی نیوەڕۆی بۆ ئەپێچامەوە و چارەنوسی تەنەکەخۆڵ ئەبوو. کاتێک پێم ئەوت ئەوکاتانەی دەرمانەکە وەر ئەگرم، خواردنەکە هیچ دڵم نایبات، کۆکراوەی وەڵامەکەی ئەمە بوو: هەرچییەک کردووە پێویستە بیخۆیت. هیچ شتێکی تری ئەوتۆ نەبوو کە بتوانرێ بوترێت. لە وەڵامدا بۆ هەموو ئەمانە، واملێکرد ماوەیەک دەرمانم دەخوارد و ماوەیەک نەمدەخوارد، و ئیتر ئاشکرا بوو. بیرۆکەیەکتان بەمێ لەسەری، هەر لە لۆس ئانجلیس، تیپێکی هۆکی سەهۆڵ هەیە، لۆس ئانجلس کینگس. چووم بۆ یارییەکیان و زۆر بە جۆش و خرۆش بووم بۆی. هەر جارێک شتێک ڕووی ئەیا هەڵئەسام بازم ئەیا و هاوارم ئەکرد. کامێرای سەماکردنەکە تێپەڕی، و بۆ ئەوەی دڵنیابم دەر ئەکەوم تیایا، کراسەکەمم دانا و لەسەر سەرمەوە ڕاموەشاند، بێگومان لەسەر کامێراکە دەرکەوتم. جاری داهاتوو کە چووم بۆ یارییەکەی کینگس، پێش ئەوە دەرمانەکەمم وەرگرتبوو بۆ ئەوەی تیشک بخەمە سەر ئەرکەکانم. کە ڕۆشتم، سەمام نەکرد، کەمێک هەڵدەستام کاتێک کینگس گۆڵی تۆماردەکرد. کەسەکانی لەگەڵیان ڕۆشتم زۆر نائومێد بوون چونکە دەیانویست بەو جۆرە وزەیەی پێشترمەوە بمبینن. بە دەرمانەکەوە، نەمدەتوانی وا لەخۆم بکەم ئەو کارانەی پێشتر بکەم. هەستم دەکرد ئەوانە ناکامڵ و لە خوار خۆمەوە بن. مامۆستاکان پێیان دەوت ڕەفتاری نمونەیی. دادەنیشتم و بێدەنگ دەبووم، و قەت کەسم بێزار نەئەکرد. ئەمە پێکدادانێکی گرنگە کە زۆر منداڵانی ماخۆلان و کەم سەرنجی توشی ئەبن. یان ئەتوانی نمرەی باشتر بەدەست بێنیت و بەشێکی خۆت لەدەست بەیت، یان وەک خۆت بمێنیتەوە و بە نمرەی نزم لە خاچت بەن لەسەری و لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ڕەفتاری ئاساییت بە بێزارکەر ئەزانن. هەر کە بە تەواوەتی وازم لە دەرمان هێنا، یەکسەر لەخاچ درام. نمرەکانم دابەزین. خەڵک بێزار ئەبوون پێم. هاوڕێکانم و خێزانەکەم کە ئەیانزانی ئەو شتەم هەیە بە گاڵتەوە باسیان ئەکرد. پێموابێت دەیانویست شتێکم بەنێ بۆ ئەوەی بەسەریا بهێنمەوە، بەڵام لە بەها کەمکەرەوە بوو. پێمباشترە خۆم بەرپرسیارێتی هەڵەکانم بگرمە ئەستۆ، نەک نەخۆشییەک. ئەگەرنا، تەنیا ئەبێت بە ڕێگایەک بۆ نائومێدکردنم، پێمبڵێن خۆم هەر ناتوانم ئەم شتانە بکەم چونکە کەسێکی ئاسایی نیم. ئەمە پۆلی هەشتە، بەڵام ژیان زۆر جیاوازتر بوو لە پۆلی شەشی خۆم، و ئینجا بیرمکردەوە لەوەی ئایا بەڕاستی کەسێکی زیرەکم یان ئایا دەرمانەکە سەراوێکی درووستکردووە بۆم. بڕوا بەخۆبوونم تێکشکا و زۆر توڕە و دڵگران بووم، پێش هەموو کەس لەخۆم. چیتر باوەڕم بە خۆم نەما، بۆ ئەوەی ئەو شتانە بکەم کە پێشتر پێموابوو پێم ئەکرێت. و ئینجا گەشتمە ساڵی یەکەمی خوێندنی ئامادەیی کەسێک نەبووم ئامادەبم ڕووبەڕووی ململانێ نوێکان ببمەوە. پێشتر لێمدرابوو بەدەرگاکەیا چوومە ژوورەوە. بۆ من، هەمووی بەهۆی زیادکردنی دەرمانەکانەوە بوو. ئێستا بەهەڵە لێمتێمەگەن. بەراورد بە چەند کەسێکی تری کە دەرمانیان وەرگرتووە، ئاسان بوو بۆم، هەرچەندە زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەرمان وەردەگرن هیچ کێشەیان نییە. هەندێک منداڵ بەهۆی دەرمانبڕانەوە دەناڵێنن لە پشووی هاویندا، کاریگەری خراپی دەبێ لەسەریان. لەشییان هەمووی دەلەرزێت. منداڵێک ئەناسم دوو ڕۆژ دوای وەرگرتنی دەرمانەکە هیچ نەنوستبوو. لەبارەی منداڵێکەوە بیستبووم، کەسێک کە دایکم لە قوتابخانەکەیەوە ئەیناسی، بیری لەخۆکوشتن کردبووەوە دوای وەرگرتنی دەرمان بۆ یەکەم جاری. نابێت ئەو شتە ڕووبدات. ئەو کەسانەی ماخۆلان و کەمی سەرنجیان هەیە زۆر شتیان هەیە فێری بن لەبارەی خۆیانەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە، و ئەوەش پرۆسەیەکی دورودرێژە. لە ئێستایا بەپێی ئەوەی بینیومە، تەنیا چارەسەری کە سوودی هەبووبێت دەرمانە، و ئەگەر ئەوە سوودی نەبێت، ئیتر پێویستە خۆت چارەسەرێک بۆخۆت بدۆزیتەوە. و بێگومان، منیش تێئەگەم، زۆر کەس باش ئەبن بە دەرمانەکە. کاریگەری لاوەکییان نابێت کە کاربکاتە سەر ژیانیان و ڕێگەیان پێ ئەیات چییان ئەوێت لە ژیانیانا بیکەن. بەڵام ئەوە بۆ هەموو کەس نییە. و فشارە دەروونییەکە، و فشارە ئاساییەکە، و نیگەرانییەکانی درووست ئەبێت لەگەڵ ماخۆلانیدا نەک تەنیا بۆ ئەو کەسەی نەخۆشییەکەی هەیە بەڵکو بۆ کەسەکانی چواردەوریشی؟ ئەوە زۆر قورسە. شتێکی بە ڕێکەوت نییە کاتێک توێژەرەوەکانی سوید سەیری داتابەیسی وڵاتەکەیان کرد، و سەیری ڕێژەی خۆکوشتنیان کرد لە نێو ئەو کەسانەی ماخۆلانیان هەیە و ئەوانەشی نییانە، ئەوانەی ماخۆلانیان هەبوو دە هێندە ئەگەری خۆکوشتنیان زیاتربوو، لە سەدا ٠.٢ بەراورد بە لەسەدا ٠.٠٢. لە سەدا ١.٣ی کەسەکانی ماخۆلانیان نییە هەوڵی خۆکوشتنیان یاوە، بۆ ئەوانەی ماخۆلانیان هەبووە، ئەو ژمارەیە لە سەدا ٩.٤ بووە نزیکەی ١ لە ١٠ کەس. خێزانی ئەوانەی ماخۆلانیشیان هەیە هەر لە مەترسیدان. بەراورد بە، دووبارە، لەسەدا ٠.٠٢ بۆ خەڵک بە گشتی، دایک و باوکەکانیان ڕێژەی خۆکوشتنیان لە سەدا ٠.٧ بوو. خوشک و براکانیشیان هەمان ڕێژەی خۆکوشتنیان هەبوو بەڕێژەی %٠.٢ بە هەبوونی ئامارێکی لەو جۆرە، چۆن دەکرێت دەرمان بەس بێت بۆ هەموو ئەوانەی ماخۆلانی و کەمی سەرنجیان هەیە؟ بێگومان، سەرەڕای ئەو هەموو کەسەی باشن تەنیا بە دەرمان، هێشتا کێشەیەکی گەورە هەیە بۆ ئەو کەسانەی نییانە و لەبەر هەر هۆیەک بێت دەرمان شتێک نییە یارمەتییان بات. ئەو کەسانەی فشارە دەروونییە زۆرەکە ئەبینن کە تووشی کەسە نزیکەکانی خۆیانی ئەکەن، و پێناچێت بتوانن بووەستن لەو هەڵە زۆرانەی ئەیکەن. سەریشتان ئەسوڕمێت لەوەی کە ژمارەیان چەندێکە. خەمڵێنراوە کە لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەدا ٤ی خەڵکەکە ماخۆلانی و کەمی سەرنجیان هەیە. بۆ منداڵان، ئەو ژمارەیە، بەپێی سەنتەری لێکۆڵینەوەی نەخۆشی، لەسەدا ١١ەیە. ئەو ژمارەیە تەنیا هی ویلایەتە یەکگرتووەکانە، و ئەوەش ملیۆنان کەس ئەکات. ئەو کەسانەی ناو ئەم شوێنەن، بەرانگاری ئەمە دەبنەوە، بەرانگەری فشارەکەی توشیان ئەکات. خەڵکانێکی وەک من. کەواتە من ئاوا بەرەنگاری بوومەوە. تەنیا ڕێگە بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵیا بژیم و هێشتا دڵخۆش بم ئەوەبوو لێیبەرمەوە. پێویستبوو بیسەلمێنم کە ماخۆلانی و کەمی سەرنج شتێک نەبوو کە دەستم بگرێت. کەواتە ساڵی دووەم، دوای ئەوەی لە ساڵی یەکەمدا زۆر لەخۆم نائومێد بووم، ویستم نەک بۆ خەڵکانی تر بەڵکو بۆخۆشمی بسەلمێنم، کە من کەسێکی زیرەکم، ئەو نمرانە بێنم کە ئەمویست، بتوانم تێکەڵکی خەڵکیش ببم و هێشتا ئەرکی خوێندنگەش بەجێبێنم. ئەو نمرانەم هێنا کە ئەمویست، و تێکەڵی خەڵکیش بووم. چوومە ناو خاچی سوورەوە، و کاری خۆبەخشی بۆ ئەوان یەکێک بوو لەو شتانەی زۆر شانازی پێوە ئەکەم. ڕێگام دۆزییەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کەرانەی گونجاوبوون بۆمن. چەندێک پێویست بکات کەسێکی ڕێکخراوم، نە زیاتر، نە کەمتر. هەروەها گرنگیشە بۆم کە لە پۆلەکاندا بیرۆکەیەکی گشتی وەرگرم بۆ ئەوەی ئەگەر لە شتێکدا سەرنجم پچڕا، بیرۆکەیەکی گشتیم هەبێت لەسەر ئەوەی چیمان خوێندووە. زۆر گرنگیشە بۆم کە هاوڕێم هەبێت لە پۆلەکاندا بۆ ئەوەی ئەگەر لە شوێنێکدا سەرنجم نەدا وەک پێویست لە پۆلەکانی حەزێکی ئەوتۆم نییە بۆی، هێشتا بتوانم پرسیار بکەم باسی چی کراوە یان چ ئەرکێکمان پێسپێردراوە بۆ ماڵەوە. هەموو ئەمە کاری باشی ئەوێت، بەڵام ئەیهێنێت چونکە ڕێگەم پێئەیات ئەوە بکەم کە خۆم ئەمەوێت. بەڕاستی، زیاتر مەسەلەی سازشکردنە بۆی. ئەمە ڕێگەی پێیام کە لەسەر دەرمانەکان لاچم، شتێکە هێندە باو نییە بۆ ئەو کەسانەی ئەم نەخۆشیەی منیان هەیە. ئێستا ئەتوانم بچم بۆ قوتابخانە، و ئەو کەسەی لەوێیە، منی ڕاستەقینەم. مامۆستاکان بێزار ئەکەم، ئەناڵێنم بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ماڵەوە، و دڵخۆشتریشم. پشتم بەخۆم بەستووە. بێ دەرمان، بێ ئەوەی مامۆستایەک بەسەر سەرمەوە بێت. بەڵێ ئەکرێت. ئەگەر دەرمان سودی هەبێ بۆیان یان نا، کەسەکانی ماخۆلانی و کەمی سەرنجیان هەیە پێویستە بزانن چی باشە بۆیان، ئەو پشتیوانییە وەرگرن کە پێویستیانە، و پشت بەخۆبەستن بنیات بنێن. شەڕی نەخۆشی ماخۆلانی و کەمی سەرنج شەڕێک نییە بە تەواوەتی ببرێتەوە، بەڵام بە کەمێک تێگەشتنەوە، دەتوانین یارمەتی ملیۆنەها بەین. سوپاس.