ئەوکاتەی نزیکەی هەشت ساڵ بووم، بۆ یەکەم جار دەربارەی شتێک بیستم پێی ئەوترا گۆڕانی کەش یان گەرمبوونی زەوی. لەوە ئەچوو، شتێک بێت مرۆڤ درووستیکردبێت بە شێوازی ژیانی خۆمان. پێم ئەوترا ڕووناکی بکووژێنمەوە بۆ هەڵگرتنی وزە و دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز بۆ هەڵگرتنی ماددەی خاو. بیرمە بیرم ئەکردەوە کە ئەوە زۆر سەیر بوو بەلامەوە کە مرۆڤەکان، کە بە جۆرێتی سەر بە ئاژەڵەکانن، و توانای ئەوەیان هەیە کەشوهەوای زەوی بگۆڕن. چونکە ئەگەر وابکەین، و ئەگەر بەڕاستی ئەوە ڕووبات، باسی هیچ شتێکی تر ناکەین. هەر کە تەلەفزیۆن هەڵئەکەیت هەموو شتێک دەربارەی ئەوە ئەبێت. سەردێڕەکان، ڕادیۆ، ڕۆژنامەکان، دەربارەی هیچ شتێکی تر ناخوێنیتەوە یان نابیستیت، وەک ئەوەی جەنگێکی جیهانی هەبێت. بەڵام هیچ کەس باسیشی نەئەکرد. ئەگەر سوتاندنی سوتەمەنی ئەوەنە خراپ بێت کە مەترسی بۆسەر بوونمان درووست بکات، چۆن ئەتوانین ئاواهی بەردەوام بین هەروەک پێشتر؟ بۆچی هیچ ڕێگەگرتنێک نییە؟ بۆچی نەکراوە بە نایاسایی؟ بۆ من، ئەوە ڕێیتێنەئەچوو. زۆر ناواقیعانە بوو. بۆیە لە یانزە ساڵیدا، نەخۆش کەوتم. تووشی خەمۆکی بووم، لە قسەکردن وەستام، و وازم لە خواردن هێنا. لە ماوەی دوو مانگدا، نزیکەی دە کیلۆ کێشم دابەزی. دواتر، دەستنیشانکرام بە نەخۆشی ئەسپێرجەر، لەگەڵ خۆبێدەنگکردنی خۆویستی و هەڵسوکەوتی خولیاگەرانە. واتای ئەوەبوو تەنیا ئەوکاتانە قسەم ئەکرد کە پێویست بێت -- ئێستاش یەکێکە لەو ساتانە. (چەپڵەلێدان) بۆ ئەوانەمان کە ئەو گرفتانەمان هەیە، بەنزیکەیی هەموو شتێک ڕەش یان سپییە. زۆر باش نین لە درۆکردندا، و چێژیش نابینین لە بەشداریکردن لەم یارییە کۆمەڵایەتییە کە ئێوە زۆر بایەخی پێئەیەن. (پێکەنین) پێموابێت لە چەندین ڕووەوە ئێمەی تووشبوی ئۆتیزم کەسە ئاساییەکانین، و خەڵکەکەی تر زۆر سەیرن، (پێکەنین) بەتایبەتی کاتێک یەتە سەر قەیرانی بەردەوامیبوون، کە تیایدا هەمووان بەردەوام ئەڵێن گۆڕانکاری کەشوهەوا مەترسییەکی بوونە و گرنگترین پرسی مرۆڤایەتییە، و لەگەڵ ئەوەشدا وەک پێشتر بەردەوام ئەبن. لەوە تێناگەم، چونکە ئەگەر پێویست بکات دەردانی پاشماوەی زیانبەخش بوەستێت، کەواتە پێویستە بیانوەستێنین. بۆ من ئەوە ڕەش یان سپییە. کە یەتە سەر ڕزگاربوون هیچ ناوچەیەکی ڕەساسی نییە. یان ئەوەتا وەک شارستانییەتێک بەردەوام ئەبین یان نا. پێویستە بگۆڕێین. وڵاتە دەوڵەمەندەکانی وەک سوید پێویستە دەستبکەن بە کەمکردنەوەی دەردان بەلایەنی کەمەوە ساڵانە بەڕێژەی لەسەدا ١٥. ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانین دوو پلەی گەرمی خوار ئامانجی دیاریکراو بمێنینەوە. بەڵێ، وەک پانێڵی نێودەوڵەتی لەسەر گەرمبوونی ژینگە خستییە ڕوو، کردنە ئامانجی ١.٥ پلەی سیلیزی بەڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر ژینگە کەم ئەکاتەوە. بەڵام ئەتوانین بیهێنینە بەرچاومان ئەوە چی ئەگەیەنێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن. بیر ئەکەیتەوە کە ڕاگەیاندنەکان و هەر یەکێک لە سەرکردەکانمان تەنیا بیر لەو شتە ئەکەنەوە، بەڵام هەرگیز باسیشی ناکەن. هیچ کەسێکیش باسی غازەکانی ماڵی سەوز ناکات کە لە سیستمی بارگەی هەوادا گیری خواردووە. بیریش لەوە ناکەنەوە کە پیسبوونی ژینگە گەرمبوونێک ئەشارێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک واز ئەهێنین لە بەکارهێنانی سووتەمەنی، خۆمان ئاستێکی زیادە لە گەرمکردنمان هەیە لەوانەیە بەرزبێت هێندەی ٠.٥ بۆ ١.١ پلەی سیلیزی. لەوەش زیاتر بە دەگمەن هیچ کەسێک باسی ئەو ڕاستییە ئەکات کە لە ناوەڕاستی شەشەم لەناوچوونی بە کۆمەڵداین، کە هەموو ڕۆژێک نزیکەی دوو سەد جۆر گیاندار لەناو ئەچێت، لەم ڕۆژەدا ڕێژەی لەناوچوون لە نێوان ١٠٠٠ جار بۆ ١٠٠٠٠٠ جار بەرزترە لەوەی لەکاتی ئاساییدا هەبوو. بە دەگمەنیش ئەبینیت کەسێک باسی لایەنەکانی ڕەوایی یان دادپەروەری ژینگەیی بکرێت، کە بەڕوونی لە ڕێکەوتننامەکەی پاریسدا خرایە ڕوو، کە بەڕاستی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی لەسەر ئاستێکی جیهانی کاریپێبکرێت. ئەوەش واتای ئەوەیە کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە ماوەی ٦ بۆ ١٢ ساڵدا ڕێژەی دەردانی کاربۆن بگەیەننە سفر، بە خێرایی دەردانەکەی ئەمڕۆ. ئەوەش بۆ ئەوەی خەڵکی وڵاتە هەژارەکان دەرفەتێکیان هەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ستانداردی ژیانیان بە بنیاتنانی ئەو پێکهاتە بنچینەییانەی کە ئێمە بنیاتمان ناوە، وەک ڕێگاکان، قوتابخانەکان، و نەخۆشخانەکان، ئاوی پاک بۆ خواردنەوە، و کارەبا و چەندینی تر. چونکە چۆن ئەتوانین چاوەڕێی وڵاتانی وەک هیندستان یان نایجیریا بکەین گرنگی بە قەیرانی کەش و هەوا بەن ئەگەر ئێمە کە هەموو شتێکمان هەیە هیچ گرنگ نەبێت بەلامانەوە یان گرنگی نەیەین بە پاپەندبوونمان بە ڕێکەوتننامەی پاریس؟ کەواتە، بۆچی دەردانی کاربۆن کەمناکەینەوە؟ بۆچی هێشتا لە زیادبووندان؟ ئایا بە زانینی خۆشمانەوە ئەبینە لەناوچوونی بەکۆمەڵ؟ ئایا ئێمە خراپەکارین؟ نەخێر، بێگومان نەخێر. خەڵک بەردەوامن لەوەی پێشتر ئەیانکرد چونکە زۆرینە هیچ شتێک نازانن دەربارەی دەرئەنجامە ڕاستەقینەکانی ژیانی ڕۆژانەمان، و نازانن کە گۆڕانکاری خێرا پێویستە. هەموو وائەزانین ئەزانین، و هەموو وا ئەزانین هەمووان ئەزانن، بەڵام نازانین. چونکە چۆن بتوانین؟ ئەگەر بەڕاستی قەیرانێک هەبێت، و ئەگەر ئەم قەیرانە بەهۆی پاشماوەکانی ئێمەوە بێت، بەلایەنی کەمەوە ئەتوانیت هەندێک نیشانە ببینیت. نەک تەنیا شارە ژێر ئاو کەوتووەکان، مردنی دەیان هەزار کەس، و گۆڕینی چەندین وڵات بۆ تەلاری داڕووخاو. هەندێک ڕێگەلێگرتن ئەبینیت. بەڵام نییە. و کەسیش باسی ناکات. هیچ کۆبوونەوەی بەپەلە نییە، هیچ سەردێڕ، هەواڵی بەپەلە نییە. کەس وا ناجوڵێتەوە وەک ئەوەی لە قەیرانێکدا بین. تەنانەت زانایانی کەش و هەوا و سیاسەتمەدارە خەمخۆرەکانیش بەردەوامن لە گەشتکردن بە فڕۆکە و خواردنی گۆشت و شیرەمەنی. ئەگەر هەتا تەمەنی ١٠٠ ساڵی بژیم، هەتا ساڵی ٢١٠٣ لە ژیاندا ئەبم. لەم ڕۆژەدا کاتێک بیر لە داهاتوو ئەکەیتەوە هەتا ئەودیوی ساڵی ٢٠٥٠ نابینیت. هەتا ئەوکاتە، لە باشترین ئەگەردا، تەنانەت نیوەی ژیانیشم نەژیاوم. دواتر چی ڕووئەیات؟ ساڵی ٢٠٧٨، ئاهەنگی ٧٥ەمین ساڵیادی لەدایکبوونم ئەگێڕم. ئەگەر مناڵ یان مناڵی مناڵەکانم هەبێت، لەوانەیە ئەو ڕۆژەم لەگەڵدا بەسەر بەرن. لەوانەیە پرسیارم لێبکەن لەبارەی ئێوەوە، ئەو خەڵکانەی هەبوون، لە ساڵی ٢٠١٨دا. لەوانەیە لێم بپرسن بۆچی هیچ شتێکت نەکرد لەوکاتەیا کە ئەکرا شتێک بکرێت. ئەوەی ئێستا ئەیکەین یان نایکەین کار ئەکاتە سەر هەموو ژیانی خۆم و ژیانی منداڵەکانم و ژیانی منداڵی منداڵەکانم. ئەوەی ئێستا ئەیکەین یان نایکەین، مناڵەکانم و مناڵەکانی ئەوان ناتوانن چاکی بکەنەوە لە داهاتووا. بۆیە ئەمساڵ کە قوتابخانە دەستیپێکردەوە لە مانگی ئابدا، بڕیارم یا کە تەواو ئەمە بەسە. لەسەر زەوییەکە دانیشتم لە دەرەوەی پەرلەمانی سویدی. مانم لە خوێندن گرت بۆ کەش و هەوا. هەندێک کەس ئەڵێن پێویستە لەجیاتی ئەوە لە قوتابخانە بم. هەندێک کەس ئەڵێن پێویستە بخوێنم بۆ ئەوەی ببم بە زانای ژینگە بۆ ئەوەی بتوانم "قەیرانی ژینگە چارەسەر بکەم." بەڵام قەیرانی ژینگە تەواو چارەسەر کراوە. خۆمان لە ئێستایا هەموو ڕاستییەکان و چارەسەرەکانمان لەبەردەستایە. هەموو ئەوەی لەسەرمانە بیکەین ئەوەیە هەستین و بگۆڕێین. بۆچیش بخوێنم بۆ داهاتووێک کە بەم نزیکانە لەوانەیە نەمێنێت لەکاتێکدا هیچ کەسێکی تر هیچ ناکات بۆ ڕزگارکردنی داهاتوومان؟ چی سوودێکیش هەیە لە فێربوونی ڕاستییەکان لە سیستمی قوتابخانەدا لەکاتێکدا گرنگترین ڕاستییەکان کە لەلایەن باشترین زاناکانی هەمان ئەو سیستمی خوێندنەوە ئەدرێت هیچ شتێک ناگەیەنێت بۆ سیاستمەدارەکانمان و کۆمەڵگاکەمان. هەندێک کەس ئەڵێن کە سوید تەنیا وڵاتێکی بچووکە، و ئەوە گرنگ نییە کە ئێمە ئەیکەین، بەڵام لەو باوەڕەیام ئەگەر چەند منداڵێکی کەم بتوانن ببن بە سەردێڕ لە جیهاندا تەنیا بە هاتنە دەرەوە لە قوتابخانە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، بیهێننە بەرچاوتان چیمان پێئەکرێت ئەگەر هەموو پێکەوە بمانەوێت. (چەپڵەلێدان) ئێستا خەریکە نزیک ئەبینەوە لە کۆتایی وتارەکەم، و لێرەیایە کە خەڵک دەستئەکەن بە قسەکردن لەسەر هیوا، پانێڵی سۆلار، وزەی با، و ئابووری خۆژێن، و بەم شێوەیە، بەڵام من ئەوە ناکەم. ئەوە ماوەی سی ساڵە ئەو قسانە ئەکەین و بیرۆکەی ئەرێنی ئەبەخشینەوە. داوای لێبوردن ئەکەم بەڵام سوودی نابێت. چونکە ئەگەر سودی هەبوایە، ئێستا دەردانی کاربۆن کەمبووبۆوە. نەیانکردووە. و بەڵێ، پێویستمان بە هیوایە، بێگومان پێویستمانە. بەڵام ئەو شتەی لە هیوا زیاتر پێویستمان پێیەتی کردەوەیە. هەر کە دەستمان کرد بەوە، هیوا لەهەموو لایەک ئەبێت. بۆیە لەجیاتی گەڕان بۆ هیوا، بۆ کردەوە بگەڕێ. ئەوکاتە و تەنیا ئەوکاتە، هیوا یەت. ئەمڕۆ، هەموو ڕۆژێک سەد ملیۆن بەرمیل نەوت بەکارئەهێنین. هیچ سیاسەتێک نییە بۆ گۆڕینی ئەوە. هیچ یاسایەک نییە بۆ هێشتنەوەی ئەو نەوتە لەژێر زەویدا. بۆیە ناتوانین جیهان ڕزگار بکەین بە پابەندبوون بە یاساکان، چونکە پێویستە یاساکان خۆیان بگۆڕێن. هەموو شتێک پێویستە بگۆڕێت -- و ئەبێ لەمڕۆوە دەستپێبکات. زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)