هه‌ر كه‌سه‌ و چیڕۆكێكی هه‌یه‌، چیرۆکەکانیش لە چەند بەشێک پێکدێن كه‌ ئێمه‌ دەکاتە ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئێستا هه‌ین. به‌شه‌ سه‌ره‌تاییەکانی ئه‌و چیرۆكه‌ هه‌ندێكجار ئەو بەشەیە کە باشتر لە بەشەکانی تر پێناسه‌ی ئێمه‌ ده‌كه‌ن. سه‌نته‌ری كۆنتڕۆڵكردنی نه‌خۆشیی مه‌زەنده‌ی كردووه‌ كه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی منداڵانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ یه‌ك یاخود دوو جۆری كۆستی ده‌رونی منداڵییان ئەزموون کردووە. ده‌كرێت ئه‌و به‌ڵایه‌ كاریگه‌ریی ناکۆتایی هه‌بێت. كاتێك ده‌رفه‌تی قسه‌كردن و هاندانی قوتابی و مامۆستاكانم بۆ دروست بوو، خۆمم له‌ پلەیەکی بێهاوتا بینییه‌وه‌ كه‌ بتوانم قسه‌ له‌سه‌ر كۆستی ده‌رونیی منداڵیی بكه‌م. به‌ڵام ده‌بوایه‌ سه‌ره‌تا بڕیارێك بده‌م. ده‌بوو بڕیار بده‌م ئایا ته‌نیا به‌شه‌ بریسكه‌دار و دره‌وشاوه‌كه‌ی ژیانم باس بكه‌م، ئێوه‌ ده‌زانن، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاودەکرێتەوە کە وامان لێ ده‌كات بێ کێشە ده‌ربكه‌وین، یاخود ده‌مویست خۆم بكه‌مه‌ كه‌سێكی بێهێز و ببمه‌ كتێبێكی كراوه‌؟ هه‌ڵبژارده‌كه‌ ڕوون بوو. بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازیی له‌ ژیانی منداڵێك دروست بكه‌م، پێویست بوو ببمه‌ كه‌سێكی ڕوون. بۆیه‌ به‌ڵێنمدا چیڕۆكی خۆم بگێڕمه‌وه‌. و ئه‌م چیڕۆكه‌ پڕه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خۆشیان ویستووم و ئاگادارم بوون و گه‌وره‌یان كردووم. و یارمه‌تییان داوم زاڵ ببم و چاك ببمه‌وه‌. و ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ یارمه‌تیی ئه‌وانیتر بده‌م هه‌مان شت بكه‌ن. كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار چووم بۆ قوتابخانه‌ وێنه‌ی کەسێکی ئاسایی بووم. له‌ خێزانێكی باش هاتبووم، هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جوان بەرگم دەپۆشی، زه‌رده‌خه‌نه‌ له‌سه‌ر ڕووم بوو، بۆ قوتابخانه‌ ئاماده‌ بووم. به‌ڵام ژیانم هەموو شتێک بوو بێجگە لە ئاسایی. له‌و كاته‌دا، یەکێک بووم لە قوربانی دەستدرێژی جەستەیی. و ئه‌مه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو. ،خێزانه‌كه‌م نه‌یانده‌زانی، به‌ هیچ كه‌سێكم نه‌گوتبوو، كاتێك چووم بۆ قوتابخانه‌، هه‌ستم دەكرد ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ شوێنی پاراستنی من. بۆیه‌ دڵخۆش بووم. ترسم بێننه‌ به‌رچاوتان كاتێك چاوم به‌ مامۆستاكه‌م كه‌وت، به‌ڕێز. ڕاندۆڵف. به‌ڕێز. ڕاندۆڵف ئه‌تككه‌رەکەی من نه‌بوو. به‌ڵكو نموونه‌ی هەموو ئه‌و شتانە بوو كه‌وا به‌درێژایی ژیانم ترساندوویانم. هه‌رزوو ده‌ستم به‌و ته‌كنیكانه‌ی پاراستنی خود كردبوو كه‌ خۆم بێ هه‌ست نیشان ده‌ده‌م كاتێك له‌گه‌ڵ پیاوێك به‌ ته‌نها ده‌بم. و لێره‌ به‌هه‌مان شێوه‌، وه‌كو قوتابییه‌ك، هه‌موو ڕۆژێك له‌ پۆل له‌گه‌ڵ پیاوێك ده‌بووم. یۆ ماوەی ساڵێکی خوێندن. ده‌ترسام، متمانه‌م پێی نه‌ده‌كرد. به‌ڵام ده‌زانن چی، به‌ڕێز ڕاندۆڵف بووە گەورەترین پاڵپشتم. به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تادا، دڵنیا بووم له‌وه‌ی ئه‌و ده‌یزانی حه‌زی پێ ناكه‌م. گوێڕایه‌ڵ نه‌بووم: منداڵێکی بێ باک بووم. بۆ خێزانه‌كه‌شم ئه‌رك بووم. نه‌مده‌ویست بچمه‌ قوتابخانه‌، هه‌موو به‌یانیه‌ك له‌كاتی چوونه‌ ناو پاسه‌كه‌ شه‌ڕم له‌گه‌ڵیان دەکرد. نه‌مده‌توانی له‌ شه‌ودا بخه‌وم، چونكه‌ دڵه‌ڕاوكێم لە بەرزترین ئاستدا بوو. بۆیه‌ به‌ ماندویی ده‌چوومه‌ پۆل. منداڵه‌ ماندوه‌كان منداڵی سه‌یرن، فێركردنیان ئاسان نییه‌، ئه‌وه‌ ده‌زانن. ده‌كرا به‌ڕێز ڕاندۆڵف به‌ نائومێدی لێم نزیك ببایه‌وه‌، وه‌كو زۆربه‌ی مامۆستاكان له‌گه‌ڵ قوتابی وه‌كو من ده‌یكه‌ن. به‌ڵام ئه‌و وانه‌بوو. بە هاوسۆزی و نەرمییەوە لێم دەهاتە پێش. زۆرسوپسگوزار بووم بۆ ئه‌مه‌. ئه‌و منداڵه‌ شه‌ش ساڵانه‌ ماندووەکەی دەدی. له‌بڕی ئه‌وه‌ی وام لێ بكات بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ پشوویه‌ك، ڕێگەی پێ ده‌دام بمێنمه‌وه‌ و سه‌رخه‌و بشكێنم، چونكه‌ ده‌یزانی پێویستیم به‌ پشووه‌. له‌بری دانیشتن له‌سه‌ر مێزی مامۆستاكان بۆ نانخواردنی نیوه‌ڕۆ، ده‌هات له‌سه‌ر مێزی قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وان داده‌نیشت. گفتوگۆی لەگەڵ من و هاوپۆلەکانم دەکرد. كه‌ ئێستا بیرم ده‌كه‌وێته‌وه‌و ده‌زانم له‌مه‌دا مه‌به‌ستی هه‌بوو، گوێی شل دەکرد، پرسیاری ده‌كرد، دەیویست بزانێت چی ڕوده‌دات. په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ من دروست كرد. متمانه‌ی منی به‌ده‌ستهێنا، و له‌سه‌رخۆ به‌ڵام به‌دڵنیایی، ئه‌و دیوارانه‌ی كه‌وا له‌ ده‌وری خۆم دروستم كردبوو تێکی شکاند، ده‌رئه‌نجام بۆم ده‌ركه‌وت یه‌كێكه‌ له‌ هاوڕێ باشه‌كان. ده‌زانم كه‌ هه‌ستی ده‌كرد ئه‌و ته‌نیا به‌س نییه‌. چونكه‌ چووه‌ لای دایكم بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات. ڕوخسه‌تی دایكمی وه‌رگرت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌م پێبدات ده‌ست به‌ بینینی ڕاوێژكارێكی ڕابه‌ری قوتابخانه‌ بكه‌م، خاتوو. مەک فادیه‌ن. هه‌فته‌ی جارێك یاخود دووجار خاتوو (مه‌ك فادیه‌ن) م ده‌بینی بۆ دوو ساڵی داهاتوو، پڕۆسەکە بەم شێوەیە بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا، هه‌رگیز باسی ده‌ستدرێژیكردنه‌كه‌م بۆی نه‌كرد، چونكه‌ ئه‌مه‌ نهێنی بوو نەدەبوو باسی بکەم. به‌ڵام ئه‌و هه‌موو خاڵه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سته‌وه‌، ده‌زانم وای كرد، چونكه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ من كردی بۆ ئه‌وه‌ بوو هێزم پێببەخشێت و یارمه‌تیم بدات و ده‌نگم بدۆزمه‌وە. فێری كردم چۆن وێنه‌ زهنییەکانم به‌كاربێنم تا ترسه‌كانم دوور بخەمەوە. فێری ته‌كنیكی هه‌ناسه‌دانی كردم بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیم بدات به‌سه‌ر ئه‌و هێرشی دوودڵییه‌ زاڵ ببم كه‌ زۆربه‌ی جار هەراسانی دەکردم. لەگەڵم ڕۆڵی دەگێڕا. دڵنیا بوو كه‌ ده‌توانم له‌ هه‌ر کاتیکدا له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆم بوه‌ستم. ئه‌و ڕۆژه‌ هات كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژیكه‌ره‌كه‌م له‌ ژوره‌كه‌ بووم له‌گه‌ڵ گه‌نجێكی تر. ڕاستیەکەمم ووت. ده‌رباره‌ی ده‌ستدرێژییه‌كه‌ قسه‌م كرد. ده‌ستدرێژیكه‌ره‌كه‌م یه‌كسه‌ر ده‌ستی به‌ نكوڵیی كرد، و ئه‌و کەسانەی كه‌ پێم ڕاگه‌یاند، ئاماده‌ نه‌بوون له‌گه‌ڵ بۆمبه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن كه‌وا به‌سه‌ریانمدا به‌ردایه‌وه‌. ئاسان تر بوو باوه‌ڕ به‌ دەستدرێژیکەرەکە بكه‌یت وه‌ك لە منداڵێك. پێم وترا کە هه‌رگیز دووباره‌ باسی نەکە‌مه‌وه‌. وام لێكرا هه‌ست بكه‌م دووباره‌ شتێكی هه‌ڵه‌م ئه‌نجامداوه‌. ئه‌مه‌ ڕوخێنه‌ر بوو. به‌ڵام ده‌زانن چی، ئه‌و ڕۆژه‌ شتێكی باش ئاشكرابوو. ده‌ستدرێژیكه‌ره‌كه‌م زانی كه‌وا چیتر بێده‌نگ نابم. باڵانسی هێز گۆڕا. ده‌ستدرێژیكرنه‌كه‌ وه‌ستا. (چه‌پڵه‌) به‌ڵام شه‌رمه‌زاری و ترس له‌وه‌ی دووباره‌ ڕودانەوەی هه‌ر مایه‌وه‌. و له‌گه‌ڵم ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ چه‌ندین ساڵی داهاتوو. (به‌ڕێز(ڕاندۆڵف) و خاتوو(مه‌ك فایدن، یارمه‌تییان دام ده‌نگی خۆم بدۆزمه‌وه‌. یارمه‌تییان دام ڕوناكی بدۆزمه‌وه‌. به‌ڵام ده‌زانن چی، ژماره‌یه‌كی زۆر منداڵ هه‌ن كه‌وا وه‌كو من به‌ به‌خت نین. و له‌ پۆله‌كاندا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ زۆر گرنگه‌ بۆ من ئه‌مڕۆ بۆتانی باس بكه‌م. ده‌توانن وریا بن و ده‌توانن ئه‌و پرسیارانه‌ بكه‌ن كه‌ پێویسته‌ بكرێن و گرنگی به‌و قوتابییانه‌ بده‌ن، ئێوه‌ش ده‌توانن یارمه‌تییان بده‌ن ڕێگەكانیان بدۆزنه‌وه‌. وه‌كو مامۆستایه‌كی باخچه‌ی ساوایان، ساڵی نوێ ده‌ست پێده‌كه‌م له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانم بۆ دروست كردنی بۆكسی ژیاننامه‌ ئه‌مانه‌ دوو له‌ قوتابییه‌كانمن. و هانیان ده‌ده‌م ئه‌م بۆكسانه‌ به‌و شتانه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌وا ده‌رباره‌یان بیزانم ده‌رباره‌ی ژیانیان. ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ بۆ ئێوه‌، ده‌یزانن؟ ده‌یڕازێننه‌وه‌، مه‌به‌ستم، كاتی بۆ ته‌رخان ده‌كه‌ن، پڕی ده‌كه‌ن له‌ وێنه‌ی خێزانه‌كانیان و گیانداره‌ ماڵییه‌كانیان، ڕێگەیان بۆ خۆش دەکەم تا خۆیان پێشكه‌شی من و پۆله‌كه‌ی بكه‌ن. له‌و ماوەیەدا، من گوێگرێكی چالاکم، چونكه‌ ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ده‌یڵێن، دەربڕینی ڕوخساریان کە پێم دەبەخشن، ئه‌و شتانه‌ی كه‌ نایڵێن بۆ من دەبنە هێڵی سوور یارمەتیم دەدەن بۆ ئەوەی بزانم کە پێداویستییەکانیان چین. چ شتێک هاندەریانە بۆ دروست بوونی ئەو هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌ پۆلدا پێشانم ده‌ده‌ن. چۆن بتوانم ببمه‌ مامۆستایه‌كی باشتر به‌ گوێگرتن له‌ ده‌نگیان؟ هه‌روه‌ها كات ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ بەرەو پێشچوونی په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیان، وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ڕێز. ڕاندۆڵف له‌گه‌ڵ من ده‌یكرد. له‌كاتی نانخواردنی نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵیان داده‌نیشم، له‌ كاتی پشوودا قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، بۆ سه‌یری یارییه‌كانیان له‌ كۆتایی هه‌فته‌ سەردانیان دەکەم، بۆ نمایشی سه‌مایان ده‌چم. ده‌بم به‌ به‌شێك له‌ ژیانیان. چونكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی قوتابییه‌ك بناسیت، له‌سه‌رت پێویسته‌ خۆت تێكه‌ڵی ژیانیان بكه‌یت. ده‌زانم هه‌ندێكتان مامۆستای ناوه‌ندی و ئاماده‌یین، و له‌وانه‌یه‌ وا بیربكه‌نه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ هه‌ر پێشتر پێگه‌یشتوون، ئێوه‌ ده‌زانن، له‌و كاته‌دا ئه‌وان بە بێ ئاگایی کارد دەکەن.، به‌ڵام هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. به‌ تایبه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌موو شتێکیان هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ن له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موان زیاتر پێویستیان پێتان بێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری كتێبی ساڵانه‌ی منتان كردبا منتان له‌ هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه‌ك ده‌بینییه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌موو شتێك به‌شداریم ده‌كرد. ته‌نانه‌ت پاسی قوتابخانه‌شم لێده‌خوڕی. (پێكه‌نین) من ئه‌و منداڵه‌ بووم مامۆستاكان وابیریان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ توانای له‌ ڕاده‌به‌ده‌رم هه‌یه‌، كه‌سه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ بووم، ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌موو شتێکی تێدا بەدی دەکرا. به‌ڵام هاوڕێیان، من ون ببووم. من ون ببووم، ده‌مویست كه‌سێك پرسیارم لێ بكات، لیسا، بۆچی هه‌میشه‌ لێره‌یت" بۆچی خۆت تێكه‌ڵی "هه‌موو ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌یت؟ هه‌رگیز پرسیاریان كردووه‌، من له‌ كه‌سێك ڕامده‌كرد، من له‌ شتێك ڕامده‌كرد؟ بۆچی نه‌مده‌ویست له‌ كۆمه‌ڵگەكه‌م بم یاخود له‌ ماڵه‌وه‌مان؟ بۆچی ده‌مویست هه‌میشه‌ له‌ قوتابخانه‌ بم؟ هیچ كه‌سێك پرسیاری نه‌كرد. ئێستا به‌هه‌ڵه‌ لێم تێمه‌گه‌ن، گشت سەرکەوتوەکانی قوتابخانه‌كانتان قوربانیی ده‌ستدرێژیی یاخود كۆستی ده‌روونیی نین. به‌ڵام ته‌نیا ده‌مه‌وێت كات ته‌رخان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زانخوازبن. پرسیاریان لێ بكه‌ن بۆچی. له‌وانه‌یه‌ بۆتان ده‌ربكه‌وێت كه‌ هۆكارێك له‌ پشتی ئه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌. ده‌كرێت ببیته‌ هۆكاری بەرەو پێش چوونیان چیرۆكه‌كه‌یان. ئاگاداربه‌ وای دانه‌نێیت کە پێشتر كۆتایی چیرۆكه‌كه‌یان ده‌زانیت. خاڵی کۆتایی دامەنی لە شوێنێک کە دەبێ فاریزە دابنێیت. ڕیگە بدە ئه‌و چیڕۆكه‌ به‌رده‌وام بێت یارمه‌تییان بده‌ بزانن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر شتێكی هه‌ست برینداركه‌ریش ڕویدا ‌ هێشتا ژیانیان شایه‌نی باسكردنه‌. چیڕۆكه‌كه‌یان شایه‌نی باسكردنه‌. ئێستا بۆ کردنی ئەمە، وا هه‌ست ده‌كه‌م وەک مامۆستا پێویسته‌ چیڕۆكه‌ كه‌سیییه‌كانمان له‌ باوەش بگرین. له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌تان كه‌ له‌وێ دانیشتوون و بیربکەنەوە‌، "به‌ڵێ. ئەوە بەسەر مندا هاتووە. "به‌ڵام ئاماده‌نیم باسی بكه‌م. ئه‌مه‌ ئاسایییه‌. ئه‌و كاته‌ دێت كاتێك له‌ ناخته‌وه‌ هه‌ستی پێده‌كه‌یت كه‌وا ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ئازاره‌كانی ڕابردوت بگۆڕیت بۆ ئامانجی داهاتوت. ئه‌و منداڵانه‌ داهاتووی ئێمه‌ن. ته‌نیا هانتان ده‌ده‌م ڕۆژ دوای ڕۆژ ئه‌نجامی بده‌ن. قسه‌ بۆ كه‌سێك بكه‌. ئاماده‌ و كراوه‌ به‌. چیڕۆكی ژیانم خولێکی تەواو کرد له‌ به‌هاری 2018 كه‌وا بانگهێشت كرام قسه‌ بكه‌م بۆ كۆمه‌ڵێك له‌ مامۆستا و ئامۆژگاریكه‌ری نوێ. باسی چیرۆكی خۆمم كرد، هه‌روه‌كو ئێستا دەیکەم له‌گه‌ڵ ئێوه‌، ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌مه‌ خاتوونێك لێم نزیك بووه‌وه‌. فرمێسك له‌ چاوه‌كانی ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌ به‌ هێمنی گوتی، "سوپاس. سوپاس بۆ باسەکە. ناتوانم چاوه‌ڕێ بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك "به‌ باوكم بڵێم كه‌ ئه‌مڕۆ گوێم لێبوو، دەبێت ڕوانینێكی شڵه‌ژاویی له مندا بینیبێت، چونكه‌ دوسی ئەوە وتی ".به‌ڕێز ڕاندؤڵف باوكی منه‌" جه‌ماوه‌ر: ئۆۆۆ :لیسا گودوین: "ئەو زۆرجار پرسیار ده‌كات ئایا جیاوازییه‌كی دروستكردووه‌؟ پێویسته‌ ئه‌مڕۆ بچمه‌ ماڵه‌وه‌و پێی بڵێم، ".به‌دڵنیایییه‌وه‌ جیاوازیت دروستكردووه‌" چ خه‌ڵاتێكه‌. چ خه‌ڵاتێكه‌. و ئه‌وه‌ هانیدام خۆم بگه‌یه‌نمه‌ كچی خاتوو (مه‌ك فه‌یدن) یش له‌گه‌ڵی باس بكه‌م کە خاتوو مه‌ك فه‌یدن چ كاریگه‌رییه‌كی دروست كردووه‌. و ویستم بزانێت پێشنیارم کردووە بڕێکی زیاتر پارە بۆ ڕاوێژكاره‌ ئامۆژگاریكه‌ره‌كان، بۆ كاركه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیی قوتابخانه‌كان، بۆ ده‌رونناسه‌كان، بۆپه‌رستاره‌كان تەرخان بکرێت چونكه‌ زۆر گرنگن بۆ ته‌ندروستی ده‌رونیی و جه‌سته‌یی منداڵه‌كانمان. سوپاسگوزاری(خاتوو مه‌ك فه‌یدن) م. (چه‌پڵه‌) جارێكیان گوێم لێبوو كه‌سێك ده‌یگوت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگەی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ت له‌ تاریكیی بدۆزییه‌وه‌، پێویسته‌ ڕوناكیی بدۆزیته‌وه‌. هیوادارم ئه‌مڕۆ كه‌ ئه‌م شوێنه‌ جێده‌هێڵن و به‌ دوای ده‌رفه‌ت بگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ ڕوناكیی، ته‌نھا بۆ قوتابییه‌كان نا به‌ڵكو بۆ پێگه‌یشتووه‌كان له‌ پۆله‌كانتان، له‌ قوتابخانه‌كانتان، له‌ كۆمه‌ڵگەكانتان. دیاریەکتان ھەیە تا یارمه‌تیی كه‌سانێک بده‌ن زاڵ ببن بەسەر كۆستی ده‌روونییان چیرۆکە‌كه‌یان وا لێبكه‌ن شایه‌نی گوتن بێت. .سوپاس (چه‌پڵه‌)