من لە بیهار گەورە بووم کە هەژارترین ناوچەی هیندستانە . بیرمە کاتێک ٦ ساڵ بووم ، ڕۆژێک هاتمە ماڵەوەو عارەبانەیەکی پڕ لە شیرینیم لەبەر دەم ماڵەوە بینی . من و براکانم دەستمان کرد بە خواردنی ، لەو کاتەدا باوکم هاتەوە ماڵەوە . زۆر تووڕە بوو، ئێستاش بیرمە چۆن دەگریاین کاتێک باوکم شیرینیەکەی لێ دوورخستینەوە کە تەنها نیوەی مان خواردبوو . دواتر تێگەیشتم باوکم بۆچی ئاوا تووڕە بوو . ئەو شیرینیە بەرتیلی بەلێندەر ( مقاول ) ێک بوو کە هەوڵی ئەدا باوکم ڕازی بکات تا گرێبەستێکی حکومی بداتێ. باوکم لێپرسراوی بەشی دروست کردنی ڕێگەو بان بوو لە بیهار، وە زۆر دژی گەندەڵی بوو هەرچەندە زۆر هەڕەشەی لێدەکراو ناڕەحەت دەکرا لەسەر ئەو هەڵوێستەی . باوکم تاکە کەس بوو کە دژی گەندەڵی بوو چونکە بیهار گەندەڵترین شوێنی هیندستان بوو ، کە کاربەدەستەکانی تەنها خەریکی خۆ دەوڵەمەند کردن بوون لە بری ئەوەی خزمەتی خەڵکە هەژارەکە بکەن کە نەیان دەتوانی هیچ بکەن ئەگەر منداڵەکانیان خواردن یان یان خزمەتگوزاری خوێندنیان نەبوایە . خۆم هەستم بەم حاڵەتە کرد کاتێک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر هەژاری چوومە لادێ دوورەکان . بیرمە کاتێک لە گوندێکەوە دەچوومە گوندێکی تر ڕۆژێکیان زۆر هیلاک بووم و زۆرم برسی بوو کە خەریک بوو دەکەوتم لەو گەرما بەتینەدا لە ژێر دارێک دا ئیسراحەتم کرد ، لەو کاتەدا یەکێک لە هەژارترین پیاوەکانی ئەو لادێ یە دەعوەتی کردم بۆکوخەکەی و زۆر بە گەرمی میوانداری کردم و خواردنی دامێ . دواتر بۆم دەرکەوت ئەو خواردنەی ئەو پیاوە دای بە من خواردنی ٢ رۆژی هەموو خێزانەکەی بوو . ئەم نموونە جوانەی بەخشندەیی و سەخاوەتی ئەو پیاوە ئامانجی سەرەکی ژیانمی گۆڕی . منیش بریارم دا بەخشندە بم . دواتر پەیوەندیم کرد بە بانکی جیهانیەوە کە کاری دەکرد بۆ ڕووبەڕوونەوەی هەژاری لە ڕێگەی گواستنەوەی هاوکاری لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە بۆ وڵاتە هەژارەکان . سەرەتای کار کردنم لە وڵاتی ئۆگەندا بوو . لەوێ لەگەڵ وەزارەتی ئابووری ئەو وڵاتە باسی چاکسازیمان کرد هەتا بتوانن بە ئاسانی قەرز لە ئێمە وەربگرن. دوای ئەوەی قەرزەکەمان دا پێیان ، بیرمە لە گەشتێک دا لە ئۆگەندا کۆمەڵێک قوتابخانەم بینی کە تازە دروست کرابوون بەڵام مامۆستا و کتێبیان نەبوو ، وە هەروەها سەنتەری تەندروستیم بینی کە دەرمان یان نەبوو ، وە خەڵکە هەژارەکەش هەروەک خۆیان بێ پەناگە و داماو مابوونەوە . تەواو لە بیهاردەچوو . بیهار ڕوونی دەکاتەوە گەشە سەندن و بەرەوپێش چوون چەند قورسن لە شوێنێک دا کە هەژاری و گەندەڵی هەبن . لەسەر ئاستی جیهان، ١،٣ ملیار خەڵک ڕۆژانە بە کەمتر لە ١،٢٥ دۆلار دەژین . لەو کارەدا کە لە ئۆگەندا کردم هەمان ئەو ڕێگە تەقلیدیەو دووبارەم بەکارهێنا کە لە سالی ( ١٩٤٤) ەوە پەیڕەو کرابوو بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشانە کاتێک کە براوەکانی جەنگی دووەمی جیهانی کە ٥٠٠ پیاو و تەنها ١ ژن بوون لە ( نیو هامپشایەر ) لە ئەمریکا کۆبونەوە بە مەبەستی دروست کردنی دروست کردنی دامەزراوەکانی ( بریتن وودز ) کە لەناویاندا بانکی جیهانیش هەبوو . وە ئەم ڕێگە تەقلیدیەی گەشە پێدان ٣ بنەمای سەرەکی هەیە : یەکەم دانە بریتییە لە گواستنەوەی هاوکاری لە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی باکوورەوە بۆ وڵاتە هەژارەکانی باشوور لەگەڵ کۆمەڵێک رێنمایی بە مەبەستی چاکسازی . دووەم دانە بریتیە لە دامەزراوەکانی گەشە پێدان کە لە ڕێگەیانەوە کرداری گواستنەوەکان ئەنجام دەدران کە نا ڕوونیەک لە کار کردنیانا هەبوو لەبەر ئەوەی جیاوازی هەبوو لە نێوان ئەو هاوکاریە داراییانەی پێش کەشیان دەکرد و ئەو ئەنجام و کاریگەریانەی کە هاوکاریەکان هەیان بوو . سێ هەم دانە بریتی یە لەوەی کە کار کردن لەسەر ئاستی وڵاتە هەژارەکان تەنها لەنێوان کۆمەڵێک کەسی پلە بەرزی حکومی دا بوو کە زۆر پەیوەندیان نەبوو لەگەل هاوڵاتیان دا کە سوودمەندی سەرەکی هاوکاریەکانن . ئەمڕۆ، هەریەکە لەم بنەمایانە بە ئاسانی بەردەست دەکەون بەهۆی گۆڕانکاریە گەورەکانی ژینگەی جیهانەوە . زانیاری و هاوکاری و بەڕێوەبردنی شەفاف هەر سێکیان پێکەوە سێ گۆرانکاری ئەساسین کە دەبنە هۆی گۆڕینی گەشە سەندن وە هەروەها هیوای زیاترمان پێدەبەخشن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی من لە ئۆگەندا و بیهار بینیومن . یەکەم گۆڕانکاری سەرەکی زانیاری ئاشکرایە. وەک دەزانن، وڵاتە هەژارەکان بە ئاسانی ئەو چارەسەرانە قبوڵ ناکەن کە ئەمریکا و ئەوروپا و بانکی جیهانی بۆیان پێشنیار دەکەن . ئەو وڵاتانە ئیلهام و هیواو زانیاریەکانیان لە سیستەمە ئابووری یە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی باشورەوە وەردەگرن . ئەو وڵاتانە هەژارانە دەیانەوێت بزانن چین چۆن لە ماوەی ٣٠ ساڵ دا ٥٠٠ ملیۆن کەسی لە هەژاری رزگار کرد ، دەیانەوێت بزانن بەرنامەی ( ئۆپۆرتیونی دادیزی ) مەکسیکی چۆن بوە مایەی باشتر کردنی ئاستی خوێندەواری و سیستەمی خۆراکی ملیۆنەها منداڵ . ئەم سیستەمە ژینگەییەی زانیاری ئاشکرا نەک تەنها لە وڵاتانی باکورەوە بۆ وڵاتانی باشور درێژ دەبێتەوە بەڵکو لە نێوان وڵاتانی باشور بۆ یەکترو تەنانات لە وڵاتانی باشورەوە بۆ باکور یش دەڕوات، ئەمەش هەستی پێدەكریت کاتێک دەبینین بەرنامەی (ئۆپۆرتیونی دادیزی ) مەکسیکی لە نیو یۆرک کاری پێدەکرێت . وە لەبەر ئەوەی گواستنەوە لە وڵاتانی باکورەوە بۆ ولاتانی باشور هەیە بۆیە دامەزراوەی گەشە پێدانیش هەن کە کاریان بریتیە لە ئەنجام دانی گواستنەوەکان . ئەمەش دووەم گۆرانکاری ئەساسیە کە بریتیە لە هاوکاری ئاشکرا . لەم دواییانەدا، بانکی جیهانی داتا شاراوەکانی بۆ خەڵکی ئاشکرا کرد بە بڵاوکردنەوەی ٨٠٠٠ بەڵگەنامەی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە مەبەستی ڕوون کردنەوەی هاوکاریەکانیان کە لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ دا پێشکەش بە ٢٠٠ ولاتیان کردوە. وە پێشبڕکێیەکی جیهانی رێکخست بۆ هەموو ئەو بەرنامانەی کە ئەم داتایە بەکارربهێنن . ئەمڕۆ ناوەندەکانی گەشە سەندن ئەو پرۆژانەی کە ئەنجامی دەدەن بۆ خەڵکی دەخەنە روو . نەخشەی جوگرافی بێنە پێش چاو. لەم نەخشەیەی وڵاتی کینیا خاڵە سورەکان بریتین لە شوێنی ئەو قوتابخانانەی کە لایەن خێرخوازانەوە پاڵپشتی دارایی کراون ، وە هەتا رەنگە سەوزەکە تۆختر بێت ئەوا ژمارەی ئەو مندالانەی لەو ناوچانەدا لە قوتابخانە هێنراونەتە دەرەوە زۆرتر دەبێت . بۆیە ئەم نەخشە سادەیە دەری دەخات کە خێرخوازەکان هیچ هاوکاری داراییان پێشکەش بەو ناوچانە نەکردووە. کە زۆرترین رێژەی منداڵ تیایان دا لە قوتابخانە دەرهێنراوە کۆمەڵێک پرسیاری وروژێنەر دێنە کایەوە ، بۆ نموونە ئایا ئەو هاوکاریانەی بۆ مەبەستی گەشەپێدان پێشکەش کراون پێشکەش بە کەسانی شایستە کراوە ؟ بۆ ئەم مەبەستە بانکی جیهانی ئێستا نەخشەی ( 30000 ) پرۆژەو چالاکی خۆی لە ١٤٣ وڵات دا کێشاوە. وە خێرخوازانیش سیستەمێکی باو بەکاردەهێنن بۆ کێشانی نەخشە بۆ ڕوون کردنەوەی پڕۆژەکانیان . ئەمەش هەوڵێکی گەورەیە بە ئاڕاستەی شەفافیەت لە هاوکاریەکان داو هەست کردن بە ڵیپرسراویەتی بەرامبەری ئەمەش بەرەو سێ هەم گۆڕانکاری بنەڕەتیمان دەبات کە بە بڕوای من لە هەموویان گرنگترە ئەویش بەڕێوەبردنی شەفاف و ئاشکرایە. ئەمڕۆ حکومەتەکان بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن شەفاف بن ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە هاوڵاتیان داوایدەکەن . لە سەرەتای بەهاری عەرەبیەوە و دواتر بۆ بزوتنەوەی ( ئانا هازار ) ی هیندی بەکارهێنانی مۆبایل و میدیای کۆمەڵایەتی تەنها بۆ مەبەستی سیاسی نەبووە بەڵکو بە مەبەستی گەشە سەندن و بەرەو پێش چوونیش بووە.. پرسیارێکی تر، ئایا حکومەتەکان خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیەکانیان دەکەن ؟ بۆیە بۆ نموونە چەند حکومەتێکی کیشوەری ئەفریقیا و رۆژئاوای ئەوروپا بودجەکانیان ئاشکرا دەکەن بۆ هاوڵاتیان بەلام وەک دەزانن جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەو بودجەی ئاشکرا دەکریت و ئەو بودجەی کە لە ڕاستی دا هەیە و لە بەردەستە . ئەمە بودجەیەکی ئاشکرایە . ( پێکەنینی جەماوەر ) وەک دەزانن کارێکی ئاسان نیە بۆ هاوڵاتیەکی ئاسایی هەوڵ بدات بزانێت حکومەت چۆن سەرچاوەکانی بەکار دەهێنیت . بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە حکومەتەکان ڕێگەی تازەبەکاردەهێنن بۆ ئەوەی مەسەلەی بودجە زیاتر شەفاف بێت لای هاوڵاتیان . لەم نەخشەیەی وڵاتی مۆڵدۆڤا دا رەنگە سەوزەکە بریتیە لەو ناوچانەی کە پارەیەکی کەمیان بۆ قوتابخانەکان سەرف کردووە بەڵام ئاستی خوێندن و پەروەردە تیایان دا باشە . وە ڕەنگە سورەکە پێچەوانەی ئەوە پیشان دەدات . بەکار هێنانی رێگەیەکی وەک ئەمە وا دەکات ئەو بەڵگەنامانەی نا ڕوونن زیاتر ڕوون بێت لای هاوڵاتیان، وە ئەوەی مایەی دڵ خۆشیە ئەوەیە لەگەڵ بوونی ئەم شەفافیەتەدا هاولاتیان دەرفەتی ئەوەیان هەیە ئەدای حکومەت هەڵبسەنگێنن و هاوکاری بن بۆ زیاتر بەرەو پێش چوونی . بۆیە ئەمڕۆ لە فلیپین دایکان و باوکان و قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەی سایتی ( Checkmyschool.org ) یان بە هۆی کورتە نامەوە ڕای خۆیان بدەن لەسەر ئاستی مامۆستاو کتێبی قوتابخانەکانیان . کە هەمان ئەو کێشانەن کە من لە ئۆگەندا و بیهار بینیومن . وە حکومەت بەرپرسیارە . بۆ نموونە کاتێک لەم سایتەوە هەواڵی ئەوە بڵاو بۆوە کە ٨٠٠ قوتابی لە مەترسیدان لەبەر دواکەوتنی چاک کردنەوەی قوتابخانەیەک بە هۆی گەندەڵیەوە، وەزارەتی پەروەردەی فلیپین هەر خێرا دەستی کرد بە ئیجرائات و لێکۆڵینەوە. ئەوەی مایەی خۆش حالی یە ئەوەیە کە ئەم داهێنانە خەریکە لە ناو ولاتانی باشور دا بڵاو دەبێتەوە ، هەر لە فلیپینەوە بۆ ئیندۆنیزیا، کینیا و مۆڵدۆڤا و ولاتانی تریش . تەنەنەت کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی وەک دارالسلام ( تەنزانیا ) توانیویەتی ئەم ڕێگایانە بەکار بهێنێت بە مەبەستی بەرەو پێش چوون. ئەمەش وەک ئەو نەخشەیەی مانگی ئابی ٢٠١٠ ی تانداڵی وابوو . بەڵام لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەم دا خوێندکارانی زانکۆ توانیان لە ڕێگەی مۆبایل و سیستەمێکی خۆڕاییەوە کار بکەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان ئەوەی زۆر سەرنج ڕاکێش بوو ئەوە بوو هاوڵاتیان دواتر توانیان ....... .... ..... ..... ..... ئەمڕۆ تەنانەت بیهاریش گۆڕاوە و کراوەتەوە لە ڕێگەی کۆمەڵیک کەسی دلسۆزەوە کە کار بۆ ئەوە دەکەن کە حکومەت زیاتر شەفاف بێت و هەست بە لێپرسراوێتی زیاتر بکات بەرامبەر بە هەژاران . بەڵام وەک دەزانن لە زۆر شوێنی دنیا دا حکومەتەکان حەزیان بە کرانەوە و خزمەت کردنی هەژاران نیە، وە ئەمەش جەنگێکی رآستەقینەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەو سیستەمە بگۆڕن . ئەو کەسانە وەک باوکم و چەندانی تر تێکۆشەری تەنهان و وە کارێکی سەرەکی بۆ ئەو بەرەو پێش چوونە ئەوەیە کە یارمەتی ئەو کەسە تێکۆشەرانە بدرێت کە یەک بگرن تا هەموو پێکەوە بەسەر بەربەستەکان دا زاڵ بن . بۆیە بۆ نموونە لە غانا کۆمەڵێک ریفۆرم خوازی بە توانا و پەڕلەمان و حکومەت هەموو پێکەوە ، دەستەیەکیان پێک هێناوە بە مەبەستی شەفافی لە گرێبەستەکانی کەرتی نەوت دا. ریفۆرم خوازان لە پەرلەمان ئێستا لێکۆڵینەوە دەکەن لە گرێبەستە گوماناوی و نا ڕوونەکان . ئەم نموونانە هیوامان پێدەبەخشن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی من لە ئۆگەندا بینیومن یان ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی باوکم دەبوونەوە لە بیهار . دوو ساڵ لەمەوبەر لە 2010/4/8 دا درەنگانێکی شەو تەلەفۆنم بۆ باوکم کرد کە لەو کاتەدا تەمەنی ٨٠ ساڵ بوو خەریکی نوسینی دەعوایەکی ٧٠ لاپەڕەیی بوو لەسەر بوونی گەندەڵی لە پرۆژەیەکی ڕێگەو بان دا . باوکم هەرچەندە پارێزەر نەبوو بەڵام ڕۆژی دواتر لە محکمە خۆی بەرگری لە دۆسیەکەی کردو بردیەوە بەڵام ئێوارەی هەمان ڕۆژ مرد. تا دوا سات ئەوەندە بە دڵسۆزی کاری کرد دژی گەندەڵی و هەژاری کە نەک هەر کاربەدەستەکانی حکومەتی وا لێکرد ڕاستگۆ بن بەڵکو وای لە خەڵکیش کرد کە یەک بگرن و کارێک بکەن کە گوێ لە داواکانیان بگیرێت . ئەم دوو کارە بوونە راگری ژیانی باوکم و ئەو گەشتەی لە نێوان ئەم دوو ڕاگرەدا کردی بووە ڕەنگ دەرەوەی دیمەنی گەشەسەندنە بەردەوامەکان . من ئەمڕۆ بەم گۆڕاناریانە کاریگەر بووم ، وە دڵ خۆشم کە ئێمە لە بانکی جیهانی ئەم ئاڕاستەی کارکردنانەمان پەسەند کردووە کە بۆتە مایەی گۆڕانکاریەکی بەرچاو بەراورد بە ٢٠ ساڵ لەمەو پێشم لە ئۆگەندا . پێویستە لە ڕەگ و ڕیشەوە چاکسازی بکەین بەوشێوەیە زانیاری بە چەندین ئاراستەدا بڵاو دەبێتەوە و ئیلهام دەبەخشێتە بەهرەدارەکان، بۆیە یارمەتی شەفاف و کاریگەر دەبێت، بەوشێوەیە حکومەت چاکسازی دەکات هاوڵاتیانیش بەشداریان پێدەکرێت و رۆڵیان دەبێت لەگەل ریفۆرم خوازانی ناو حکومەت . پێویستە ئەم گۆڕانکاریانە خێرا بکەین . ئەگەر وا بکەین دەنگی خەلکە هەژارەکەی بیهار و ئۆگەندا و ووڵاتانی تر دەبیسترێت . وە هەروەها کتێبەکانی خوێندن و مامۆستایانیش باشتر دەبن هەروەها قوتابیانیش چانسی ئەوەیان دەبێت کە خۆیان لە هەژاری رزگار بکەن سوپاس . ( چەپلەی ئامادەبووان ) . ( چەپلەی ئامادەبووان )