کەواتە ئەمەوێت کەمێک بیهێننە بەرچاوتان کە سەربازێکن لەناوجەرگەی شەڕدا. لەوانەیە سەربازێکی پیادەی ڕۆمانی بیت یان تیرهاوێژی سەدەکانی ناوەڕاست یان لەوانەیە جەنگاوەرێکی زولو بیت. بێگوێدانە کات و شوێنەکەت، هەندێک شت هەن کە جێگیرن. ئەدرینالینیت بەرزبۆتەوە، و کردەوەکانیشت لەو پەرچەکردارە قوڵانەوە سەرچاوە ئەگرن، پەرچەکردارەکانی سەرچاوەکەیان لە پێویستییەکا ڕەگیداناوە بۆ پاراستنی خۆت و تەنیشتەکەت و بەزاندنی دووژمنەکەت. بۆیە ئێستا، ئەمەوێ بیهێنیتە بەرچاوت کە ڕۆڵێکی تەواو جیاواز بگێڕیت، ڕۆڵی دیدەوانێک. کاری دیدەوان هێرشکردن یان بەرگریکردن نییە. کاری دیدەوان تێگەشتنە. دیدەوانەکە ئەوەیە کە ئەڕوات، نەخشەی ناوچەکە ئەکێشێت، بەربەستەکان دیاری ئەکات. و لەوانەیە دیدەوانەکە ئاوات بخوازێت با بڵێین پردێک هەبێت لە شوێنێکی گونجاو بەسەر ڕووبارێکەوە. بەڵام لەسەروو هەموییەوە، دیدەوانەکە ئەیەوێت بزانێت بەڕاستی چی لەوێیە، بە وردترین شێوە. ڕاستییەکەشی، بۆ سوپای ڕاستی، سەربازیش و دیدەوانیش گرنگە. بەڵام ئەتوانیت بیر لەم ڕۆڵانە بکەیتەوە وەک شێوەی بیرکردنەوە -- مێتافۆرێک بۆ ئەوەی چۆن هەموومان پرۆسەی زانیاری و بیرۆکەکان ئەکەین لە ژیانی ڕۆژانەمانا. ئەوەی ئەمڕۆ مشتومڕی لەسەر ئەکەم ئەوەیە کە توانای بڕیاردانی باش، پێشبینیکردنی ورد، بڕیاردانی باش، بەزۆری دەربارەی ئەوەیە شێوەی بیرکردنەوەت چۆنە. بۆ ئەوەی ئەم شێوەی بیرکردنەوانە بخەینە کار، ئەتانگێڕمەوە بۆ فەڕەنسای سەدەی نۆزدەیەم، کە ئەم پارچە کاغەزەی لە بێ زیان ئەچێت یەکێک لە گەورەترین ئابڕووچوونە سیاسییەکانی مێژووی دەستپێکرد. ساڵی ١٨٩٤ دۆزرایەوە لەلایەن ئەفسەرەکان لە ستافی گشتی فەڕەنسا. لەناو سەبەتەیەکی زبڵەیا پارچە پارچە کرابوو، بەڵام کاتێک پارچەکانیان نایەوە بەیەکەوە، بۆیان دەرکەوت کەسێک لەناویانا نهێنی سەربازی فرۆشتووە بە ئەڵمانیا. بۆیە لێکۆڵینەوەیەکی گەورەیان دەستپێکرد، و بەخێرایی گوومانەکانیان لەسەر ئەم پیاوە یەکیگرتەوە، ئاڵفرێد درەیفوس. تۆمارێکی پاکی هەبوو، هیچ مێژووێکی خراپەکاری نەبوو، هیچ پاڵنەرێکی شاردراوە پێیان بدۆزرێتەوە. بەڵام درەیفوس تەنیا ئەفسەری جولەکە بوو لەو پلەیەدا لە سوپایا، و بەداخەوە لەو کاتەیا، سوپای فەڕەنسی تەواو دژە سامی بوون. دەستوخەتی درەیفوسیان بەراوردکرد بە دەستوخەتی کاغەزەکە و گەشتنە ئەو ئەنجامەی لەیەک ئەچن، هەرچەندە پسپۆڕە دەرەکییەکانی دەستوخەت کەمتر دڵنیابوون لەو هاوشێوەییە، بەڵام واز لەوە بێنن. ڕۆشتن و ئەپارتمانەکەی درەیفەس گەڕان، بۆ نیشانەکانی سیخوڕی گەڕان. بەناو فایلەکانیا گەڕان، و نەیانتوانی هیچ بدۆزنەوە. ئەمە نەک بەتەنیا وایلێکردن زیاتر باوەڕکەن کە درەیفوس نەک تاوانبارە، بەڵکو نهێنیبازیشە، چونکە ئاشکرایە توانیوێتی هەموو بەڵگەکان بشارێتەوە پێش ئەوەی ئەمان بتوانن بیگەنێ. دواتر، ڕۆشتن و بەناو مێژووی کەسی خۆیا گەڕان بۆ هەر وردەکارییەکی یەکلاکەرەوە. قسەیان لەگەڵ مامۆستاکانی کرد، بۆیان دەرکەوت کە زمانە بیانییەکانی خوێندووە لە قوتابخانە، کە بە ڕوونی خواستی نیشانیاوە بۆ پلانگێڕی لەگەڵ حکومەتە بێگانەکان لە ماوەی دواتری ژیانیدا. مامۆستاکانیشی وتیان کە درەیفەس ناسراویشە بەوەی یادەوەرییەکی بەهێزی هەیە، کە زۆر جێی گومانە، وانییە؟ ئەزانن، چونکە سیخوڕ پێویستە زۆر شتی بیربێت. بۆیە دۆسییەکە چووە دادگاییەوە، و درەیفەس بە تاوانبار دانرا. دواتر، بردیانە دەرەوە بۆ مەیدانی گشتی و باجەکەیان لە جلە ڕەسمییەکانی کردەوە و شمشێرەکەیان کرد بە دوو کەرتەوە. بەمە ئەوترا لێسەندنەوەی پلە لە درەیفەس. ئینجا سزادرا بە زیندانی هەمیشەیی لەسەر دوورگەی شەیتان، کە ئەم بەردە بێ ژیانەیە لەنزیک کەنارئاوی ئەمریکای باشوور. بۆیە چووە ئەوێ و لەوێ ڕۆژەکانی بەتەنیا بردە سەر، بەردەوام نامەی ئەنووسی بۆ حکومەتی فەڕەنسی لێیان ئەپاڕایەوە دۆسییەکە بکەنەوە بۆ ئەوەی بە بێتاوانی ئەم بزانن. بەڵام بۆ زۆربەی بەشەکە، فەڕەنسا مەسەلەکەی بە داخراو زانی. شتێک کە جێی سەرنجە بۆم دەربارەی بابەتەکەی درەیفەس ئەم پرسیارەیە بۆچی ئەفسەرەکان ئەوەنە دڵنیابوون لەوەی درەیفەس تاوانبار بووە. مەبەستم ئەوەیە، لەوانەیە بتوانیت واشی دابنێیت وایان ڕێکخستووە، بە مەبەست تۆمەتیان خستبێتە پاڵی. بەڵام مێژووناسەکان پێیان وانییە کە ئەوە ڕووی یابێت. ئەوەنەی بیزانین ئەوەیە، ئەفسەرەکان بەڕاستی باوەڕیان وابووە کە دۆسییەکە بەهێز بووە دژی درەیفەس. کە واتان لێئەکات بیر بکەنەوە: چی ئەڵێت دەربارەی مێشکی مرۆڤ کە بەڵگەیەکی ئاوا لاواز بەلامانەوە وەک پێویست قایلکەر بێت بۆ تۆمەتبارکردنی پیاوێک؟ ئەمە دۆسییەکەیە بۆ ئەوەی زانایان پێی ئەڵێن "بەڵگەبۆهێنانەوە لەژێر پاڵنەرا." ئەم دیاردەیەیە کە پاڵنەرە بێهۆشییەکانمان، خواستەکانمان و ترسەکانمان، شێوەی وەرگێڕانمان بۆ زانیاری دیاری ئەکەن. هەندێک زانیاری، هەندێک بیرۆکە، لە هاوپەیمانمان ئەچن. ئەمانەوێ کە بیبەنەوە. ئەمانەوێ بەرگریان لێبکەین. زانیاری یان بیرۆکەکانی تریش دووژمنمانن، و ئەمانەوێ بیانخەینە خوارەوە. لەبەر ئەمەیە بە بەڵگەبۆهێنانەوەی لەژێر پاڵنەردا ئەڵێم شێوەی بیرکردنەوەی سەرباز لەوانەیە زۆربەتان هەرگیز دادگایی ئەفسەرێکی جولەکەی فەڕەنسیتان نەکردبێت لەسەر ناپاکی گەورە، وای دائەنێم، بەڵام لەوانەیە شوێن وەرزش یان سیاسەت بکەون، لەوانەیە تێبینیتان کردبێت کاتێک ناوبژیوانەکە ئەڵێت تیپەکەت فاوڵی کردووە، بۆ نموونە، پاڵنەرێکی زۆرت هەیە بۆ ئەوەی هۆکارێک بدۆزیتەوە کە بۆچی هەڵەیە. بەڵام ئەگەر بڵێت تیمەکەی تر فاوڵی گرتووە تەواو زۆر باشە بەلاتەوە! تەواو بڕیارێکی باشی یاوە، با لە نزیکەوە لێی نەکۆڵینەوە. یان، لەوانەیە توێژینەوەیەک یان نوسراوێکت خوێندبێتەوە کە لە هەندێک پەیڕەوی جێی مشتومڕی کۆڵیوەتەوە، وەک سزای لەسێدارەدان. وەک توێژەرەکانیش نیشانیان یاوە، ئەگەر پشتیوانی سزای لەسێدارەدان بکەیت و توێژینەوەکە نیشانی یاوە کە کاریگەر نییە، کەواتە پاڵنەرێکی زۆرت هەیە هەموو هۆکارەکان بدۆزیتەوە کە بۆچی توێژینەوە بە خراپی نەخشەی بۆ دانراوە. بەڵام ئەگەر نیشانی بات کە سزای لەسێدارەدان بەسوودە، توێژینەوەیەکی باشە. بە پێچەوانەشەوە: ئەگەر پشتگیری سزای لەسێدارەدان نەکەیت، هەمان شتە. بڕیاردانمان بە بەهێزی لەژێر کاریگەرایە، بێ ئەوەی هۆشمان لایبێت، کە ئەمانەوێ کام لا براوە بێت. ئەمەش لە هەموو لایەکە. شێوەی بیرکردنەوەمان دائەڕێژێت بۆ تەندروستیمان، پەیوەندییەکانمان، چۆن بڕیار ئەیەین دەنگ بەین، چی بە ڕەوا یان ڕەوشتی دائەنێین. ئەوەی زۆر ترسێنەرە بەلامەوە لە بەڵگەبۆهێنانەوە لەژێر کاریگەرا یان شێوەی بیرکردنەوەی سەربازی، ئەوەیە چەندێک بێهۆشانەیە. ئەتوانین وا بیربکەینەوە بابەتین و ڕەوایانە بیر ئەکەینەوە و دەرئەنجامیش ژیانی کەسێکی بێتاوان تێکبەین. بەڵام، خۆشبەختانە بۆ درەیفەس، هێشتا چیرۆکەکەی تەواو نەبووە. ئەمە کۆلۆنێڵ پیکارتە. ئەفسەرێکی تری پلەبەرزە لەناو سوپای فەڕەنسی، و وەک زۆر کەسی تر، وایدانابوو درەیفەس تاوانبار بێت. هەروەها وەک زۆر کەسی سوپا، ئەویش هەتا ڕادەیەک دژە سامی بوو. بەڵام لە خاڵێکی دیاریکراودا، پیکارد دەستیکرد بە گومانکردن: "چی ئەبێ ئەگەر هەموومان هەڵەبین لەبارەی درەیفەسەوە؟" ئەوەی ڕوویدا ئەوەبوو، بەڵگەی دۆزییەوە کە سیخوڕیکردنەکە بۆ ئەڵمانیا بەردەوام بوو، هەرچەنە درەیفەس لە زیندانا بوو. هەروەها ئەوەشی دۆزییەوە کە ئەفسەرێکی تری سوپا دەستوخەتێکی هەبووە بە تەواوەتی لەوەی نوسراوەکە چووە، زۆر نزیکتر لە دەستوخەتی درەیفەس. بۆیە ئەم دۆزینەوانەی برد بۆ ئەوانەی سەروو خۆی، بەڵام بەداخەوە بۆی، یان ئەوەتا گرنگیان پێنەیا یان بەڵگەیان هێنایەوە بۆ ڕوونکردنەوەی دۆزینەوەکانی، وەک "هەموو ئەوەی دەرتخستووە بیکارت، ئەوەیە کە سیخوڕێکی تر هەیە کە فێربووە هەمان دەستوخەتی درەیفەس بەکاربێنێت، و دوای ڕۆشتنی درەیفەس مەشخەڵی سیخوڕیکردنەکەی هەڵگرتووە. بەڵام درەیفەس هێشتا تاوانبارە." دەرئەنجام، پیکارت توانی بێتاوانی درەیفەس بسەلمێنێت. بەڵام ١٠ ساڵی پێچوو، و بەشێکی ئەو کاتەش، خۆی لە زیندانا بوو لەسەر تاوانی دڵسۆزنەبوون بۆ سوپا. زۆر کەس هەست ناکەن پیکارت بتوانرێ بکرێت بە پاڵەوانی ئەم چیرۆکە چونکە دژە سامییەک بووە و ئەوەش خراپە، کە هاوڕام لەگەڵی. بەڵام بۆخۆم، ڕاستی ئەوەی کە پیکارت دژە سامی بووە وا ئەکات کارەکانی زیاتر جێگەی ڕێز بن، چونکە ئەویش پێشینەیەکی هەبووە هەمان هۆکاری بەهەڵەدابەر وەک ئەفسەرەکانی تر، بەڵام پاڵنەرەکەی بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و ئاشکراکردنی هەمووی ئەخاتە لاوە. بۆیە بۆ من، پیکارت منداڵی پۆستەرە بۆ ئەوەی پێی ئەڵێم "شێوەی بیرکردنەوەی دیدەوان." پاڵنەرەکەیە بۆ ئەوەی وانەکرێت بیرۆکەیەک براوە بێت یان یەکێک دۆڕاو بێت، بەڵام تەنیا بۆ بینینی ئەوەی کە بەڕاستی چی لەوێیە بە ڕاستگۆترین و وردترین شێوە کە بکرێت، تەنانەت ئەگەر جوان یان لەبار یان خۆش نەبێت. ئەم شێوەی بیرکردنەوەیە کە خۆم بایەخی پێئەیەم. و ساڵەکانی پێشووترم بەسەربردووە لە گەڕان و لێکۆڵینەوە هەتا بزانم چی ئەبێتە هۆی شێوەی بیرکردنەوەی دیدەوان. بۆچی هەندێک کەس، هەندێک جار هیچ نەبێت، ئەتوانن بەسەر پێشینە و پاڵنەرەکان و دەمارگیرییەکەیاندا زاڵبن و هەوڵ ئەیەن ڕاستییەکان و بەڵگەکە ببینن بە بابەتیترین شێوە کە بکرێت؟ وەڵامەکەش بەسۆزبوونە. شێوەی بیرکردنەوەی سەرباز ڕەگەکەی سۆزە وەک دۆخی بەرگریکردن یان خێڵەکێتی، شێوەی بیرکردنەوەی دیدەوانیش. تەنیا ڕەگەکەی لە سۆزی جیاوازایە. بۆ نموونە، دیدەوانەکان حەز بە زانین ئەکەن. ئەگەری زیاتر هەیە بڵێن هەست بە خۆشی ئەکەن کاتێک زانیاری نوێ فێر ئەبن یان حەز بە دۆزینەویە وەڵامی مەتەڵ ئەکەن. ئەگەریان زیاترە هەست بە سەرسامی بکەن کاتێک ئەگەنە سەر شتێک کە دژی چاوەڕوانییەکانی ئەوان بێت. دیدەوانەکان بەهای جیاوازیشیان هەیە. ئەگەریان زیاترە بڵێن وا بیرئەکەنەوە چاکەکارانە بێت باوەڕی خۆت تاقیکەیتەوە، و ئەگەریان کەمترە بڵێن کەسێک کە بیرکردنەوەی خۆی ئەگۆڕێت لە لاواز ئەچێت. لە سەروو هەمووشییەوە، دیدەوانەکان بناغەیان هەیە واتای ئەوەیە بەهای خودیان وەک کەسێک نەبەستراوە بەوەی چەندێک ڕاست یان هەڵەن دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو. بۆیە ئەتوانن باوەڕ بکەن کە سزای لەسێدارەدان بەسوودە. ئەگەر توێژینەوە دەرچێت کە وا نییە، ئەتوانن بڵێن، "هاه. لەوە ئەچێت لەوانەیە هەڵە بم. واتای ئەوە نییە من خراپ یان بێمێشک بم." ئەم کۆبوونەوەی خەسڵەتانە ئەوەیە کە توێژەرەوەکان دۆزیویانەتەوە و -- هەروەها منیش سەرگوزەشتانە ئەوەم دۆزییەوە -- کە پێشبینی بڕیاردانی باش ئەکات. و ئەوەشی کە ئەمەوێت هەر بیرتان بێت لەسەر ئەو خەسڵەتانە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی سەرەکی دەربارەی ئەوە نییە چەندێک زیرەکن یان چەندێک ئەزانن. ڕاستییەکەی، هێندە پەیوەندییان نییە بە ئاستی زیرەکییەوە. دەربارەی ئەوەیە هەست بە چی ئەکەیت. وتەیەک هەیە کە بەردەوام ئەگەڕێمەوە سەری، هی سەنت ئێکسوپێرییە. نوسەری "شازادە بچووکەکەیە." وتوێتی، "ئەگەر ئەتەوێ کەشتییەک دروستکەیت، تەپڵ لێمەیە بۆ پیاوەکانت دار کۆکەنەوە و فەرمان دەرکەیت و کار دابەشکەیت. لەجیاتی ئەوە، فێریان بکە هیوا بخوازن دەریا فراوان و بێکۆتاکە ببینن." بە واتایەکی تر، بەلای منەوە، ئەگەر بەڕاستی بمانەوێت توانای بڕیاردانمان باشتر بکەین وەک تاکەکان و وەک کۆمەڵگاکان، ئەوەی لەهەمووی زیاتر پێویستمانە ڕێنمایی زیاتر نییە لە لۆجیکا یان ڕەوانبێژی یان ئەگەر یان ئابووری، هەرچەندە کە ئەو شتانە زۆر بەنرخیشن. بەڵام ئەوەی لەهەموی زیاتر پێویستمانە بەکارهێنانی ئەو بنەمایانە و شێوەی بیرکردنەوەی دیدەوانە. پێویستە شێوەی هەستکردنمان بگۆڕین. پێویستە فێربین چۆن هەست بە شانازی بکەین لەجیاتی شەرمکردن کاتێک تێبینی ئەکەین کە لەوانەیە هەڵە بووبێتین لەبارەی شتێکەوە. پێویستە فێربین چۆن هەست بکەین سەرمان سوڕماوە وەک لەوەی بەرگری بکەین کاتێک زانیارییەک ئەبینین کە دژی باوەڕەکانی خۆمان بێت. کەواتە پرسیارەکەی کە ئەمەوێت بەجێتان بێڵم لەگەڵی ئەمەیە: لەهەموو شتێک زیاتر ئاوات بۆ چی ئەخوازیت؟ ئەتەوێ بەرگری لە باوەڕەکانت بکەیت؟ یان ئەتەوێت بە ڕوونترین شێوە کە ئەکرێت جیهان ببینیت؟ زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)