من نەشتەرگەری مێشک و دەمارم، و ئەمڕۆ هاتووم پێتان بڵێم کە کەسانی وەک من پێویستیان بە یارمەتی ئێوەیە. و کەمێکی تر، پێتان ئەڵێم چۆن. بەڵام یەکەم شت، با دەستپێکەم بە باسکردنی نەخۆشێکی خۆم بۆتان. ئەمە ژنێک بوو لە پەنجاکانی تەمەنیا، بەشێوەیەکی گشتی تەندروستی باشبوو، بەڵام چەند جارێک چۆتە نەخۆشخانە و دەرچووە بەهۆی چارەسەری بنەبڕکردنی شێرپەنجەی مەمک. ئێستا تووشی دەرچوونی دیسکی بڕبڕەکانی ملی بووە، بەهۆیەوە ئازار ئەگوازرێتەوە لە ملییەوە، بۆسەر قۆڵی ڕاستی. پێش ئەوەی ڕاوێژم پێبکرێت سەیری ئێم ئاڕ ئایەکەیم کرد، بڕیارم یا پێشنیاری نەشتەرگەری بکەم. ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە ستانداردن، و بە خێرایی ئەکرێت. بەڵام مەترسییەکی دیاریکراویان هەیە. بڕینێک لێرەیا ئەکەیت، و بە وردی توێکاری ئەکەیت هەتا پشتی بۆری هەناسە، سورێنچک، و هەوڵیش ئەیەیت خوێنبەرەکە نەبڕیت کە ئەچێت بۆ مێشک. (پێکەنین) ئینجا مایکرۆسکۆپەکە ئەهێنیت، و هێواش هێواش دیسکەکە و دەرچوونەکەی لائەبەیت لە کەناڵی دەمارەکە، بێ ئەوەی زیان بە دڕکە پەتک و ڕەگی دەمارەکە بگەیەنیت کە چەند میلیمەترێک لەژێرەوەیە. خراپترین ئەگەر ڕووبات زیان گەیاندنە بە دڕکە پەتک، کە ئەکرێت ببێتە هۆی شەلەل لە ملەوە بۆ خوارەوە. دوای ڕوونکردنەوەی ئەمە بۆ نەخۆشەکە، یەکسەر بێدەنگ بوو. دوای چەند ساتێکیش، چەند وشەیەکی زۆر یەکلاکەرەوەی وت بۆ خۆشم و بۆخۆشی. "دکتۆر، بەڕاست ئەمە پێویستە؟" (پێکەنین) ئەشزانن درکم بەچی کرد، ئەوکاتە و لەویا؟ پێویست نەبوو. ڕاستییەکەی، کاتێک نەخۆشی وەک ئەم ژنەم بۆ یەت، ئامۆژگاری ئەوەیان ئەکەم نەشتەرگەری نەکەم. کەواتە ئەمجارە بۆچی پێشنیاری نەشتەرگەریم کرد؟ ئەزانن چۆنە، ئەم دەرچوونە زۆر نموونەیی بوو، ئەمهێنایە بەرچاوی خۆم کە چۆن لە کەناڵی ڕەگی دەمارەکە دەری ئەکەم پێش ئەوەی بێتە ژووری ڕاوێژکارییەکە. ئەبێ دانی پیا بنێم، ئەمویست نەشتەرگەری بۆ بکەم. حەزم ئەکرد نەشتەرگەری بۆ بکەم. نەشتەرگەری کردن هەرچۆنێک بێت خۆشترین بەشی کارەکەمە. (پێکەنین) پێموابێت لەوانەیە ئێوەش ئەو هەستەتان هەبووبێت. دراوسێ تەلارسازەکەم وتی حەز ئەکا دانیشێت و وێنە بکێشێت و نەخشەی خانوو دابنێت. ئامادەیە بەدرێژایی ڕۆژ بیکات ئینجا قسە لەگەڵ کڕیارەکە بکات کە پارەی خانووەکە ئەیات کە لەوانەیە ڕیگریش بخاتە بەردەمی بۆ ئەوەی ئەیەوێ بیکات. بەڵام وەک هەموو تەلارسازێک، هەموو نەشتەرگەرێکیش پێویستە سەیری چاوەکانی نەخۆشەکە بکات و پێکەوە لەگەڵ نەخۆشەکە، پێویستە بڕیار بەن باشترین چییە بۆ کەسەکەی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەکرێت. ئەوەش لەوانەیە لە ئاسان بچێت. بەڵام با سەیری چەند سەرژمێرییەک بکەین. لەوزەتێن دوو گرێکەن کە لە پشتی قوڕەگەوەن. بە نەشتەرگەری دەرئەکرێن، و پێی ئەوترێت لابردنی لەوزەتێن. ئەم هێڵکارییە ڕێژەی نەشتەرگەری لابردنی لەوزەتێنی نەرویج نیشان ئەیات لە ناوچە جیاکانا. ئەوەی سەرنجت ڕائەکێشێت ئەوەیە دوو ئەوەنە ئەگەری هەیە کە منداڵەکەت -- چونکە ئەمە بۆ منداڵانە -- لە فینمارک لابردنی لەوزەتێنی بۆ بکرێت وەک لە ترۆندهایم. ئاماژەکان بۆ نەشتەرگەری لە هەردوو ناوچەکە یەک شتن. نابێت جیاوازی هەبێت، بەڵام هەیە. ئەمەش هێڵکارییەکی ترە. کەوانە کڕکڕاگە یارمەتی ڕاگرتنی ئەژنۆ ئەیات و ئەکرێت لەناکاو بدڕێت یان پارچەی لێبێتەوە، لە کاتی وەرزشی وەک تۆپی پێ. ئەوەی ئەیبینیت لێرەیا ڕێژەی نەشتەرگەرییە بۆی. ئەبینیت ڕێژەی نەشتەرگەری لە مۆر ئۆگ رۆمسداڵ پێنج هێندەی ڕێژەی نەشتەرگەرییە لە ستافانجەر. پێنج هێندە. ئەمە چۆن ئەبێت؟ ئایا یاریزانەکانی تۆپی پێی مۆر ئۆگ رۆمسداڵ ڕەقتر یارییان کردووە وەک لە شوێنەکانی تری وڵات؟ (پێکەنین) لەوە ناچێت. ئێستا هەندێک زانیاریم زیاد کرد. ئەوەی ئێستا ئەیبینیت نەشتەرگەرییەکانە کە ئەکرێت لە نەخۆشخانە گشتییەکان، شینە کاڵەکە، ئەوانەشی لە کلینیکە تایبەتەکان ئەکرێن سەوزە کاڵەکە. چالاکی زۆر هەیە لە کلینیکی تایبەتی لە مۆر ئۆگ رۆمسداڵ، وانییە؟ ئەمە ئاماژەی چییە؟ ئەگەری هەبوونی پاڵنەری ئابووری بۆ چارەسەری نەخۆشەکان. زیاتریش هەیە. توێژینەوە تازەکان نیشانیان یاوە کە جیاوازی کاریگەری چارەسەر لەنێوان چارەسەری جەستەیی ئاسایی و نەشتەرگەری بۆ ئەژنۆ -- هیچ جیاوازییەک نییە. واتە هەموو نەشتەرگەرییەکانی کە کراون لەسەر هێڵکارییەکەی پیشانم یان ئەکرا بەدوور بگیرێت، تەنانەت لە ستاڤانجەریش. کەواتە لێرەیا ئەمەوێ چیتان پێبڵێم؟ هەرچەندە زۆربەی ئاماژەکان بۆ چارەسەرکردن لە جیهاندا ستاندارد و نەگۆڕە، چەندین هەمەچەشنی ناپێویستی بڕیارەکانی چارەسەر هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتەکانی خۆرئاوا. هەندێک کەس ئەو چارەسەرە وەرناگرن کە پێویستیان پێیەتی، بەڵام ژمارەیەکی زۆر زیاتر چارەسەری زیاد لەپێویست ئەکرێن. "دکتۆر، ئایا بەڕاست پێویستە؟" بەهەموو ژیانی پیشەییەم یەک جار گوێم لەو قسەیە بووە. هاوپیشەکانم ئەڵێن هەرگیز گوێیان لێنەبووە نەخۆشێک ئەو قسەیە بکات. و ئەگەر پێچەوانەی بکەینەوە، پێتوایە چەندێک زۆر "نەخێر" وەر ئەگریت لە پزیشکێکەوە ئەگەر پرسیارێکی وا بکەیت؟ توێژەرەوەکان لەمەیان کۆڵیوەتەوە، و ئەوانیش هەمان ڕێژەی "نەخێر"یان دەستکەوتووە بۆ هەر کوێیەک چووبێتن. ئەوەش لەسەدا ٣٠یە. واتە، لە ١٠ جار جارێک، پزیشکەکەت شتێک ئەنوسێت یان پێشنیاری شتێک ئەکات کە بە تەواوەتی ناپێویستە. ئەشزانیت ئەڵێن هۆکاری ئەمە چییە؟ فشاری نەخۆش. بە واتایەکی تر، ئێوە. ئێوە ئەتانەوێ شتێک بکرێت. هاوڕێیەکم هات بۆلام بۆ ئامۆژگاری پزیشکی. کوڕێکی وەرزشەوانە، لە کاتی زستاندا خلیسکێنەی زۆر ئەکات لەنێوان وڵاتەکانا، بە هاوینانیش ڕاکردن ئەکات. ئەمجارە، تووشی ئازارێکی پشتی خراپ ئەبوو کاتێک ئەچوو بۆ ڕاکردن. هێندە زۆربوو ناچاربوو بیوەستێنێت. پشکنینێکم بۆ کرد، پرسیاری تەواوم لێکرد و بۆم دەرکەوت کە لەوانەیە دیسکێکی پووکاوەی بڕبڕەکانی خوارەوەی هەبێت لە بەشی خوارەوەی بڕبڕەی پشت. هەرجارێک خۆی ماندوو بکردایە ئازاری دروست ئەکرد. هەر خۆی لەجیاتی ڕاکردنەکە دەستی کردبوو بە مەلە، هیچ شتێکی تر نەبوو بیکات، بۆیە پێموت، "پێویستە باشتر هەڵبژێریت کاتێک یەتە سەر ڕاهێنان. هەندێک چالاکی باشن بۆت، هەندێکیان باش نین." وەڵامەکەی ئەمە بوو، "ئەمەوێ ئێم ئاڕ ئایەکی پشتم بکرێت." "بۆچی ئێم ئاڕ ئایت ئەوێت؟" "بە بیمەی کارەکەم ئەتوانم بێ بەرامبەر بیکەم." وتم، "پێمبڵێ" -- هەرچۆنێک بێت هاوڕێم بوو. "ئەوە هۆکارە ڕاستەقینەکە نییە." "پێموابێت باش ئەبێت ببینیت پشتم چەند خراپی بەسەر هاتووە." پێم وت، "کەی فێری ئەوە بوویت ئێم ئاڕ ئای بخوێنیتەوە؟" (پێکەنین) "لەمەیا متمانەم پێ بکە. پێویستت پێی نابێت." ئینجا وتی، "باشە"، و دوای کەمێک، بەردەوام بوو وتی، "لەوانەیە شێرپەنجە بێت." (پێکەنین) بێگومان، ئێم ئاڕ ئایەکەی کرد. و لەڕێگەی بیمەی تەندروستییەکەی، توانی یەکێک لە هاوپیشەکانی خۆم ببینێت، ئەویش پێی وتبوو دیسکێکە پووکاوەتەوە، هیچ شتێکی بۆ ناکرێت، و پێویستە بەردەوامبێت لە مەلە و واز لە ڕاکردن بهێنێت. دوای ماوەیەک، دووبارە بینیمەوە و وتی، "هیچ نەبێت ئێستا ئەزانم چییە." بەڵام با پرسیارێکتان لێبکەم. چی ئەبێت ئەگەر هەموو ئەوانەی لەم ژوورەیان بۆ پشت ئێشە ئێم ئاڕ ئای بکەن؟ چی ئەبێت ئەگەر هەموو خەڵکی نەرویج بەهۆی پشت ئێشەی تاوتاوەوە ئێم ئاڕ ئای بکەن؟ لیستی چاوەڕوانی بۆ ئێم ئاڕ ئایەک ئەبێ بە چوار ئەوەنە، یان زیاتریش. هەمووشتان جێگەیەک ئەگرن لەسەر لیستەکە لە کەسێکەوە کە بەڕاستی شێرپەنجەی هەیە. بۆیە پزیشکێکی باش هەندێک جار ئەڵێت نەخێر، بەڵام هەندێک جاریش نەخۆشی تێگەشتوو ڕەتی ئەکاتەوە بۆی بکرێت، دەرفەتێک بۆ دەستنیشانکردن یان چارەسەرکردن. "دکتۆر، بەڕاست ئەمە پێویستە؟" ئەزانم قورسە ئەم پرسیارە بکەیت. ڕاستییەکەی، ئەگەر ٥٠ ساڵ بگەڕێیتە دواوە، ئەمە بە بێڕێزیش دائەنرا. (پێکەنین) ئەگەر پزیشکەکە بڕیاری شتێکی بۆ بیایتایە، تەواو ئەتکرد. هاوپیشەیەکم کە ئێستا پزیشکی گشتییە، بە منداڵی نێردرابوو بۆ شوێنێکی جیاکردنەوەی سیل، بۆ ماوەی شەش مانگ. زەبرێکی دەروونی خراپ بوو بۆی. دواتر کە گەورەبوو، بۆی دەرکەوت، هەموو پشکنینەکانی بۆی کرابوو بۆ سیل هەمووی نەرێنی دەرچووبوون. پزیشکەکە تەنیا لەسەر گومانی هەڵە ناردبووی. هیچ کەسێک نەیوێرابوو یان بیری نەکردبۆوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات. تەنانەت دایک و باوکیشی. ئەمڕۆ، وەزیری تەندروستی نەرویج باسی خزمەتی تەندروستی نەخۆش ئەکات. پێویستە نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکەکەوە ئامۆژگاری پێبدرێت کە چی بکات. ئەمە بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە. بەڵام بەرپرسیارێتی زیاتریش ئەخاتە سەر شانت. پێویستە بچیتە کوشنی پێشەوە لەگەڵ پزیشکەکەتا و دەستکەیت بە هاوبەشبوون لە بڕیارەکانی هەنگاوی دواتر. بۆیە، جاری داهاتووت لە نوسینگەی پزیشکێک، ئەمەوێ بپرسیت، "دکتۆر، ئایا بەڕاست ئەمە پێویستە؟" بۆ نەخۆشەکەش کە من هەمبوو، وەڵامەکە نەخێر ئەبێت، بەڵام نەشتەرگەریش ڕێی تێئەچێت. "بۆیە پزیشکەکان، مەترسییەکان چین کە ئەم نەشتەرگەرییە هەڵیئەگرێت؟" لەسەدا پێنج بۆ دەی نەخۆشەکان خراپبوونی نیشانەکانیان ئەبێت. لەسەدا یەک بۆ دووی نەخۆشەکان هەوکردنی برینەکە یان تەنانەت خوێنبەربوونیشیان ئەبێت کە بەهۆیەوە ناچار بین نەشتەرگەری بکەینەوە. لەسەدا یەک لەسەر دوویان دەماری دەنگیان ئەپچڕێت و کەمێک، هێشتا کەمێک، تووشی خراپبوونی کارەکانی دەستەکان یان تەنانەت قاچەکانیش ئەبن. "دکتۆر، هەڵبژاردنی تر هەیە؟" بەڵێ، پشوو و چارەسەری سرووشتی بە تێپەڕبوونی کات لەوانەیە زۆر باشترت بکات. "ئەی چی ڕووئەیات ئەگەر هیچ نەکەم؟" پێشنیارکراو نییە، بەڵام واهیش، ئەگەرێکی کەم هەیە کە باشتر ببیت. چوار پرسیار. پرسیاری سادە. وایدانێ سندووقی ئامرازی نوێیە پێتان بۆ یارمەتی یانمان. بەڕاست ئەمە پێویستە؟ مەترسییەکان چین؟ هەڵبژاردنی تر هەیە؟ چی ڕووئەیات ئەگەر هیچ نەکەم؟ پرسیار لە پزیشکەکەت بکە کاتێک ئەتنێرێت بۆ ئێم ئاڕ ئای، کاتێک دژە بەکتریا ئەنووسێت یان پێشنیاری نەشتەرگەری ئەکات. ئەوەی لە توێژینەوەکانەوە فێری بووین لە پێنج کەستان یەکێکتان، لەسەدا ٢٠تان، بۆچوونتان ئەگۆڕن لەسەر ئەوەی چی بکەن. بەوەش، نەک بەتەنیا ژیانی خۆتان زۆر ئاسانتر ئەکەن، و لەوانەیە باشتریش، بەڵکو هەموو کەرتی تەندروستی بەو بڕیارەتان سوودی پێئەگات. زۆر سوپاس (چەپڵەلێدان)