ڕۆژێکی ساردی خۆرهەتاوی مانگی ئازار بوو. بەسەر شەقامەکەی ریگایا ئەڕۆشتم. بیرمە زستان هێواش هێواش بەرەو کۆتایی ئەچوو. هێشتا کەمێک بەفر لەملاولا مابوو، بەڵام شۆستەکە وشک و ڕوون دیاربوو. ئەگەر لە ریگا ژیابێتن، ئەو هەستی ئاسوودەبوونە ئەزانن کە یەکەم نیشانەکانی بەهار ئەیهێنێت، و پێویست ناکات چیتر ڕێی خۆت بکەیت بەناو تێکەڵە نیوەتواوەکەی بەفر و قوڕی سەر شەقامەکان. منیش لەوێ بووم، چێژم لە پیاسەکەم ئەبینی، لەناکاو کاغەزێکی ڕۆنیۆوم بینی لەسەر شۆستەکەی بەردەمم، نەخشێک: پیتە سپییەکانی ڕەنگ کرابوون لەسەر ئەم خشتە ڕەساسییە تۆخانە. نوسرابوو، "بەرپرسیارێتییەکەت لەکوێیە؟" پرسیارەکە لە شوێنی خۆم وەستاندمی. کاتێک لەویا وەستابووم و بیرم لە واتاکەی ئەکردەوە، تێبینیم کرد لە دەرەوەی بەشی شارەوانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی ریگا وەستاوم. بۆیە دەرکەوت کە نووسەری ئەم نەخشە، هەرکەسێک بووبێت، ئەم پرسیارەی کردبوو لەو خەڵکەی ئەهاتن بۆ وەرگرتنی هاوکاری کۆمەڵایەتی. ئەو هاوینە، توێژینەوەم ئەکرد لەسەر دەرئەنجامەکانی قەیرانی دارایی لە لاتڤیا. کاتێک قەیرانی دارایی جیهانی سەریهەڵدا لە ساڵی ٢٠٠٨، بە قورسی لە لاتڤیای دا وەک ئابوورییەکی بچووکی کراوە. بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی، حکومەتی لاتڤی ستراتیجی کەمکردنەوەی تێچوونی ناوخۆی هەڵبژارد. ئەوەش واتای ئەوەبوو بەشێوەیەکی بەرچاو سەرفکردنی بوودجەی گشتی کەمکرێتەوە، ئەوەش موچەی کرێکارەکانی کەرتی گشتی کەمدەکردەوە، خزمەتی شارستانی بچووک دەکردەوە، کەمکردنەوەی کۆمەکی بێکاری و هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی تر، و زیادکردنی باجیش. دایکم بەدرێژایی تەمەنی خۆی وەک مامۆستای مێژوو کاریکردووە. قەیرانەکە بۆ ئەو واتای ئەوەبوو لەسەدا ٣٠ی موچەکەی ببڕدرێت هەر لە ناکاو. چەندین کەسی تریش هەبوون لە دۆخی ئەو یان خراپتردا. بارگرانی قەیرانەکە کەوتە سەر شانی لاتڤییە ئاساییەکان. دەرئەنجامی قەیرانەکە و گۆڕانکارییە داراییەکانی کرا، ئابوری لاتڤیا لە ماوەی دوو ساڵدا بە ڕێژەی لەسەدا ٢٥ کەمیکرد. تەنها یۆنان قەیرانە داراییەکەی هێندە گەورە بوو. بەڵام لەکاتێکدا یۆنانییەکان بۆ ماوەی چەندین مانگ لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندانی هەندێک جار توندوتیژانەشیان ئەکرد لە ئەسینا، هەموو شتێک بێدەنگ بوو لە ریگا. ئابووریناسە دیارەکان شەڕیان ئەکرد لە ستوونەکانی "نیو یۆرک تایمس" دەربارەی ئەم تاقیکردنەوە قورسەی لاتڤیا لەبەردەم ڕژێمەکەیدا، و بە ناقایلییەوە سەیریان ئەکرد کە چۆن کۆمەڵگای لاتڤی خۆی ئەگونجێنێت لەگەڵی. ئەوکاتە من لە لەندەن ئەمخوێند، و جوڵەی پڕکردنەوەی ئەوێم بیرە و چۆن بڵاو ئەبۆوە لە شارێکەوە بۆ شارێک، لە مەدریدەوە بۆ نیو یۆرک و بۆ لەندەن، لەسەدا ٩٩کە دژی لەسەدا یەکەکە. چیرۆکەکە ئەزانن. بەڵام کە گەشتمە ریگا، هیچ دەنگۆیەکی جوڵەی داگیرکردنەکە نەبوو. لاتڤییەکان خۆیان ئەگونجاند لەگەڵی. وەک پەندە ناوخۆییەکە ئەڵێت، "بۆقەکەیان قووتداوە." بۆ توێژینەوەی دکتۆراکەم، ئەمویست زیاتر بزانم لەسەر ئەوەی پەیوەندی دەوڵەت-دانیشتوو چۆن بەرەو گۆڕان ئەچوو لە سەردەمی دوای سۆڤێت، و منیش نوسینگەی بێکاریم هەڵبژارد وەک شوێنی توێژینەوەکەم. و کاتێک لە پایزی ٢٠١١ گەشتمە ئەوێ، درکم کرد، "لە ڕاستیدا من یەکەم کەس شایەتحاڵم بۆ کاریگەرییەکانی قەیرانەکە، و ئەوانەی بە خراپترین شێوە بەرکەووتوون، ئەوانەی کارەکانیان لەدەستداوە، کاردانەوەیان چییە بۆی." بۆیە دەستم کرد بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەوانەی چاوم پێئەکەوت لە نوسینگەی بێکاری. هەموویان ناویان تۆمارکردبوو وەک کەسانێک کە بۆ کار ئەگەڕان و داوای یارمەتی حکومەتیان ئەکرد. بەڵام، زۆری پێنەچوو بۆم دەرکەوت، ئەم یارمەتییە بەجۆرێکی دیاریکراو بوو. هەندێک سوودی نەقدی هەبوو، بەڵام بەشی زۆری هاوکاری دەوڵەت لە شێوەی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکان بوو، و یەکێک لە گەورەترین ئەم پرۆگرامانە پێی ئەوترا "چالاکییەکانی زیادکردنی ڕکابەری." ئەوەش لە کرۆکدا، زنجیرەیەک سیمینار بوو کە هەموو بێکارەکان هانئەدران ئامادەی بن. بۆیە دەستمکرد بە ئامادەبوون لەم سیمینارانە لەگەڵیان. چەند لەگەڵ یەک نەگونجانێکم بەرچاوکەوت. بۆیە، بیهێنەرە بەرچاوت: قەیرانەکە هێشتا بەردەوامە، ئابووری لاتڤیا لە خراپبووندایە، بە ئەستەم خەڵک وەردەگیرێت، و ئێمەش لێرەین، لەم پۆلە ڕووناکە بچووکەیا، گرووپێکی ١٥ کەسی، کارمان ئەکرد لەسەر لیستی بەهێزی و لاوازی، و دیوەکانی ناخمان، کە پێمان وتراوە ڕێگری ئەکەن لەوەی بتوانین زیاتر سەرکەوتوو بین لە بازاڕی کارکردن. لەکاتێکدا گەورەترین بانقی ناوخۆیی ڕزگار دەکرێت و تێچوونی ئەم ڕزگارکردنەش ئەخرێتە سەر شانی دانیشتووان، لەسەر بازنەیەک دانیشتووین و فێرئەبین چۆن بە قووڵی هەناسە بەین کاتێک هەست بە فشاری دەروونی ئەکەین. (هەناسەدان بە قووڵی) لەکاتێکدا قیستی خانووبەرە دائەخرێت و هەزاران خەڵک کۆچ ئەکەنە دەرەوە، پێمان ئەوترێت خەونی گەورە ببینین و شوێن خەونەکانمان بکەوین. وەک کۆمەڵناسێک، ئەزانم کە پەیڕەوە کۆمەڵایەتییەکان شێوەیەکی گرنگی پەیوەندین لەنێوان وڵات و دانیشتووان. پەیامی پرۆگرامەکە ئەوەبوو، ئەو قسەیەی یەکێک لە جۆرەکانی کالە زۆر بەکاری ئەهێنێت، "تەنیا بیکە." بێگومان، وتەی کالەی نایکە. کەواتە بە ئاماژە، دەوڵەت پەیامی ئەنارد بۆ ئەو کەسانەی بێکارن کە پێویستە چالاکتر بن، پێویستە زیاتر هەوڵ بەن، پێویستە کار لەسەر خۆتان بکەن، پێویستە بەسەر دێوەکانی ناختانا زاڵبن، پێویستە زیاتر دڵنیابن لەخۆتان -- بەجۆرێک، وەک ئەوەی بێکاری شکستی کەسی خۆیان بێت. ناڵاندن بەدەست قەیرانەکەوە بەشێوەیەک چارەسەر ئەکرا وەک ئەزمونکردنی فشاری دەروونی کەسەکە و لەناو لەشی کەسەکە خۆیدا چارەسەر بکرێت لەڕێگەی هەناسەدانی قوڵ و بە تێڕامانەوە. ئەم جۆرە پرۆگرامە کۆمەڵایەتییانە کە بەرپرسیارێتی تاک دووپات ئەکاتەوە هەتا یەت زیاتر باو ئەبێت لە سەرانسەری جیهاندا. بەشێکن لەو زیادبوونەی کۆمەڵناس لۆیک واکوانت پێی ئەڵێت "دەوڵەتی نیۆلیبراڵی سێنتاور." سێنتاور، لەوانەیە بزانن، بوونەوەرێکی ئەفسانەییە لە کلتوری یۆنانی دێریندا، نیوە مرۆڤ، نیوە ئاژەڵە. بەشی سەرەوەی مرۆڤە و بەشی خوارەوەی ئەسپە. کەواتە دەوڵەتی سێنتاور دەوڵەتێکە کە ڕووە مرۆڤەکەی ئەکاتە ئەوانەی لە سەرەوەی پەیژە کۆمەڵایەتییەکەن لەکاتێکدا ئەوانەی لە بنەوەن پێیان پێدا ئەنرێت، ئەکرێن بەژێرەوە. کەواتە ئەوانەی داهاتیان زۆرە و بزنسە گەورەکان سوود ئەبینن لە کەمکردنەوەی باج و پەیڕەوە پشتیوانیکەرەکانی تر، بێکارەکان، هەژارەکان پێویستە بیسەلمێنن کە شایەنی ئەوەن دەوڵەت یارمەتییان بات، لەڕووی ڕەوشتییەوە ڕێکئەخرێن، لەکەدار ئەکرێن وەک نابەرپرسیار یان ناکارا یان تەمەڵ یان زۆرجار بە تاوانبار دائەنرێن. لە لاتڤیا، مۆدێلێکی دەوڵەتی سێنتاوری لەو شێوەیەمان هەبوو لە ٩٠ەکانەوە بە قورسی جێگیرکراوە. بۆ نموونە، باجی داهاتی تەخت کە هەتا ئەمساڵیش هەبووە هەر لە سوودی ئەوانە بووە کە زۆرترین داهاتیان هەبووە، لەکاتێکدا چارەکی دانیشتووان بەردەوام لە هەژاریدا ئەژین. و قەیرانەکە و چارەسەر بۆ قەیرانەکە ئەم جۆرە نایەکسانییە کۆمەڵایەتییانەیان خراپتر کردووە. کەواتە لەکاتێکدا باڵادەستی بانقەکان و دەوڵەمەندەکان پارێزراون، ئەوانەی زۆرترینیان لەدەستداوە وانەیان پێئەوترێتەوە لەسەر بەرپرسیارێتی تاک. ئێستا، کاتێک قسەم ئەکرد لەگەڵ ئەو کەسانەی لە سیمینارەکان بینیمن، چاوەڕێی ئەوەم لێئەکردن تووڕە بن. چاوەڕێی ئەوەم لێئەکردن بەرهەڵستی بکەن بۆ ئەم وانانە لە بەرپرسیارێتی کەسی. هەرچۆنێک بێت، قەیرانەکە خەتای ئەوان نەبووە، کەچی ناچار بوون بەرگەی قورساییەکەی بگرن. بەڵام لەکاتێکدا خەڵکەکان باسی چیرۆکەکانی خۆیان ئەکرد بۆم، دووبارە و دووبارە ئەتاسام بە هێزی ئەو بیرۆکەی بەرپرسیارێتیە. یەکێک لەو کەسانەی چاوم پێیکەوت زانێتی بوو. ماوەی ٢٣ ساڵ بوو کاریئەکرد وانەی چنین و پیشەی دەستی تری ئەوتەوە لە خوێندنگەیەکی پیشەیی لە ریگا. ئێستاش قەیرانەکە هاتووە، و قوتابخانەکە داخراوە وەک ڕێوشوێنی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە. دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی فێرکردن بەشێک بوو لە ڕێگای گێڕانەوەی پارە. ١٠ هەزار مامۆستاش لە سەرانسەری وڵات بەهۆیەوە کارەکانیان لەدەستدا و زانێتیش یەکێک بوو لەوان. بەو قسانەشدا بێت کە خۆی پێیوتم لەدەستدانی کارەکەی ئەوی خستبووە دۆخێکی ناخۆشەوە؛ لە مێردەکەی جیابۆتەوە، دوو منداڵی هەرزەکاری هەیە و بەس خۆی بەخێویان ئەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، کە قسەم لەگەڵ کرد، وتی کە قەیرانەکە بەڕاستی دەرفەتێکە بۆی. وتی، "ئەمساڵ ئەبم بە ٥٠ ساڵ. پێموابێت ژیان ئەم دەرفەتەی یاومەتێ بۆ ئەوەی سەیرێک بکەم، بووەستم، چونکە ماوەی ئەم چەند ساڵە بێوچان خەریکی کارکردن بووم، کاتم نەبووە بووەستم. ئێستاش وەستاوم، و دەرفەتی ئەوەم دراوەتێ کە بتوانم سەیری هەموو شتێک بکەم و بڕیاربەم ئەوە چییە کە ئەمەوێت و ئەوەش چییە کە نامەوێت. هەموو ئەم کاتە، چنین، چنین، جۆرێک لە ماندوێتی تەواوەتی." کەواتە زانێتی دوای ٢٣ ساڵ بێزاربوو لە دووبارە بوونەوەی شتەکان. بەڵام بیر لە دەربڕینی ناڕەزایەتی ناکاتەوە. باسی لەسەدا ٩٩کە ناکات بەرامبەر لەسەدا یەکەکە شیکردنەوە بۆخۆی ئەکات. و بەشێوەیەکی کرداری بیر ئەکاتەوە لە دەسکردن بە کارێکی بچووک لە دەرەوەی ژووری نووستنەکەی ئەم بووکەڵەی یادگارییە بچووکانەی درووست ئەکرد و بە گەشتیاری ئەفرۆشت. هەروەها چاوم بە ئەیڤارسیش کەوت لە نوسینگەی بێکارەکان. ئەیڤارس لە کۆتاییەکانی ٤٠ەکانیا بوو، کارەکەی خۆی لەدەستیابوو لە دەزگایەکی حکومی کە سەرپەرشتی دروستکردنی ڕێگایەکی ئەکرد. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانماندا، ئەیڤارس کتێبێکی هێنا کە ئەیخوێندەوە. پێی ئەوترا "کوتان دژی فشاری دەروونی، یان ئایکیدۆی وزەپێدەر بە دەروون." ئێستا، لەوانەیە هەندێکتان بزانن کە ئایکیدۆ جۆرێکی هونەری شەڕکردنە، کەواتە، ئایکیدیۆی وزەدەر بە دەروون بوو. ئایڤارسیش پێی وتم کە دوای چەندین مانگ لە خوێندنەوە و بیرکردنەوە و بەخۆداچوونەوە دوای بێکاربوونی، تێگەشت لەوەی کاتە قورسەکانی پیایا تێئەپەڕی بەهۆی خۆیەوە بوو. بەمنی وت، "خۆم خۆمم درووست کردووە. لە دۆخێکی دەروونیدا بووم کە باش نەبوو بۆم. ئەگەر کەسێک بترسێت لە لەدەستدانی پارەکەی، لەدەستدانی کارەکەی، فشاری دەروونی زیاتر ئەبێ لەسەریان، زیاتر ناجێگیر ئەبن، زیاتر ئەترسن. لەبەر ئەوە وایان لێیەت." کاتێک لێمپرسی ڕوونیکاتەوە، بەشێوەیەکی هۆنراوە ئامێز بیرکردنەوەکەی بەراورد کرد بە ئەسپە کێوییەکانی بە هەموو ئاڕاستەیەکا ئەڕۆن، ئینجا وتی، "پێویستە وەک شوان بیت بۆ بیرکردنەوەکانی خۆت. بۆ ئەوەی شتەکان ڕێکبخەیت لە جیهانی ماددی خۆتدا، پێویستە شوانی بیرکردنەوەکانت بیت، چونکە لەڕێگەی بیرکردنەوەکانتەوەیە کە هەموو شتێک ڕێکئەخرێت. وتیشی، "ئەم دواییە بەڕوونی تێگەشتم کە جیهانەکەی چواردەورم، ئەوەی بەسەرمدا یەت، کەسەکانی یەنە ناو ژیانم ... هەموو ڕاستەوخۆ پشت بەخۆم ئەبەستێت." کەواتە کاتێک خەڵکی لاتڤیا بەناو ئەم تاقیکردنەوە ئابووریە سەختەدا ئەڕۆن، ئەیڤارس ئەڵێت کە ئەوە شێوازی بیرکردنەوەیەتی پێویستە بگۆڕێت. خۆی خەتابار ئەکات بۆ ئەوەی کە لەو ساتەدا پیایا تێپەڕئەبێت. کەواتە بەرپرسیارێتی هەڵگرتن بێگومان شتێکی باشە، وانییە؟ بەڕاستی واتابەخشە و ڕەوشتییانە ئاڕاستەکراوە لە کۆمەڵگایەکی دوای سۆڤێتدا، کە پشتبەستن بە دەوڵەت وەک ئەم کەلەپوورە بەدبەختییەی ڕابردووی سۆڤێت سەیر ئەکرێت. بەڵام کاتێک گوێ لە زانێتی و ئایڤارس و ئەوانی تر ئەگرم، بیرم کردەوە ئەم پرسیارە چەندێک بێبەزەییانەیە -- "بەرپرسیارێتییەکەت لەکوێیە؟" -- چەند سزادەرە. چونکە، وەک ڕێگایەک کاری ئەکرد بۆ خەتابارکردن و دڵنەواییدانەوەی خەڵکەکەی قەیرانەکە زۆر خراپ لێیدابوون. کەواتە لەکاتێکدا یۆنانییەکان ڕژابوونە سەر شەقامەکان، لاتڤیاکان بۆقەکەیان قووت دابوو، و دەیان هەزاری کۆچیان کردە دەرەوە، کە ڕێگایەکی ترە بۆ بەرپرسیارێتی هەڵگرتن. کەواتە زمانەکە، زمانی بەرپرسیارێتی تاکەکە، بوو بە شێوەیەکی نکوڵیکردنی کۆکراوە. هەتا پەیڕەوە کۆمەڵایەتییەکانمان هەبێت کە چارەسەری بێکاری ئەکەن وەک شکستی تاکە کەسی بەڵام لەهەمان کاتدا کۆمەکی داراییمان نەبێت بۆ پرۆگرامەکانی شارەزایی ڕاستەقینە ئەیەن بە خەڵک یان شوێنی کارکردن درووست ئەکەن، کوێرین بەرامبەر بەرپرسیارێتی پەیڕەو درووستکەرەکان. هەتا هەژارەکان لەکەدار بکەین وەک سست یان تەمەڵ بەڵام ئامرازی ڕاستی نەیەین بە خەڵک بۆ هاتنە دەر لە هەژاری جگە لە کۆچکردنە دەرەوە، لە نکوڵیداین بۆ هۆکارە ڕاستەقینەکانی هەژاری. لە هەمان کاتیشدا، هەموو دەناڵێنین، چونکە زانا کۆمەڵایەتییەکان بە داتایەکی سەرژمێری ورد نیشانیانداوە خەڵکی زیاتر هەیە بە کێشەی تەندروستی دەروونی و جەستەییشەوە لە کۆمەڵگاکانی ئاستی نایەکسانی ئابوری بەرزترە. کەواتە نایەکسانی کۆمەڵایەتی دیارە خراپە نەک تەنها بۆ ئەوانەی کەمترین داهاتیان هەیە بەڵکو بۆ هەموومان، چونکە ژیان لە کۆمەڵگایەکدا کە نایەکسانی تیایدا زۆرە واتای ژیانە لە کۆمەڵگایەک کە متمانەی کۆمەڵایەتی نزم بێت و دڵەڕاوکێی زۆربێت. کەواتە ئەوەتا لەوێین. هەموو کتێبەکانی یارمەتیدانی خود ئەخوێنینەوە، هەوڵ ئەیەین خووەکانمان چاکبکەین، هەوڵئەیەین مێشکمان ببەستینەوە، تێڕامان ئەکەین. وە بێگومان بەشێوەیەک یارمەتیدەرە. کتێبی خود یارمەتیدەر یارمەتیمان ئەیات هەست بە شادمانی زیاتر بکەین. تێڕامان ئەتوانێت یارمەتیمان بات زیاتر هەست بکەین لەڕووی ڕۆحییەوە پێکەوە بەستراوین. ئەوەی پێموایە پێویستمانە ئاگاداربوونە لەو شتانەی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە یەکترمانەوە ئەبەستێتەوە، چونکە نایەکسانی کۆمەڵایەتی ئازاری هەموومان ئەیات. بۆیە پەیڕەوی کۆمەڵایەتی هاوسۆزانەترمان ئەوێت کە کەمتر ئامانجی فێرکردنی ڕەوشتی بێت و زیاتر ئامانجی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی بێت. زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)