لەم شوێنە گەورە بووم، گوندێکی بچووک نزیک شاری رۆتەردام لە هۆڵەندا. لە جەفتاکان و هەشتاکاندا، کاتێک هەرزەکار بووم، ئەم ناوچەیە هێشتا شوێنێکی بێدەنگ بوو. پڕبوو لە کێڵگە و دەشت و زۆنگاو، و کاتەکانم لێرە بەسەر ئەبرد، چێژم لێ ئەبینی، وێنەی زەیتی لەمەم ئەکێشا، گوڵی کێویم کۆئەکردەوە، سەیری باڵندەم ئەکرد، و هەروەها مێرووشم کۆئەکردەوە. ئەمەش یەکێک بوو لە دۆزینەوە بەنرخەکانی ئەو کاتەم. جۆرە قالوونچەیەکی تایبەت، قالوونچەیەکی سەرسوڕهێنەر پێی ئەوترێت قالوونچەی مێروولە. ئەمەش جۆرێکە لە قالوونچە کە تەواوی ژیانی بەسەر ئەبات لەناو هێلانەی مێرووێکا. پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی ئاخاوتنی لەگەڵ مێروولەشدا هەبێت. هەمان ئاماژەی کیمیایی بەکارئەهێنێت، هەمان بۆنی مێروولەکان ئەکات، بۆ پەیوەندیکردن، و ئێستا لێرەیا، ئەم قالوونچەیە بەم مێروولە کرێکارە ئەڵێت، "هێی، منیش مێروولەی کرێکارم، برسیمە، تکایە خواردنم بەرێ." مێروولەکەش وەڵام ئەیاتەوە، چونکە قالوونچەکە هەمان ماددەی کیمیایی بەکارئەهێنێت. بەدرێژایی ئەم چەند ملیۆن ساڵە، قالوونچەکە پەرەی بە ڕێگایەک یاوە بۆ ژیان لەناو کۆمەڵگای مێروولەیا. بەدرێژایی ساڵەکان، کاتێک لەناو ئەم گووندەیا ئەژیام، ٢٠ هەزار قالوونچەی جیاجیام کۆکردەوە، و کۆکراوەیەکی قالوونچەی وشککراوم بنیاتنا. و ئەمەش لە قۆناغێکی زۆر زوودا وایلێکردم سەرنجم بۆ پەرەسەندن بچێت. چۆن ئەو شێوە هەمەجۆرانە، چۆن ئەو فرەچەشنییە درووستبووە؟ بۆیە بووم بە زیندەوەرزانی پەرەسەندن، وەک چارلس داروین. و وەک چارلس داروینیش، کەوتمە دڵەڕاوکێوە بەو ڕاستییەی پەرەسەندن شتێکە زیاتر لە ڕابردوودا ڕووی یاوە. سەیری شێوەکانی ئەمڕۆ ئەکەین، هەوڵ ئەیەین لەو پەرەسەندنە تێبگەین کە لە ڕابردوودا بووە، بەڵام ڕاستییەکەی هەرگیز نابینین لە کاتی ئێستامانا ڕووبات. ناتوانین بیبینین. وەک داروین پێشتر وتوێتی، "هیچ کام لەم گۆڕانکارییە خاوانە نابینین ڕووبات، هەتا ئەوکاتەی دەستی کات لەدەستچوونی ساڵەکان نیشانە ئەکات." یان لەوانەیە بیبینین؟ بەدرێژایی دەیەکانی پێشوو، زیندەوەرزانەکانی بواری پەرەسەندن گەشتنە درک کردن بەوەی هەندێک جار، پەرەسەندن زۆر خێراتر ڕووئەیات و ئەکرێت چاودێری بکرێت، بەتایبەتی کاتێک ژینگە گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەخۆیەوە ئەبینێت و پێویستی گونجاندن زۆر گەورە ئەبێت. بێگومان لەم سەردەمەیا، گۆڕانکارییە ژینگەییە گەورەکان زۆربەی کات بەهۆی ئێمەوەیە. گیا ئەکەین، ئاو ئەیەین، دەکێڵین، بنیات ئەنێین، گازە زیانبەخشەکان دەرئەیەینە ناو بارگەی هەواوە کە کەشوهەوا ئەگۆڕێت. ڕووەک و گیانداری نامۆ بە شوێنێک ئەخەینە شوێنێک کە پێشتر لێی نەژیاوە، و ماسی ڕاو ئەکەین و درەخت ئەبڕینەوە و هەوڵ بۆ خواردن و پێویستییەکانی ترمان ئەیەین. هەموو ئەم گۆڕانکارییە ژینگەییانەش لە ناوەڕاستی شارەکان ئەگەنە لووتکە. شارەکان لە ژینگەی تەواو نوێ کە درووستمان کردووە. و دای ئەپۆشین بە خشت و کۆنکرێت و شووشە و پۆڵا، کە ڕووەکانی بە قورسی ئەبڕدرێن و ڕووەکەکان زۆر بە ئەستەم جێگەی ڕەگەکانی خۆیانی تیا ئەکەنەوە. هەروەها لە شارەکاندا، زۆرترین چڕی پیسبوونی کیمیایی، ڕووناکی دەستکرد و ژاوەژاو ئەدۆزینەوە. تێکەڵەیەکی شێتانەی ڕووەکەکان و گیاندارەکانی سەرانسەری جیهان ئەدۆزینەوە کە لە شارەکەیا ئەژین، چونکە ڕایانکردووە لە کێڵگەکان و حەوزەکان و بازرگانی گیاندارە ماڵییەکان. جۆرە بوونەوەرەکانیش چی ئەکەن کاتێک لە ژینگەیەکی تەواو گۆڕدراودا ئەژین؟ بەداخەوە زۆرێک، لەناو ئەچن. بەڵام ئەوانەی لەناو ناچن، بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆیان ئەگونجێنن. زیندەوەرزانەکانی ئێستا خەریکە درک بەوە ئەکەن کە شارەکان مەنجەڵی بووخاری پەرەسەندنی ئەم سەردەمەن. ئەمانە شوێنەکانن کە ئاژەڵ و ڕووەکە کێوییەکان زۆر بەخێرایی بەدیار چاومانەوە پەرە ئەستێنن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ، ئەم هەلومەرجە نوێیانە. هەر وەک چۆن قالونچەی مێروولە ملیۆنەها ساڵ لەمەوبەر کردوێتی، کاتێک چۆتە ناو شارە مێروولەییەکەوە. ئێستا ئاژەڵەکان و ڕووەکەکان ئەبینین کە هاتوونەتە ناو شارەکانی مرۆڤەوە و خۆیان لەگەڵ شارەکانمان ئەگونجێنن. بە کردنی ئەوەش، خەریکە درک بەوە ئەکەین کە پەرەسەندن لە ڕاستیدا ئەکرێت خێرا بەرەوپێش بچێت. هەمووکات پێویستی بە ماوەیەکی زۆر نابێت؛ دەکرێت بەدیار چاوی خۆمانەوە ڕووبات. ئەمە، بۆ نموونە، مشکی پێ سپییە. ئەمە شیردەرێکە کە بنەچەکەی ناوچەکانی چواردەوری نیو یۆرکە، و زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر، پێش بنیاتنانی شار، ئەم مشکە لە هەموو شوێنێک ژیاوە. بەڵام ئەم ماوەیە، لە دوورگەیەکی سەوزی بچووک گیریان خواردووە، پارکەکانی شار، چواردەور گیراو بە دەریایەک لە تەلار و شەقامەکان. کەمێک لە باڵندە فنسەکەی دورگەی گالاپاگۆسی داروین ئەچێت بەڵام بۆ ئەم سەردەمە. وەک فنسەکانی داروینیش، مشکەکانی هەر پارکێک بەجیا دەستیانکردووە بە پەرەسەندن، جیاوازییان بۆ درووستبووە لەگەڵ یەکتری. ئەمەش هاوپیشەکەمە جەسون مونشی-ساوس، لە زانکۆی فۆردهامەوە، کە لێکۆڵینەوە لەم پرۆسەیە ئەکات. توێژینەوە لەسەر دی ئێن ئەی مشکە قاچ سپییەکانی پارکەکانی نیو یۆرک ئەکات، و هەوڵئەیات تێبگات لەوەی چۆن خەریکە دەستئەکەن بە پەرەسەندن لەو کۆمەڵە پارکەیا. و جۆرێک لە شوێن پەنجەی دی ئێن ئەی بەکارئەهێنێت، و ئەڵێت، "ئەگەر کەسێک مشکێکم باتێ، پێمنەڵێت کە هی کوێیە، تەنیا بە سەیرکردنی دی ئێن ئەیەکەی، ئەتوانم بڵێم لە کام پارکەوە هاتووە." هێندە جیاوازی درووست بووە لە نێوانیاندا. جەیسنیش بۆی دەرکەوتووە کە ئەو گۆڕانکارییانە، ئەم گۆڕانکاری پەرەسەندنانە، هەڕەمەکی نین، واتای شتێک ئەیەن. بۆ نموونە، پارکی ناوەند، ئەبینین مشکەکان پەرەیان بە جۆرە جینێک یاوە یارمەتیان ئەیات خواردنی زۆر چەور هەرس بکەن. خواردنی مرۆڤ. هەموو ساڵێک بیست و پێنج ملیۆن کەس سەردانی پارکی ناوەند ئەکەن. زۆرترین سەردانکەری هەیە لەناو پارکەکانی باکوری ئەمریکا. و ئەو خەڵکەش دوای خۆیان خواردنی سووک و عەلی بابا و خواردنی خێراش بەجێئەهێڵن، و مشکەکانیش دەستیانکردووە بە خواردنی ئەوانە، و خواردنێکی تەواو جیاوازە لەوەی ڕاهاتبوون لەسەری، و بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، پەرەیان سەندووە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم خواردنە چەورەی مرۆڤەکان. ئەمەش گیاندارێکی فێڵبازی تری شارەکانە. لولوپێچی ناو باخی ئەوروپی. لولوپێچێکی بڵاوە، بە ڕەنگی هەمەجۆر هەیە، لە زەردی کاڵەوە هەتا قاوەیی تۆخ. ئەم ڕەنگانەش بە تەواوەتی دیاریکراون بە دی ئێن ئەی لولوپێچەکە. ئەو ڕەنگانەش ئەبنە هۆی دیاریکردنی مامەڵەکردنی لولوپێچەکەی ناو قاوغەکە بۆ ئەو گەرمایە. بۆ نموونە، لولوپێچێک کە لەبەر خۆرایە، لەبەر خۆرهەتاوا، قاوغێکی زەردی کاڵی هەیە، هێندەی ئەو لولوپێچە گەرم نابێت کە لەناو قاوغێکی قاوەیی تۆخایە. هەر وەک چۆن کاتێک لەناو ئوتومبێلێکی سپیدا ئەبیت، کەمتر گەرم ئەبێت وەک لەوکاتەی لەناو ئوتومبێلێکی ڕەشا ئەبیت. دیاردەیەک هەیە پێی ئەوترێت دوورگەکانی گەرمی شارەکان، واتا لە ناوەڕاستی شارێکی گەورەیا، پلەی گەرمی دەکرێت چەند پلەیەک گەرمتر بێت لە دەرەوەی شارە گەورەکە. ئەوەش پەیوەندی هەیە بەو ڕاستییەی چڕی چەندین ملیۆن کەست هەیە، و لەگەڵ هەموو چالاکییەکانیان و ئامێرەکانی بەکاریئەهێنن، گەرمی درووست ئەکەن. هەروەها، تەلارە بەرزەکان ڕێگا لە با ئەگرن، و هەروەها پۆڵا و خشت و کۆنکرێت گەرمی خۆر هەڵئەمژن و بە شەو گەرمییەکە ئەیەنەوە. بۆیە ئەم بڵقی هەوا گەرمەت ئەبێت لە ناوەڕاستی شارێکی گەورەیا، و خۆم و خوێندکارەکانمان بیرمان کردەوە کە ئەم لولوپێچی باخانە، بە قاوغە هەمەجۆرەکانیانەوە، خۆیان ئەگونجێنن لەگەڵ گەرمی ناو شار. لەوانەیە لە ناوەڕاستی شارەکە، ببینین ڕەنگی قاوغەکە پەرە ئەستێنێت بە ئاراستەی کەمکردنەوەی زیاد گەرمبوونی لولوپێچەکان. بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەمەش، دەستمان کرد بە پرۆژەیەکی زانستی بە بەشداری دانیشتووان. ئەپێکی مۆبایلی بێبەرامبەرمان درووستکرد، کە ڕێگەی ئەیا بە خەڵک لە هەموو هۆڵەندایا وێنەی لولوپێچەکان بگرن لە باخەکانیان، لەسەر شەقامەکانیان، هەروەها قەراغ شارەکانیان، و بیخەنە ناو پێگەی ئینتەرنێتی زانستی دانیشتووان. بەدرێژایی ساڵێکیش، ١٠ هەزار ڕەسمی لولوپێچەکانمان پێگەشت کە وێنەیان گیرابوو لە هۆڵەندا، و کاتێک دەستمانکرد بە شیکردنەوەی ئەنجامەکان، بۆمان دەرکەوت کە بێگومان، گومانەکانمان لەجێی خۆی بووە. لە ناوەڕاستی ناوچەقی گەرمی شارەکان، بۆمان دەرکەوت لولوپێچەکان پەرەیان بە قاوغی زەرد و کاڵتر یاوە. ئێستا لولوپێچی شار و مشکی مانهاتن تەنیا دوو نموونەن بۆ لیستێکی زۆری گیاندارەکان و ڕووەکەکانی پەرەیان سەندووە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ژینگە نوێیە، ئەم ژینگەی شارەی درووستمان کردووە. و لە کتێبێکا کە نوسیومە لەسەر ئەم بابەتە، بابەتی پەرەسەندنی ناو شارەکان، چەندین نموونەی ترم یاوە. بۆ نموونە، ڕووەکەکان پەرەیان بە تۆوێک یاوە کە باشتر ئەڕوێن لەسەر شۆستەکان. کوولەکانی پەرەیان بە گۆرانییەک یاوە کە زیکەی بەرزتر ئەبێت کاتێک نزیک ئەبێت لە ژاوە ژاوی ناو شارەکانەوە. مێشوولەکانی پەرەیان سەندووە بۆ خواردن لەسەر خوێنی مرۆڤەکانی بەناو وێستگەکانی میترۆیا هاتوچۆ ئەکەن. تەنانەت کۆترە باوەکەی شاریش پەرەیان بە ڕێگایەک یاوە بۆ پاککردنەوەی خۆیان لە ژینگەپیسبوونی کانزا قورسەکان بەوەی بیخەنە ناو پەڕەکانیان. زیندەوەرزانەکانی وەک خۆم، لە سەرانسەری جیهاندا، هەتا دێت زیاتر سەرنجیان ئەچێت بەلای ئەم پرۆسە سەرسوڕهێنەرانەی پەرەسەندنی ناو شارەکان. درک بەوە ئەکەین کە بەڕاستی لە ڕووداوێکی تایبەتداین لە مێژووی ژیان لەسەر زەوی. سیستمێکی ژینگەیی تەواو نوێ کە پەرە ئەستێنێت و خۆی ئەگونجێنێت لەگەڵ ژینگەکانی درووستمان کردووە. تەنیا لەڕووی ئەکادیمیشەوە نا -- خەریکین بە خستنە کاری ئەو ملیۆنەها دەست و گوێ و چاوانەی لەناو شارەکانان. دانیشتووانە زاناکان، منداڵە خوێندکارەکان -- پێکەوە لەگەڵ ئەوان، تۆڕێکی چاودێری جیهانی بنیات ئەنێین کە یارمەتیمان ئەیات سەیری ڕوودانی ئەم پرۆسەی گەشەسەندنی ناو شارە بکەین لە کاتی ڕوودانیا. لە هەمان کاتیشدا، ئەمە ڕوونیشی ئەکاتەوە بۆ خەڵک کە پەرەسەندن تەنیا بابەتێکی ناو کتێبەکان نییە پێویست بکات بچیت بۆ گالاپاگۆس بۆ خوێندنی، یان پێویست بکات بەوەی زانای پاشماوە بەردینەکان بیت بۆ تێگەشتن لێی. پرۆسەیەکی بایۆلۆجی زۆر ئاساییە کە هەمووکات ڕووئەیات، لە هەموو شوێنێک. لە حەوشەی پشتەوەتان، لە شەقامەکەی لێی ئەژین، ڕێک لە دەرەوەی ئەم شانۆیە. بەڵام بێگومان، دیوێکی تریش هەیە بۆ ئەم گڕووتینەم. کاتێک ئەگەڕێمەوە بۆ گوندەکەی کە لێی گەورە بووم، چیتر ئەو کێڵگە و زەلکاوانە نابینم کە بە گەنجی ئەمبینی. گوندەکەم نووقم بۆتە ناو گەشەکردنی شاری رۆتەردامەوە، و لەجیاتی ئەوە، مۆڵی بازاڕکردن ئەبینم، و شەقام و گەڕەکەکان ئەبینم. زۆرێک لە ئاژەڵ و ڕووەکەکانی ڕاهاتبووم لەسەر بینینیان دیارنەماون، لەوانەیە بە قالونچەی مێروولەکەشەوە. بەڵام ئاسوودەییش ئەبینم لەو ڕاستیەی منداڵەکان گەورە ئەبن لە شوێنی ئەو گوندە لەوانەیە چیتر ئەزموونی ئەو سرووشتە کۆنە نەکەن کە من تیایدا گەورە بووم، بەڵام جۆرێکی نوێی سرووشت چواردەوریان ئەگرێت، جۆرێکی نوێی ژینگە، کە لەوانەیە بۆ ئەوان سەرنجڕاکێش بێت وەک ژینگە کۆنەکان بۆ من. لە گالاپاگۆسی سەردەمی نوێیا ئەژین. و بە پێکەوەکارکردنیش لەگەڵ دانیشتووانە زاناکان و لەگەڵ زیندەوەرزانەکانی بواری پەرەسەندنی وەک من، لەوانەیە ببن بە داروینەکانی سەدەی ٢١، بە توێژینەوە لەسەر پەرەسەندنی ناو شارەکان. زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)