ئەمەوێ باسی پەرەسەندنی تواناکانی مرۆڤ بکەم، و حەز ئەکەم بە چیرۆکێک دەستپێکەم کە لەوانەیە کاریگەرترین چیرۆکی پەرەسەندنی سەردەم بێت. لەوانەیە زۆرێک لە ئێوە لێرە یاسای ١٠ هەزار کاتژمێرەکەتان بیستبێت. لەوانەیە تەنانەت ژیانی خۆشتان لەسەر ئەوە بەڕێوە بەرن. بەشێوەیەکی بنچینەیی، بیرۆکەکە ئەوەیە بۆ ئەوەی لە شتێکا مەزن بیت پێویستت بە ١٠ هەزار کاتژمێر لە ڕاهێنانی چڕە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات دەستپێکەیت. مناڵی پۆستەرەکە بۆ ئەم چیرۆکە تایگەر وودسە. ئەوکاتەی حەوت مانگ بوو باوکی دارێکی گۆڵفی یا پێی. لە دە مانگیدا، دەستیکرد بە لاساییکردنەوەی پیاکێشانەکەی باوکی. لە دوو ساڵیدا، ئەتوانیت بچیتە سەر یو تویب و ڤیدیۆکانی لەسەر تەلەفزیۆنی نەتەوەیی ببینیت. بۆ پێشەوە بڕۆین بۆ ٢١ ساڵی، مەزنترین یاریزانی گۆڵفی جیهانە. دە هەزار کاتژمێرە نموونەییەکە ئەکات. نموونەیەکی تری زۆر باڵای ئەم بیردۆزە هی سێ خووشکە پۆڵگارەکەیە، کە باوکیان بڕیاری یا بە شێوەیەکی زۆر تەکنیکی فێری شەترەنجیان بکات لە تەمەنێکی منداڵییەوە. ئەیویست نیشانی بات بە دەستپێکردنێکی زوو و ڕاهێنانی چڕەوە، هەر منداڵێک بێت ئەتوانێت لە شتێکا ببێت بە بلیمەت. ڕاستییەکەشی، دووان لە کچەکانی بوون بە یاریزانی جیهانی شەترەنج. بۆیە کە بووم بە نووسەری زانست لە گۆڤاری "وەرزش بە ڕوونکراوەیی"، حەسرەت گرتمی. ئەگەر ئەم یاسای ١٠ هەزار کاتژمێرە ڕاست بێت، کەواتە پێویستە ببینین کە وەرزشەوانە پێشەنگەکان پێشدەکەون لەو شتەی پێی ئەوترێت "ڕاهێنانی بەمەبەست." ئەمە ڕاهێنانی چڕی ڕاستکردنەوەی هەڵەی ژێر ڕاهێنەرایەتییە، نەک هەر یاریکردنی ئاسایی. کاتێک زانایانیش سەیری وەرزشەوانە پێشەنگەکانیان کردووە، بینیویانە کە کاتی زیاتریان بەسەربردووە لە ڕاهێنانی بەمەبەست -- زۆر جێی سەرسوڕمان نییە. کاتێک شوێن وەرزشەوانەکان کەوتوون بەدرێژایی ماوەی پەرەسەندنیان، شێوەی بەرەوپێشچوون ئاوا بووە: پێشەنگەکانی داهاتوو لە سەرەتای خۆیانا کاتی کەمتریان بەسەربردووە لە ڕاهێنانی بەمەبەست لەو وەرزشەی لەسەری جێگیر بوون. ئەو کارەیان کردووە کە زانایان پێی ئەڵێن "ماوەی نموونە وەرگرتن،" کە تیایا چالاکی جەستەیی هەمەجۆر تاقی ئەکەنەوە، شارەزایی فراوان و گشتی وەرئەگرن، بە حەزەکانیان و تواناکانیان ئەزانن و درەنگتر لە هاوەڵەکانیان بوار جیا ئەکەنەوە کە لە ئاستێکی نزمترا جێگیر ئەبن. بۆیە کە ئەوەم بینی، وتم، "باشە ئەوە یەکناگرێتەوە لەگەڵ یاسای ١٠ هەزار کاتژمێرەکە، وانییە؟" بۆیە دەستمکرد بە بیرکردنەوە لە بوارەکانی تر کە پەیوەندی هەیە بە شارەزایی پەیاکردنی ناچاری زوو، وەک موزیک. دەرکەوت ڕێڕەوی گەشەکردنەکە زۆر جار هاوشێوەیە. ئەمە توێژینەوەی ئەکادیمیایەکی فێربوونی موزیکی جیهانییە، و ئەوەی ئەمەوێ سەرنجی ئێوەی بخەمە سەر ئەمەیە: موزیسیانە نایابەکان دەستیان نەکردووە بە کات بەسەربردن زیاتر لەسەر ڕاهێنانی بەمەبەست وەک لە موزیسیانە ئاساییەکان هەتا تاقیکردنەوەی ئامێری سێیەمیان. ئەوانیش بەهەمان شێوە ماوەی نموونە وەرگرتنیان هەبووە، تەنانەت موزیسیانەکانیش کە وا ئەزانین زوو بەناوبانگ بوون، وەک یۆ-یۆ ما. ماوەی هەڵبژاردنی هەبووە، تەنیا لە موزیسیانەکانی تر خێراتر بەوەیا تێپەڕیوە. بەهەرحاڵ، ئەم توێژینەوەیە بە تەواوەتی فەرامۆش کراوە، و ئەوەی زۆر کاریگەرترە پەڕەی یەکەمی کتێبەکەی "سروودی شەڕی پڵنگە دایکەکە،"یە کە تیایا نوسەرەکە باسی ئەوە ئەکات کەمانچەی یابێت بە کچەکەی. لەوە ئەچێت کەس ئەو بەشەی دواتری بیرنەکەوێتەوە کە کچەکە ڕووی تێئەکات و ئەڵێت، "تۆ هەڵتبژارد، نەک من،" و ئینجا وازئەهێنێت. بۆیە دوای بینینی ئەم جۆرە ئاقارە سەرسوڕهێنەرەی وەرزش و موزیک، دەستمکرد بە بیرکردنەوە لە بوارەکانی کە کار لە خەڵکی زیاتر ئەکات، وەک فێربوون. ئابوریناسێک تاقیکردنەوەیەکی سرووشتی دۆزییەوە لە سیستمە فێرکردنە پێشکەوتووترەکانی ئینگلتەرا و سۆکتلەندا. ئەو ماوەیەی توێژینەوەکەی، سیستمەکان زۆر هاوشێوە بوون، جگە لە ئینگلتەرا، کە خوێندکارەکان ئەبوو لە ناوەڕاستی هەرزەکاری بوار جیاکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێڕەوێکی دیاریکراوی خوێندن هەڵبژێرن. بەڵام لە سکۆتلەندا، ئەیانتوانی بەردەوام شت تاقیکەنەوە لە زانکۆ ئەگەر بیانویستایە. پرسیارەکەشی ئەمە بوو: کێ گرەوەکە ئەباتەوە، زوو بوار جیاکردنەوە یان درەنگ؟ ئەوەیان بەدی کرد ئەو کەسانەی زوو بواریان جیاکردەوە خێرا داهاتیان زۆر بووە چونکە شارەزایی زیاتریان هەبووە لە بوارەکەی خۆیانا. ئەوانەشی درەنگ بواریان جیاکردۆتەوە توانیویانە شتی جیاوازی تر تاقیکەنەوە، و کاتێکیش هەڵئەبژێرن، باشتر ئەگونجێن لەگەڵی، یان ئەوەی ئابوریناسان پێی ئەڵێن "تایبەتمەندی گونجاو" بۆیە ڕێژەی گەشەکردنیان خێراتر ئەبێت. لە ماوەی شەش ساڵا، جیاوازی داهات ناهێڵن. بەڵام، ئەوانەی زوو بوار جیائەکەنەوە دەست ئەکەن بە وازهێنان لەو ڕەوتی کارە بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر، بە زۆری لەبەر ئەوەی زۆر زوو ناچارکراون کە هەڵبژێرن و زۆرجار هەڵبژاردنی خراپیان کردووە. کەواتە ئەوانەی درەنگ بوار دیاری ئەکەن لە سەرەتایا دۆڕاون و لەسەر ئاستی درێژخایەن براوەن. پێموابێت ئەگەر وەک ژوانکردن سەیری هەڵبژاردنی کار بکەین، لەوانەیە فشار لە خەڵک نەکەین ئەوەنە بەخێرایی هەڵبژێرن. بۆیە ئەمە سەرنجی ڕاکێشام، دووبارە ئەم ڕێڕەوی ژیانە ببینمەوە، لە گەڕان بۆ پێشینەی پەرەسەندنی ئەو کەسانەی ماوەیەکی زۆر ڕێزم هەبوو بۆ کارەکانیان، وەک دیوک ئێڵینگتۆن، کە وازی لە وانەکانی موزیک هێنا بە مناڵی بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر بەیسبۆڵ و وێنەکێشان. یان مەریەم میرزاخانی، کە بە مناڵی حەزی بە بیرکاری نەبوو -- خەونی ئەبینی ببێت بە ڕۆمان نووسێک و لە کۆتاییا بوو بە یەکەمین ژن کە هەتا ئێستا، مەدالیای مەیدانەکانی بردبێتەوە، کە بەرزترین خەڵاتە لە جیهانی بیرکارییا. یان ڤینسینت ڤان کوخ پێنج ڕەوتی کارکردنی جیای هەبوو، هەر یەکێکیانی بە کاری خۆی ئەزانی پێش ئەوەی لە یەکێکیانا بدرەوشێتەوە، و لە کۆتاییەکانی ٢٠ەکانیا، کتێبێکی خوێندەوە پێی ئەوترا "ئەی بی سی وێنەکێشان." ئەوە سەرکەوتوو بوو بۆی. کلاودی شانۆن ئەندازیاری کارەبا بوو لە زانکۆی میچیگان کە کۆرسێکی فەلسەفەی وەرگرت بەس بۆ ئەوەی پێویستییەک بەجێبێنێت، و لەوەیا، سیستمێکی لۆجیکی فێربوو کە نزیکەی سەدەیەک تەمەنێتی کە بەوە دەستەواژە ڕاست و هەڵەکان ئەکرێت وەک ژمارە یەک و سفر کۆدی بۆ دانرێت و وەک هاوکێشەی بیرکاری حەل بکرێت. ئەمە بووە هۆی پەرەدان بە کۆدی ئاوێتەیی، کە ئەمڕۆ هەموو کۆمپیتەرەکانمان لەسەر بنەمای ئەوە کار ئەکەن. لە کۆتاییشدا، جۆرە نموونە باڵاکەی خۆم، فرانسیس هیسیڵبین -- ئەمە من و ئەوین -- یەکەمین کاری پیشەگەری خۆی لە تەمەنی ٥٤یدا وەرگرت و توانی ببێت بە سەرۆکی ڕێکخراوی دیدەوانە کچەکان، کە خۆی ڕزگاریکرد. ئەندامێتی کەمینەکانی کرد بە سێ هێندە، ١٣٠ هەزار خۆبەخشی بۆ زیادکرد و ئەمە یەکێکە لە باجەکانی کارامەیی کە لە دامەزرێنەری ئەوەوە هاتووە -- کۆدی دوانییە بۆ کچەکانی فێری کۆمپیتەر ئەبن. ئەمڕۆ، فرانسیس پەیمانگایەکی سەرکردایەتیکردن بەڕێوە ئەبا کە هەموو ڕۆژێکی هەفتە کار ئەکات لە مانهاتن. و تەنیا تەمەنی ١٠٤ ساڵە، بۆیە کەس نازانێت کێ دواترە. (پێکەنین) هەرگیز چیرۆکی پەرەسەندنی تری ئاواهی نابیستین، وانییە؟ هیچ نابیستین لە بارەی توێژینەوەیەکەوە کە زانایانی براوەی نۆبڵ ئەگەریان ٢٢ هێندە زیاترە خولیایەکیان هەبێت لە دەرەوەی کارەکەیان وەک زانا ئاساییەکان. هەرگیز ئەوە نابیستین. تەنانەت کاتێکیش ئەنجامدەرەکان یان کارەکە زۆر بەناوبانگە، ئەم چیرۆکی پەرەسەندنانە نابیستین. بۆ نموونە، ئەمە وەرزشەوانێکە کە بەشوێنییەوە بووم. لێرەیا شەش ساڵە، جلێکی رەگبی سکۆتلەندی لەبەرایە. تێنسی تاقیکردۆتەوە، کەمێک خلیسکێنە، و زۆرانبازی. دایکی ڕاهێنەری تێنس بووە بەڵام ڕەتیکردۆتەوە ڕاهێنان بەم بکات چونکە بەشێوەیەکی ئاسایی تۆپی نەگەڕاندۆتەوە. هەندێکیش یاری باسکە، تێنسی سەر مێز، مەلەی کردووە. کاتێک ڕاهێنەرەکانی ویستوویانە پلەیەک بەرزیکەنەوە لەگەڵ گەورەکان، ڕەتیکردۆتەوە، چونکە تەنیا ویستوێتی باسی زۆرانبازی پیشەگەر بکات دوای ڕاهێنانێک لەگەڵ هاوڕێکانی. و بەردەوام بووە لە تاقیکردنەوەی وەرزشی زیاتر: تۆپی دەست، باسکە، تۆپی پێ، ڕیشە، سکەیت بۆرد... کەواتە، ئەمە کێیە؟ ئەمە رۆجەر فێدرێرە. هێندەی تایگەر وودز بە گەورەیی بەناوبانگە، و کەچی هێشتا هەوادارانی تێنس هیچ شتێکی ئەوتۆ نازانن لەسەر چیرۆکی پەرەسەندنی. ئەوە لەبەر چی، هەرچەنە شتێکی جێگیرە؟ پێموابێت بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە چیرۆکەکەی تایگەر زۆر دراماییە، بەڵام لەبەر ئەوەشە لەوە ئەچێت ئەم گێڕانەوە ڕێک و پێکە بتوانین بگونجێنین لەگەڵ هەر شتێک کە ئەمانەوێ باشبین تیایا لە ژیانی خۆماندا. بەڵام پێموابێت ئەوە، کێشەیەکە، چونکە دەرکەوت بە چەندین شێوە، گۆڵف مۆدێلێکی ناخۆشی بێهاوتایە بۆ هەموو شتێک کە مرۆڤەکان ئەیانەوێ فێری ببن. (پێکەنین) گۆڵف پوختەیەکە لەو شتەی دەروون ناس رۆبین هۆگارس پێی ئەڵێت "ژینگەی فێربوونی باش." ژینگەی فێربوونی باش هەنگاو و ئامانجی دواتری هەیە کە ڕوونن، یاساکانی ڕوونن و هەرگیز ناگۆڕێن. کاتێک شتێک ئەکەیت، هەڵسەنگاندن ئەدرێتێ کە خێرا و وردە، کارکردنی ساڵی دواترت وەک ئەوە ئەبێت دوایین ساڵت بێت کار بکەی. شەترەنج: ئەویش ژینگەیەکی فێربوونی باشە. باڵادەستی مامۆستا گەورەکان بە زۆری پشتی بەستووە بە زانیارییان لەسەر ڕێکخستنە دووبارەبووەکان، لەبەر ئەوەشە هێندە ئاسانە بکرێت بە ئۆتۆماتیک. لەلاکەی تری شەبەنگەکەش "ژینگە خراپەکانی فێربوونن،" کە لەوانەیە هەنگاو و ئامانجەکانی دواتر هێندە ڕوون نەبن. لەوانەیە یاساکان بگۆڕێن. کە شتێک ئەکەیت لەوانەیە و لەوانەش نییە یەکسەر هەڵسەنگاندن وەرگری. لەوانەیە دواکەوێت، ورد نەبێت، و کارکردنی ساڵی دواتر وەک کارکردنی دواین ساڵ نەبێت. کەواتە کام لەمانە لەو جیهانە ئەچێت کە زیاتر و زیاتر تیایا ئەژین؟ ڕاستییەکەی، پێویستیمان بۆ بیرکردنەوە بە شێوەیەکی خۆگونجێن و چاودێریمان بۆ بەشە پێکەوەبەستووەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتییانە تێڕوانینی گۆڕیوین، بۆیە کاتێک سەیری ئەم دایاگرامە ئەکەیت، بازنەی ناوەڕاست لە ڕاستەوە لەوانەیە گەورەتر دەرکەوێت چونکە مێشکت ڕائەکێشرێت بۆ پەیوەندی هەموو بەشەکان پێکەوە، لەکاتێکا کەسێک کە بەرکەوتنی نەبووە بۆ کارکردنی ئەم سەردەمە لەگەڵ پێویستییەکانی بۆ بیرکردنەوەی خۆگونجێنەری، چەمکداری، بە شێوەیەکی ڕاست ئەوە ئەبینێت کە بازنەکانی ناوەڕاست هەمان قەبارەن. کەواتە لێرەیاین لە جیهانی کارکردنی خراپا و هەندێک جار تیایا، خێرا بوار جیاکردنەوە خراپ ئەشکێتەوە. بۆ نموونە، لە توێژینەوەی چەند وڵاتێکا چەند کەسێکی هاوشێوە لە ئاستی خوێندەواری دایک و باوکا، نمرەی تاقیکردنەوەکانیان، ساڵەکانی خوێندنی خۆیان، جیاوازییان بەس ئەوە بوو هەندێکیان فێرکردنییان لەسەر بابەتێک بووە و ئەوانی تر فێرکردنی گشتیتر و فراوانتریان هەبووە. ئەم شێوەی فێرکردنە نیشانی یاوە ئەوانەی زوو فێری بوارێک کراون ئەگەری زۆربووە یەکسەر کاتی ڕاهێنان بخرێنە سەر کارێک، ئەگەریان زیاتر بووە یەکسەر پارە پەیاکەن، بەڵام کەمتر گونجاوبوون لە جیهانێکی کارکردنی خۆگۆڕدا کە بە هەمووییەوە کاتێکی کەمتریان بەسەربردووە لە هێزی کاردا کە لە مەودای کورتدا براوە ئەبن و لە مەودای درێژخایەندا دۆڕاو ئەبن. یان توێژینەوەیەکی بیست ساڵی بەناوبانگی پسپۆڕەکان کە پێشبینی ئابووری و جیۆپۆڵیتیکی کردووە. خراپترین پێشبینیکەرەکان پسپۆڕەکان بوون کە زۆرترین تایبەتمەندیان وەرگرتووە، ئەوانەی هەموو ماوەی کارکردنیان بەسەربردووە لە فێربوون لەسەر یەک یان دوو کێشە هاتوون هەموو جیهان ببینن لە ڕێگەی یەک مۆدێلی دەروونی یان هاوێنەوە. ڕاستییەکەی هەندێکیان خراپتریش بوون کاتێک ئەزموون و بڕوانامەیان کۆکردۆتەوە. باشترین پێشبینیکەرەکان خەڵکە زیرەکەکان بوون کە خولیای فراوانیان هەبووە. ئێستا لە هەندێک بواردا، وەک پزیشکی، زیادکردنی پسپۆڕی ڕێگەلێنەگیراویشە و بەسوودیشە، هیچ پرسیار لەسەر ئەوە نییە. و هێشتا، شمشێرێکی دوو خەنجەر بووە. چەند ساڵێک لەمەوبەر، یەکێک لە بڵاوترین نەشتەرگەرییەکانی جیهان بۆ ئازاری ئەژنۆ تاقیکرایەوە لە تاقیکردنەوەی ساختەی کۆنترۆڵکراودا. هەندێک لە نەخۆشەکان "نەشتەرگەری ساختە."یان بۆ کرا واتە نەشتەرگەرەکان بڕینێکیان ئەکرد، خۆیان خەریک ئەکرد وەک ئەوەی شتێک بکەن، ئینجا برینی نەخۆشەکەیان ئەدوورییەوە. ئەوە هێشتا سوودی هەبوو بۆ نەخۆشەکە. کەچی هێشتا نەشتەرگەرەکانی پسپۆڕییان هەیە لەم نەشتەرگەرییەیا بەردەوامن لە کردنی بە ملیۆنەها. کەواتە ئەگەر پسپۆڕی ورد هەموو کاتێک فێڵەکە نەبێت، ئەی کەواتە چی؟ باسکردنی ئەوە قورس ئەبێت، چونکە هەموو جارێک لەم ڕەوتە ناچێت. هەندێک جار لە شەپۆلکردن یان زیگزاگکردن ئەچێت یان هێشتنەوەی بینینێکی فراوانتر. ئەکرێت لەوە بچێت بچیتە دواوە. بەڵام ئەمەوێ باسی ئەوە بکەم ئەبێت هەندێک لەو فێڵانە چی بن. ئەگەر سەیری توێژینەوە بکەین لەسەر داهێنانی تەکنەلۆجیا، دەریئەخات هەتا دێت زیاتر، کاریگەرترین داهێنانەکان لەلایەن ئەو کەسانەوە نین قوڵتر و قوڵتر ئەچنە ناو یەک بواری تەکنەلۆجیاوە وەک نوسینگەی داهێنانی ئەمریکا پۆڵێنی کردووە بەڵکو لەلایەن تیمەکانەوە کە ئەو کەسانەشی تیایە کە کاریان لەسەر ژمارەیەکی گەورەتری پۆڵێنە جیاوازەکانی تەکنەلۆجیا کردووە و زۆرجار شتەکانی ناو بوارە جیاوازەکان یەک ئەخەن. کەسێک ڕێزم هەبوو بۆ کارەکەی و بە جۆرێک لە پێشەنگی ئەم کارانەیا بوو پیاوێکی ژاپۆنییە بەناوی گونپی یۆکۆی. یۆکۆی لە تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنییەکانیا لە قوتابخانە باش نەبوو، بۆیە ناچار بوو کارێک وەرگرێت وەک کرێکاری ڕاگرتنی ئامێرێک لە کۆمپانیایەکی کارتی یاریکردن لە کیۆتۆ. درکی بەوە کرد کە ئامرازی پێویستی نییە بۆ کارکردن لەسەر نوێترین ئامێر، بەڵام ئەوەنە زانیاری زۆری بە ئاسانی لەبەردەستدا بوو ئەیتوانی ئەو شتانە تێکەڵ بکات کە خۆیان پێشتر باش زانرابوون بە شێوەیەک پسپۆڕەکانی زۆر بیر تەسک بوون و نەیانبینیوە. بۆیە چەند تەکنەلۆجیایەکی زانراوی پیشەسازی ژمێرەکان لەگەڵ هەندێک تەکنەلۆجیای زانراوی پیشەسازی کارتی بانقی یارییە دەسکەکانی درووستکرد. داهێنانێکی بێوێنەش بوون. و ئەم کۆمپانیای کارتی یاریکردنە، کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە ماڵێکی تەختەدا درووستکرابوو، کرد بە کۆمپانیای یاری. لەوانەیە بیستبێتتان؛ پێی ئەوترێت نینتێندۆ. فەلسەفە داهێنەرانەکەی یۆکۆی وەرئەگێڕدرێت بۆ "بیرکردنەوەی تەنیشتی بە تەکنەلۆجیای سستبوو،" تەکنەلۆجیای ناسراو بێنیت و بە شێوازی نوێ بەکاریبێنیت. و گەورەترین داهێنانیشی ئەمە بوو: گەیم بۆی. بە هەموو شێوەیەک لەڕووی تەکنەلۆجیاوە خراپ بووە. و لە هەمان کاتی ڕکابەرە ڕەنگاوڕەنگەکانی بوو لە ساگا و ئەتاری، و لێی بردنەوە، چونکە یۆکۆی ئەیزانی ئەوەی کڕیارەکانی بایەخی پێئەیەن ڕەنگ نەبووە. بەرگەگرتن، توانای هەڵگرتن، هەرزانی، ماوەی پاترییەکە، و هەڵبژاردنی یارییەکان بووە. ئەمە ئەوەی خۆمە کە لە ژێرزەمینی ماڵی باوکم دۆزیمەوە. (پێکەنین) ڕۆژی باشتری بینیوە. بەڵام ئەبینیت گڵۆپە سوورەکەی هەڵکراوە. هەڵمکرد و تۆزێک تێتریسم کرد، کە زۆر سەرسوڕهێنەر بوو بەلامەوە چونکە پاترییەکانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٣ش کۆتاییان پێهاتووە. (پێکەنین) کەواتە ئەم لایەنە باشترانە وایکردووە زیاتر بە برەو بێت. لە توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەوەی چی هەندێک نوسەری کۆمیکی والێکردووە ئەگەریان زیاتر بێت کۆمپیکی ناوازەتر درووستکەن، دوو توێژەر بۆیان دەرکەوت نە ژمارەی ساڵەکانی ئەزموون بووە لەو بوارەیا نە سەرچاوەکانی لەبەردەستی بڵاوکەرەوەکەیا بووە نە ژمارەی کۆمیکەکانی پێشتر دەریکردووە. ژمارەی جۆرە جیاوازەکان بووە کە درووستکەرەکە کاری لەسەر کردووە. و سەرنجڕاکێشانەش، کەسێکی ئەزمون براوان ناتوانرێ بە تەواوەتی شوێن بگیرێتەوە بە تیمێکی پسپۆڕ. لەوانەیە ئەوەنە لەو کەسانە درووست نەکەین وەک پێویست چونکە لە سەرەتایا، لەوە ئەچن کە لە دواوە بن و نامانەوێت بایەخ بە شتێک بەین کە لە سەرەتایەکی باش نەچێت یان لە بوار جیاکردنەوە. ڕاستییەکەی، لە پاڵنەر بۆ دۆزینەوەی واتای سەرەتایەکی باش، زۆر جار تەنانەت دژی بەرهەم کەمکردنەوە تەنانەت ڕێگاکە کورت ئەکەینەوە بۆ فێربوونی بابەتی نوێ، لە ئاستێکی بنەڕەتییا. لە توێژینەوەیەکی ساڵی پاردا، پۆلەکانی پۆلی حەوتی ئەمریکا جۆری فێرکردنی جیاوازیان پێ سپێردرا. هەندێک ئەوەیان بۆ دەرچوو کە پێی ئەوترێت "ڕاهێنانی قەتیسخواردوو" ئەوەش واتە، بۆ نموونە پرسیاری ئەیت هەیە، هەمووی بە شێوەی ئەی ئەی ئەی یان بی بی بی ئەبێت. بەرەوپێشچوون خێرایە، منداڵەکان دڵخۆشن، هەموو شتێک باشە. پۆلەکانی تریش شتێکیان پێ درا پێی ئەوترێ "ڕاهێنانی هەمەجۆر." ئەوەش وەک ئەوە وایە هەموو جۆرەکانی کێشەکان بێنیت و بیخەیتە کڵاوێکە و ئینجا هەڕەمەکییانە لێی هەڵگریت. بەرەوپێشچوون خاوترە، منداڵان زیاتر مەراقیان ئەبێ. بەڵام لەجیاتی ئەوەی فێری ئەوە ببن یەک جۆر پەیڕەو بکەن، فێری ئەوە ئەبن چۆن ستراتیجییەک بگونجێنن لەگەڵ جۆرێکی دیاریکراو پرسیارا. کاتێکیش تاقیکردنەوەکە یەتە پێشەوە، کۆمەڵەکەی ڕاهێنانی هەمەجۆریان کردووە کۆمەڵە قەتیسخواردووەکەیان بەزاندووە. تەنانەت نزیکیش نەبوون لە یەکترەوە. ئێستا بۆم دەرکەوت زۆرێک لەم توێژینەوانە لەڕووی ژیرییەوە دژ بە یەکن، بیرۆکەی ئەوەی سەرەتایەکی خێرا، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ڕەوتی کار یان ڕێڕەوی خوێندن بێت یان تەنیا فێربوونی ئامرازی نوێ، هەندێک جار ئەکرێت پەرەسەندنی درێژخایەن پەک بخات. بەشێوەیەکی سرووشتیش، هێندەی خەڵکەکانی ئەتوانن سەرکەوتوو بن ڕێگای سەرکەوتن هەیە. بەڵام پێموابێت ئێمە تەنیا هانی ڕێگاکەی تایگەر ودز ئەیەین لەکاتێکا لەم جیهانە خراپەیا، ئەو کەسانەمان ئەوێت کە پێویستە لەسەر ڕێگای رۆجەر بڕۆن. یان وەک فیزیاناس و بیرکاری ناسی دیار و نوسەری سەرسوڕهێنەر، فریمان دایسۆن ئەیڵێت -- دایسۆن دوێنێ کۆچی دوایی کرد، بۆیە هیوادارم لێرەیا ڕێز لە قسەکانی بنێم -- وەک ئەلێت: بۆ سیستمێکی ژینگەیی تەندروست، پێویستمان بە باڵندەکان و بۆقەکانیشە. بۆقەکان لەناو قوڕەکەیان، هەموو وردەکارییە بچوکەکان ئەبینن. باڵندەکان لە سەرەوەن و ئەو وردەکارییانە نابینن بەڵام زانیاری لە بۆقەکان وەرئەگرن. و هەردووکیشیمان ئەوێت. دایسۆن ئەڵێت کێشەکە ئەوەیە، بە هەمووان ئەڵێین ببن بە بۆقەکە. و پێموابێت، لە جیهانێکی خراپا، ئەوە هەتا یەت بیر کورتتر ئەبێت. زۆر سوپاس بۆ ئێوە. (چەپڵەلێدان)