کوڕەکەم لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەدایک بوو، ماوەیەکی کەم دوای قەدەغەی هاتوچۆی پاریس. هەرگیز نەترساوە لەو کەسانەی ماسکیان کردووە چونکە بەس ئەوەی زانیوە. کچە سێ ساڵەکەم ئەزانێت بڵێت "جێڵ هایدرۆ -ئەلکۆولیک." ئەوە وشە فەڕەنسییەکەی جێڵێ هایدرۆ ئەلکۆهۆلیکە. ڕاستییەکەی لە من باشتر ئەیڵێت. بەڵام کەس نایەوێ ماسک بکات یان هەموو ٢٠ چرکەیەک دەستەکانی بە دەست پاکەرەوەکان بشوات. هەموومان سەیری توێژینەوەکان ئەکەین بۆ ئەوەی چارەسەرەکەمان بۆ بدۆزنەوە: ڤاکسین. سەرنجڕاکێشە کە لە مێشکمانا، بەردەوام وا بیر لە دۆزینەوەی ڤاکسینەکە ئەکەینەوە وەک ئەوەی سەرکەوتن بێت. بەڵام دوو کورتهێنانم هەیە لێرەیا کە حەز ئەکەم باسیکەم. من پزیشک نیم، تەنیا ڕاوێژکارێکم. کڕیارەکانم کار لەسەر چاودێری تەندروستی -- کۆمپانیاکانی دەرمانی زیندەیی، دابینکەرەکان، و دامەزراوە تەندروستییە جیهانییەکان ئەکەن -- و ئەوان زانیارییان یاومەتێ. پێویستمان بە دۆزینەوەی ئامرازەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید، و پێویستە وا بکەین بەردەست بێت بۆ هەموومان. یەکەم، یەک ڤاکسین لەمە نامانباتە دەر. ئەوەی پێویستمانە جبەخانەیەک ئامرازە. ڤاکسینمان ئەوێت، دەرمانمان ئەوێت، ئامرازی ناسینەوەمان ئەوێت هەتا دڵنیابین لەوەی ئەتوانین ڕێگە بگرین، لە حاڵەتەکانی کۆڤید و بیاناسینەوە و چارەسەریانکەین لە دانیشتووانی هەمەجۆردا. دووەم، تەنیا بۆ دۆزینەوەی ئامراز نییە. پێتان وایە چی ڕووئەیات کاتێک یەکێک لەم تاقیکردنەوە پزیشکییانە نیشانی ئەیات کە ئامرازەکە کاریگەرە؟ پێتان وایە هەموومان ئەتوانین بچین بۆ دەرمانخەنەکەی ئەولامانەوە، بەرهەمەکە بکڕین، ماسکەکانمان لابەرین و ئینجا بچینەوە سەر ماچکردنەکانمان؟ نەخێڕ. دۆزینەوەی ئامرازی کاریگەر تەنیا یەک هەنگاوە لەم شەڕە گەورەیەماندا، چونکە جیاوازییەک هەیە لە نێوان بوونی بەرهەمێک و بەردەستبوونی بەرهەمێک. ئێستاش بیر ئەکەنەوە، "ئاه -- مەبەستی ئەوەیە کە وڵاتەکانی تر پێویستە چاوەڕێکەن." نا، مەبەستم ئەوە نییە. نەک ئەوانی تر پێویستە بووەستن، بەڵکو هەر یەکێکی ترمان لەوانەیە. ئەو شتەی کۆڤید کە سادەی کردوینەتەوە ئەوەیە کە بەهۆی خێرایی و قەبارەی بڵاووبوونەوەکەی. هەموومانی خستۆتە بەردەم هەمان ململانێکان و تامێکی ململانێکانمان ئەیاتێ کە ڕانەهاتووین لەسەری. بیرتانە کە چین چووە ناو قەدەغەکردنی هاتووچۆ؟ هێناتانە بەرچاوی خۆتان کە ئەکەونە هەمان بارودۆخی ئەوان، دوای چەند هەفتەیەک؟ من نەهاتە بەرچاوم. با بچینە سەر ساتە وێژەییەکەی بەردەستبوونی ڤاکسینەکە بۆمان. لەم حاڵەتەیا، ململانێی دواتری بەردەستبوون دابینکردنەکەی ئەبێت. خەمڵاندنەکەی ئێستا بۆ کۆمەڵگای جیهانی ئەوەیە هەتا کۆتایی ٢٠٢١ -- کە ساڵێک دوای دۆزینەوەی ڤاکسینەکە ئەکات -- ژەمە ڤاکسینی پێویستمان بەشی یەک بۆ دوو ملیار کەس ئەبێت لەو هەشت ملیار کەسەی لەسەر هەسارەکە ئەژین. کەواتە کێ ئەبێ چاوەڕێکات؟ چۆن بیر لە بەردەستبوون ئەکەیتەوە کاتێک دابینکردن کوورت ئەهێنێت؟ سیناریۆی ژمارە یەک: ئەهێڵین بازاڕ کاری خۆی بکات، و ئەوانەی زۆرترین پارە ئەیەن یان خێراتر ڕێکەوتن ئەکەن یەکەمجار بەرهەمەکەیان بۆ بەردەست ئەبێت. هیچ ڕێی تێناچێت، بەڵام سیناریۆکە ئەگەری زۆرە. سیناریۆی ژمارە دوو: ئەکرێت هەموومان لەسەر بنەماکانی تەندروستی گشتی ڕێکەوین، کە کێ یەکەمجار بەرهەمەکەی دەستکەوێت. با بڵێین هاوڕاین لەسەر ئەوەی کارمەندانی تەندروستی یەکەم جار وەریگرن، و ئینجا بەتەمەنەکان و ئینجا دواتر خەڵکی گشتی. ئێستا با کەمێک زیاتر دەمارتان بگرم. سیناریۆی ژمارە سێ: وڵاتەکانی نیشانیان یاوە کە ئەتوانن بە باشی ڕووبەڕوی پەتا جیهانییەکە ببنەوە یەکەم جار بەرهەمەکەیان دەست ئەکەوێت. ئەوە ئەگەرێکی دوورترە، بەڵام بە تەواوەتی خەیاڵی زانستی نییە. چەندین ساڵ لەمەوبەر، کاتێک دابینکردنی دەرمانەکانی هێڵی دووەمی دژە سیل کەم بوون، ئەنجومەنێکی تایبەت پێکهێنرا بۆ دیاریکردنی ئەوەی کام وڵاتانە سیستمێکی تەندروستی وەک پێویست بەهێزیان هەیە کە دڵنیا ئەبنەوە لەوەی بەرهەمەکە بەشێوەیەکی گونجاو دابەش ئەکرێت و نەخۆشەکانیش بەشێوەیەکی باش لەسەر پلانەکانی چارەسەریان ئەڕۆن. ئەو وڵاتە هەڵبژێردراوانە یەکەم جار بەریانکەوت. یان، سیناریۆی چوارەم: ئەتوانین لەسەر یاسایەکی هەڕەمەکی بڕیار بەین، بۆ نموونە، هەر کەسە و لە ڕۆژی لەدایکبوونیا ڤاکسین وەرگرێت. ئێستا با ئەم پرسیارەتان لێبکەم: هەست بە چی ئەکەن کاتێک بیر لە داهاتووێک ئەکەنەوە کە تیایا ڤاکسینەکە بوونی هەیە، بەڵام هەر ئەبێ ماسکەکانتان بکەن و منداڵەکانیشتان لە ماڵەوە بهێڵنەوە و نەچنە قوتابخانە، و نەتوانن بەو شێوەیەی خۆتان ئەتانەوێ بچن بۆ سەر کارەکانتان چونکە ئەو بەرهەمەتان بۆ بەردەست نابێت؟ هەر ڕۆژێک کە تێپەڕیوە هەست ئەکەیت قبوڵنەکراو بێت، وانییە؟ بەڵام بڵێن چی؟ چەندین نەخۆشی هەیە کە چارەسەر و بنەبڕکردنمان هەیە بۆی، و هێشتا هەموو ساڵێک خەڵک بەهۆیەوە نەخۆش ئەکەون و ئەشمرن. بۆ نموونە سیل: ساڵی دە ملیۆن کەس تووش ئەبێت، ١.٥ ملیۆن کەس ئەمرێت پێی، سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە چارەسەرمان هەیە بۆی. ئەوەش لەبەر ئەوەی هێشتا بە تەواوەتی نەمانتوانیوە هەندێک لە پرسە گرنگەکانی دەستخستن بدۆزینەوە. دەستخستنی یەکسان کارێکی ڕاستە بکرێت، بەڵام لە سەروو مشتومڕە مرۆییەکەوەیە کە هیوادارم هەستیارتر بین بۆی دوای ئەوەی خۆمان هەستمان پێکرد، مشتومڕی تەندروستی و ئابوری هەیە بۆ دەستخستنی یەکسان. مشتومڕە تەندروستییەکە ئەوەیە هەتا ئەوکاتەی ڤایرۆسەکە لە شوێنێک چالاک بێت، هەموو لە مەترسی ئەوەیاین نەخۆشییەکە هاوردەکەینەوە. مشتومڕە ئابوورییەکە ئەوەیە بەهۆی ئەم پێکەوەبەستنانە لە ئابوورییەکەماندا، هیچ ئابوورییەکی ناوچەیی بەتەواوەتی دەستپێناکاتەوە ئەگەر ئەوانی تریش دەستپێنەکەنەوە. بیر لەو بوارانە بکەرەوە کە پشتیان بەستووە بە جموجۆڵی جیهانی، وەک فڕۆکەوانی یان گەشت و گەشتیاری. بیر لە زنجیرەکانی دابینکردن بکەنەوە کە لە جیهاندا پچڕوە، وەک کوتاڵ یان ئوتومبێل. بیر لەو گەشەکردنە ئابوورییانە بکەنەوە کە لە بازاڕە هەڵکەوتووەکانەوە یەت. ڕاستییەکە ئەوەیە پێویستمان بەوەیە هەموو وڵاتان پێکەوە کار بکەن بۆ لەناوبردنی پەتاکە. بۆیە نەک تەنیا بەردەستبوونی یەکسان کارە درووستەکەیە بکرێت، بەڵکو کارە زیرەکانەکەشە. بەڵام چۆن ئەوە بکەین؟ با دڵنیابین لەوەی لەسەر هەمان لاپەڕە بین لە بارەی واتای "بەردەست بوون". واتای ئەوەیە بەرهەمەکە بوونی هەیە؛ کە بە باشی کاری خۆی ئەکات؛ کە لەلایەن دەسەڵاتدارە ناوچەییەکانەوە پەسەند کراوە؛ کە ئەتوانرێ بکڕدرێت؛ بەڵام بەڵگەش هەیە لەسەر ئەوەی لە هەموو ئەو خەڵکانەیا کار ئەکات کە پێویستیانە، و ئەوەش ژنانی دووگیان ئەگرێتەوە یان ئەوانەی بەرگریان نزمە، یان مناڵان؛ کە ئەتوانرێت لە چەندین شوێندا دابەش بکرێت، وەک نەخۆشخانەکان یان کلینیکی دەرەوەی شارەکان یان ناوچەی سارد یان گەرم؛ بشتوانین بڕی گونجاوی لێ بەرهەم بێنین. ئەزانم لیستێکی پێداویستی زۆر درێژە، و لە بارودۆخێکی دوور لە قەیراندا، یەک بەدوای یەک بە ڕیز بەسەر ئەم پرسانەیا ئەچین، کە کاتێکی زۆری ئەوێت. کەواتە چی بکەین؟ بەردەستبوون دوورە لەوەی ململانێیەکی نوێ بێت بۆمان، و بۆ کۆڤیدیش، ئەبێ ئەوە بڵێم، پێکەوە کارکردنی نائاسایی ئەبینین لەنێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگا و پیشەسازی شارستانی بۆ خێراترکردنی بەردەستبوون: کارەکان هاوتەریبی یەکتر بکرێن، پرۆسەکانی ڕێکخستن خێرا بکرێن، نەخشە دابنرێت بۆ میکانیزمەکانی دابینکردن، جێگیرکردنی پەیداکردن، خستنەکاری سەرچاوەکان، هتد. لەگەڵ ئەوەشا ئەگەری زۆرە تووشی بارودۆخێک ببینەوە، کە بۆ نموونە، پێویست بکات ڤاکسینەکە بەردەوام هەڵبگیرێت، با بڵێین بۆ نمونە، لە ناقس ٨٠ پلەی سەدییا؛ یان پێویست بکات پێدانی چارەسەرەکە لەلایەن کارمەندێکی تەندروستی تەواو شارەزاوە بدرێت؛ یان پێویست بکات شیکردنەوەی دەستنیشانکردنەکە لەلایەن تاقیگەیەکی ئاڵۆزەوە بکرێت. کەواتە چی تر هەیە بتوانین بیکەین؟ زیاتر ئەو لۆجیکە بەرینە پێشەوە کە کۆمەڵگای تەندروستی جیهانی چەندین ساڵە پاراستوێتی، یەک شتی تر هەیە ئەتوانم بیری لێکەمەوە کە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت. چەمکێک هەیە لە پەرەپێدان و درووستکردنی بەرهەمەکانا کە پێی ئەوترێت "نرخ لەگەڵ نەخشەدانان." بیرۆکە بنچینەکە ئەوەیە کە گفتوگۆی تێچوونەکە لە هەمان ئەو کاتەیا ڕووئەیات کە نەخشە بۆ بەرهەمەکە دائەنرێت، وەک لەوەی یەکەمجار نەخشەی بۆ دانرێت و ئینجا کاری لەسەر بکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکەی. شێوازێکی سادەیە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کاتێک تێچوون دیاری ئەکرێت وەک پێوەرێکی لەپێشینە بۆ بەرهەمێک، لە یەکەم ڕۆژەوە ئەکرێتە ئامانج. ئێستا، لە چوارچێوەی تەندروستی و بەردەست بووندا، پێموایە توانایەکی شاردراوەی نەدۆزراوە هەیە لە توێژینەوە و پەرەپێدان بە بەردەستبوون، بەهەمان شێوەی ئەوەی درووستکەرەکان بۆ نرخ نەخشە ئەکێشن. ئەمەش واتای ئەوەیە، لەجیاتی ئەوەی پەرە بە بەرهەمێک بەیت و ئینجا کار بکەیت بۆ ئەوەی بیگونجێنیت هەتا دڵنیابیتەوە لەوەی دواتر بەردەست ئەبێت، هەموو شتەکانی لەسەر لیستی پێداویستییەکانی باسم کرد لە سەرەتاوە ئەخرێتە ناو پرۆسەی توێژینەوە و پەرەپێدانەکە، و ئەمەش سوود بە هەموومان ئەگەیەنێت. با نموونەیەک وەرگرین. ئەگەر پەرە بە بەرهەمێک بەین و بەردەستبوونی یەکسمانمان لە مێشکا بێت، لەوانەیە دواتر خێراتر بتوانین بیگونجێنین بۆ بڵاوکردنەوەی فراوان. بەپێی ئەزموونەکەم، پەرەپێدەرانی دەرمان زۆر جار کار لەسەر دۆزینەوەی ئەو بڕە بەن کە کار ئەکات، و تەنیا دوای ئەوە باشترین بڕ دیاری ئەکەن یان ئەیگونجێنن. ئێستا بیهێننە بەرچاوتان کە ئێمە باسی بەرهەمێکی پاڵێوراو ئەکەین کە پێکهاتەی کارا بۆی سەرچاوەیەکی دەگمەنە. ئەی ئەگەر لەجیاتی ئەوە تیشک بخەینە سەر پەرەپێدانی چارەسەرێک کە کەمترین بڕی توانراوی پێکهاتەی کارا بەکاربێنێت؟ ئەتوانێ یارمەتیمان بات ژەمە دەرمانی زیاتر بەرهەم بێنین. با نموونەیەکی تر وەرگرین. ئەگەر لەکاتی پەرەدان بە بەرهەمێک بەردەستبوونی یەکسانمان لە مێشکا بێت، ئەکرێت دواتر بیگونجێنین بۆ ئەوەی خێراتر بڕێکی زۆری لێ دابەشکرێت. لە وڵاتەکانی داهاتیان زۆرە، توانای سیستمی تەندروستی بەهێزە. هەموو کات ئەتوانین بەرهەمەکان بەو شێوەیە دابەشکەین کە ئەمانەوێت. بۆیە زۆر جار بە کەم سەیری ئەوە ئەکەین کە ئەکرێ بەرهەمەکان هەڵگیرێت لە ژینگەکانی پلەی گەرمییەکەی کۆنترۆڵکراوە یان پێویستی بە کارمەندێکی تەندروستی شارەزا هەیە بۆ بەکارهێنانی. بێگومان، ژینگەکانی پلەی گەرمی کۆنترۆڵکراوە و کارمەندانی تەندروستی شارەزا لە هەموو شوێنێک بەردەست نین. ئەگەر لە توێژینەوە و پەرەپێدان نزیکبینەوە بە کۆتەکانی سیستمە تەندروستییە لاوازترەکان لە مێشکمانا، لەوانەیە داهێنەر بین و بۆ نموونە زووتر پەرە بەین، بە بەرهەمەکانی بەرگەی گەرمی ئەگرێت یان بەرهەمەکانی وەک ڤیتامینەکان ئاسان بەکارئەهێنرێت یان پێکهاتەیەک زۆر بمێنێتەوە لەجیاتی ژەمی دووبارەبوو. ئەگەر بمانتوانیایە ئەم ئامرازە سادەکراوانە بەرهەم بێنین و پەرەیان پێبەین، سوودی زیادکراویشی ئەبێت بەوەی فشاری کەمتر بخاتە سەر سیستمەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان بۆ وڵاتەکان دەوڵەمەند و هەژارەکانیش. بەپێی خێرایی ڤایرۆسەکە بێت و هەروەها لێکەوتەکانی ڕووبەڕووییان ئەبینەوە، پێموابێت پێویستە بەردەوام بین لە ململانێکردنی خۆمان بۆ دۆزینەوەی خێراترین ڕێگا بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید و پەتا جیهانییەکانی داهاتوو بەردەست بێت بۆ هەمووان. بە بۆچوونی من، ئەگەر ڤایرۆسەکە خۆی کۆتایی نەیەت، دوو کۆتایی هەیە بۆ ئەم چیرۆکە. تەرازووەکە بە یەک بارا ئەڕوات -- هەندێکمان بەرهەمەکەمان بۆ بەردەست ئەبێت و کۆڤید وەک مەترسییەک لەسەر هەموومان ئەمێنێتەوە -- یان هاوسەنگی تەرازووەکە ڕائەگرین، هەموو چەکی پێویستمان بۆ بەردەست ئەبێت، و هەموومان پێکەوە سەرئەکەوین. توێژینەوە و پەرەپێدانی داهێنەرانە بەتەنیا لە کۆڤید ناباتەوە، بەڵکو بەڕێوەبردنی داهێنەرانەی توێژینەوە و پەرەسەندن یارمەتیدەر ئەبێت. زۆر سوپاس.