نەشتەرگەری فریاکەوتنیت، شەفتی شەوانی ژوورێکی فریاکەوتنی ناوەوەی شارێکت هەیە. پیاوێکی گەنج ئەهێنرێتە بەردەمت، بێهۆش پاڵکەوتووە. فیشەکێک نراوە بە قاچییەوە و خوێنێکی زۆری لێئەڕوات. بەپێی برینی چوون و دەرچوون بێت هەروەها بەپێی بڕی خوێنبەربوونەکە، ئەگەری زۆرە فیشەکەکە بەر خوێنبەری ڕان کەوتبێت، یەکێک لە گەورەترین بۆرییەکانی خوێنی لەش. وەک پزیشکی پیاوە گەنجەکە پێویستە چی بکەیت؟ یان وردتر بڵێین، ئەبێ یەکەم شت چی بکەیت؟ سەیری جلەکانی پیاوە گەنجەکە ئەکەیت، کە لە کۆن و دڕاو ئەچێت. لەوانەیە بێکار، بێ ماڵبێت، خوێندنێکی شایستەی نەبووبێت. دەست ئەکەیت بە چارەسەرکردنی بە دۆزینەوەی کار بۆی، گرتنی ئەپارتمانێک بۆی یان یارمەتی ئەیەیت لە تاقیکردنەوەی ئامادەیی دەرچێت؟ لەلایەکی تریش، ئەم پیاوە تێوەگلاوە لە جۆرێک لە پێکدادان و لەوانەیە کەسێکی مەترسیدار بێت. پێش ئەوەی هەستێت، دەست و قاچی ئەبەستیتەوە، ئاسایشی نەخۆشخانە ئاگادار ئەکەیتەوە یان فریاکەوتن بانگ ئەکەیت؟ هیچ کامێک لە ئێمە هیچ یەکێک لەمانە ناکەین. و لەجیاتی ئەوە، تەنیا ڕێگای ژیرانە و مرۆڤانە ئەگرینە بەر کە لەوکاتەیا بەردەستە بۆمان. یەکەم، خوێنبەربوونەکە ئەوەستێنین. چونکە ئەگەر خوێنبەربوونەکە نەوەستێنین، هیچ شتێکی تر گرنگ نابێت. ئەوەی ڕاستە بۆ ژووری فریاکەوتن ڕاستە بۆ هەموو شارەکانی وڵاتەکە. کاتێک یەتە سەر توندوتیژی ناوشار، گرنگترین شت ڕزگارکردنی ژیانە. چارەسەرکردنی توندوتیژییەکە بە هەمان دەستوبردی چارەسەرکردنمان بۆ برینی فیشەکەکە لە ژووری فریاکەوتن. ئێمە باسی چی ئەکەین کاتێک ئەڵێین "توندوتیژی ناوشار؟" توندوتیژی ناوشار توندوتیژییە کوشندەکە یان کە ئەکرێت کووشندە بێت کە لەسەر شەقامەکانی شارەکانمان ڕووئەیەن. چەندین ناوی هەیە: توندوتیژی سەر شەقام، توندوتیژی گەنجان، توندوتیژی چەتەکان، توندوتیژی چەک. توندوتیژی ناو شار لەنێو ئەوانەدا ڕووئەیات کە مافەکانیان زەوتکراوە و لە ئازاردان. بەزۆری پیاوە گەنجەکان، ئەوانەی هەڵبژاردنی زۆر یان هیوایەکی وایان نییە لە ژیاندا. سەدان کاتژمێرم بەسەر بردووە لەگەڵ ئەم پیاوە گەنجانە. وانەم پێوتوونەتەوە لە ئامادەیی لە واشینگتنی پایتەخت، کە لەوێ یەکێک لە خوێندکارەکانم کوژرا. بەرامبەریان دانیشتووم لە ژووری دادگایی لە شاری نیو یۆرک، کە وەک داواکارێک کارم ئەکرد لێی. و لە کۆتاییشدا، لە شارێکەوە چووم بۆ شارێک وەک پەیڕەو درووستکەرێک یان توێژەرێک، چاوم بەم پیاوە گەنجانە ئەکەوت و بیرۆکەم ئاڵوگۆڕ ئەکرد لەسەر ئەوەی چۆن کۆمەڵگاکان سەلامەتتر بکەن. بۆچی ئەبێ گرنگی بەم پیاوە گەنجانە بەین؟ بۆچی توندوتیژی ناو شارەکان گرنگە؟ توندوتیژی ناو شارەکان گرنگە، چونکە دەبێتە هۆی زۆرترین مردن لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک لە هەر جۆرێکی تری توندوتیژی. توندوتیژی ناوشاریش بۆیە گرنگە چونکە ئەتوانین شتێک بکەین لەبارەیەوە. کۆنترۆڵکردنی ئەو ململانێ مەحاڵە قورسە نییە کە زۆر کەس لێی ئەڕوانن. ڕاستییەکەی، ئەمڕۆ ژمارەیەک چارەسەر بەردەستە کە سەلمێنراوە سوودی ئەبێت. و ئەوەی هاوبەشە لەنێوان ئەم چارەسەرانە پێکهاتەیەکی سەرەکییە. هەمووی ئەوە ئەزانن کە توندوتیژی ناوشار لکێنەرە واتە پێکەوە کۆئەبێتەوە لەنێو ژمارەیەکی بچووکی خەڵک و شوێنەکاندا. لە نیو ئۆرلیانس بۆ نموونە، تۆڕێکی کەمتر لە ٧٠٠ کەس هۆکاری زۆرینەی توندوتیژییە کووشندەکانی شارەکەن. هەندێک بەم کەسانە ئەڵێن "خەڵکە گەرمەکان." لێرە لە بۆستن، لەسەدا ٧٠ی تەقەکردنەکان چڕبوونەتەوە لەناو سووچەکان و تەلارەکانی تەنیا لەسەدا پێنجی شارەکە پێکدەهێنن. ئەم شوێنانە زۆر جار بە "شوێنە گەرمەکان." ناسراون شار لەدوای شار، ژمارەیەکی بچووکتری خەڵکی گەرم و شوێنی گەرم هۆکاری زۆرینەیەکی ڕوونی توندوتیژییە کووشندەکانن. ڕاستییەکەی، ئەم دۆزینەوەیە چەندین جار لەبەری گیراوەتەوە کە ئێستا توێژەرەوەکان بەم دیاردەیە ئەڵێن یاسای چڕبوونەوەی تاوان. کاتێک سەیری زانستەکە ئەکەین، ئەبینین چارەسەرە لکێنەکان باشترینن. قسەلەڕووانە بیڵێین، ناتوانیت تەقەکردن بووەستێنیت ئەگەر تەقەکەرەکان چارە نەکەیت. ناشتوانیت کووشنەکان بووەستێنیت ئەگەر نەچیت بۆ ئەو شوێنانەی خەڵکی لێئەکوژرێت. چوار ساڵ لەمەوبەر، خۆم و هاوپیشەکانم پیاچوونەوەیەکی سیستماتیکی بەراوردکاریمان کرد بۆ ستراتیجییەکانی دژەتوندوتیژی، کورتکراوەیەک کرا بۆ هەڵسەنگاندنی زیاتر لە ١٤٠٠ پێکدادان. ئەوەی دووبارە و دووبارە دۆزیمانەوە، ئەوەبوو ستراتیجییەکانی زیاتر تیشک خرابووە سەریان، ئەوەی زیاتر کرابووە ئامانج، چەسپێنراوترین ستراتیجییەکان، سەرکەوتووترینەکان بوو. ئەمەمان لە تاوان ناسیدا بینیوە، لە توێژینەوەکانی سەر پۆلیس، ڕێگەگرتن لە باندەکان و چوونەوەناویان. بەڵام ئەمەمان لە تەندروستی گشتیشدا بینیوە، کە ڕێگەلێگرتنە دووەمینەکان و سێیەمینە کراو بە ئامانجەکان باشتربوون لە ڕێگەلێگرتنە سەرەتاییە گشتگیرەکانی تر. کاتێک یاسادرووستکەرەکان تیشکیان خستۆتە سەر مەترسیدارترین کەسەکان و شوێنەکان، ئەنجامی باشتریان دەستئەکەوێت. لەوانەشە بڵێیت ئەی چی دەربارەی شوێنگرتنەوە و جێگۆڕین. توێژینەوەکان نیشانیان یاوە کاتێک مامەڵەکارانی ماددە هۆشبەرەکان زیندان ئەکرێن، مامەڵەکاری تر یەنە پێشەوە، شوێن ئەوانەی پێش خۆیان ئەگرنەوە. هەندێک خەمی ئەوەیانە کاتێک پۆلیس تیشک ئەخەنە سەر شوێنی دیاریکراو، تاوانەکە شوێنی ئەگیرێتەوە، بە شەقامەکەیا ئەڕواتە خوارەوە یان ئەچێتە ئەودیوی سووچەکەوە. خۆشبەختانە، ئێستا ئەزانین بەهۆی دیاردەی چەسپاندنەکە، کاریگەری شوێنگرتنەوە و لەشوێندانانەکەی پەیوەست ئەبن بەم ستراتیجی چەسپاوییەوە زۆر کەم ئەبن. ژیانێک لە خورپەی دەروونی ئەوێت بۆ درووستکردنی تەقەکەرێک و دەیان ساڵ لە فەرامۆشکردن بۆ درووستکردنی ناوچەیەکی گەرم. کەواتە ئەم خەڵک و شوێنانە وا بە ئاسانی بڵاونابنەوە. ئەی چی دەربارەی هۆکارە ڕیشەییەکان؟ ئایا بەدەمەوەچوونی هەژاری یان نایەکسانی یان نەبوونی دەرفەت باشترین ڕێگا نین بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی؟ بەپێی زانست بێت، بەڵێ و نەخێر. بەڵێ، لەوەیا کە ڕێژە زۆرەکەی توندوتیژی بەڕوونی پەیوەندیدار بن بە شێوە هەمەجۆرەکانی بەدبەختی کۆمەڵایەتی و ئابووری. بەڵام نەخێر، لەوەیا کە گۆڕانکارییەکان لەم هۆکارانەیا مەرج نییە ببنە هۆی گۆڕانکاری لە توندوتیژیدا، بەتایبەتی لە مەودای کورتخایەندا. هەژاری وەرگرە بەنموونە. بەرەوپێشچوونی دیار لەسەر هەژاری پێویستی بە چەندین دەیە هەیە، لەکاتێکدا خەڵکە هەژارەکە لە ئێستایا پێویستیانە و شایەنی ئەوەن ڕزگارکرێن لە توندوتیژی. هۆکارە ڕیشەییەکانیش ناتوانن دیاردەی چەسپاوی ڕوونکەنەوە. ئەگەر هەمووکات هەژاری پاڵنەربووبێت بۆ توندوتیژی، کەواتە چاوەڕێی ئەوە ئەکەین توندوتیژی لەناو هەموو خەڵکی هەژارا ببینین. بەڵام ئەوە نابینین. لەجیاتی ئەوە، ئەتوانین تێبینی بکەین کە هەژاری چڕی ئەکاتەوە، تاوانەکان زیاتر چڕ ئەکاتەوە، و لەهەمووشی زیاتر توندوتیژی چڕ ئەکاتەوە. لەبەر ئەوە چارەسەرە چەسپاندنەکان کارئەکەن. بۆیە کار ئەکەن چونکە یەکەم جار مامەڵە لەگەڵ شتە سەرەتاییەکان ئەکەن. و ئەمەش گرنگە، چونکە لەکاتێکدا کە لەوانەیە هەژاری ببێتە هۆی توندوتیژی، بەڵگەی بەهێز نیشانی ئەیات کە توندوتیژی هەژاری ئەهێڵێتەوە. ئەمەش نموونەیەکە لەسەر ئەوەی چۆن ئەیکات. وەک چۆن لەلایەن پاتریک شارکی، کۆمەڵناسەوە تۆمارکراوە -- نیشانی یاوە کاتێک منداڵانی هەژار ئەکەونە بەر توندوتیژی، ئەبێت بە خوورپەیەک بۆیان. کار ئەکاتە سەر توانای نوستنیان، توانای سەرنجدانیان، توانای هەڵسوکەوت و فێربوونیان. ئەگەر منداڵی هەژاری نەتوانن فێر ببن، ئەوکاتە لە قوتابخانە باش نابن. و ئەوەش دەرئەنجام کارئەکاتە سەر توانای ژیانیان لە داهاتووی ژیانیاندا و ئەوەش وایان لێئەکات نەتوانن لە هەژاری دەرباز بن. بەداخیشەوە، لە زنجیرەیەک توێژینەوەی شوێنەواری لەلایەن ئابووریناس راج چێتی، ئەوە ڕێک ئەو شتەیە کە دیومانە. منداڵە هەژارەکانی کەوتوونەتە بەر توندوتیژی توانای بەرهەمهێنانیان کەمترە وەک لە منداڵە هەژارەکانی بەشێوەیەکی ئاشتیانە گەورەبوون. توندوتیژی بە تەواوەتی منداڵانی هەژار لە هەژاریدا ئەهێڵێتەوە. لەبەر ئەوەیە زۆر گرنگە بە تەواوەتی تیشک بخرێتە سەر توندوتیژی شارەکان. ئەمەش دوو نموونە لەسەر ئەوە. لێرە لە بۆستن، لە ١٩٩٠کان، پێکەوەکارکردنێک لەنێوان پۆلیسەکان و ئەندامانی کۆمەڵگایەک بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بووە هۆی لە سەدا ٦٣ کەمکردنەوەی کوشتنی گەنجەکان. لە ئۆکلاند، هەمان ستراتیجی بەم دواییە بووە هۆی کەمکردنەوەی هێرشی ناکوشندەی چەک بەڕێژەی لەسەدا ٥٥. لە سینسیناتی، ئیندیاناپۆلیس و نیو هەیڤن، توندوتیژی چەک بەڕیژەی زیاتر لە یەک لەسەر سێ کەمکردەوە. بە سادەترین شێوە، ئەم ستراتیجییە بە سادەیی ئەوانە دیاری ئەکات کە زۆرترین ئەگەریان هەیە تەقە بکەن یان تەقەیان لێبکرێت، و ئینجا ڕووبەڕوویان ببیتەوە بە نامەیەکی دوو لایەنەی هاوسۆزی و لێپرسینەوە. "ئەزانین تۆیت تەقەکەت کردووە. پێویستە بوەستێنرێت. ئەگەر ڕێگەمان پێبەیت، یارمەتیت ئەیەین. ئەگەر ناچارمان بکەیت، ئەتوەستێنین." ئەوانەی ئامادەییان هەیە بگۆڕێن خزمەت و پشتیوانیان پێشکەش ئەکرێت. ئەوانەی سوورن لەسەر هەڵسوکەوتە توندوتیژانەکەیان ئەخرێنە بەر لێپرسینەوە لەڕێگەی کاری بە ئامانجکراوی پتەوکردنی یاسا. لە چیکاگۆ، پرۆگرامێکی تر چارەسەری درککردن بە هەڵسوکەوت بەکاردێنێت بۆ یارمەتیدانی کوڕە هەرزەکارەکان هەتا بەسەر بیرکردنەوە و هەستە قورسەکانیاندا زاڵبن، بەوەی فێربکرێن چۆن خۆیان لە پێکدادان لابەن و یان چۆن ساردیکەنەوە. ئەم پرۆگرامە گرتن بەهۆی توندوتیژی لەناو بەشداربووەکان کەمکردەوە بۆ نیوە. ستراتیجی هاوشێوە دووبارەکردنەوەی تاوانی کەمکردەوە بەڕێژەی لەسەدا ٢٥ بۆ ٥٠. ئێستا چیکاگۆ هەوڵێکی نوێی دەستپێکردووە، بە بەکارهێنانی هەمان ئەم تەکنیکانە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەیا کە لەبەر بەرزترین مەترسی توندوتیژی چەکدا بوون. پرۆگرامەکەش ئەنجامی دڵخۆشکەری نیشانداوە، لەوەش زیاتر، لەبەر ئەوەی ئەم ستراتیجییانە هێندە چڕکراوەتەوە، هێندە ئاڕاستەکراوە، بەشێوەیەکی درێژخایەن ئەوەندە زۆریان تێناچێت. لەگەڵ یاساکانیشدا کار ئەکەن کە ئێستا لەسەر کتێبەکانن. کەواتە ئەوە هەواڵێکی باشە. ئەکرێت ئاشتیمان هەبێت لە شارەکانمان، لەم کاتەیا، بەبێ بوودجەی گەورە گەورە و بەبێ یاسای نوێ. کەواتە ئەمە بۆچی هێشتا ڕووینەیاوە؟ بۆچی هێشتا ئەم چارەسەرانە سنووردارن بۆ ژمارەیەکی بچووک لە شارەکان، و بۆچی پەلەقاژێ ئەکەن تەنانەت کاتێکیش کە سەرکەوتوون، بۆ هێشتنەوەی پشتیوانی؟ ئەوە هەواڵە خراپەکەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە، زۆر باش نەبووین لە ڕێکخستنی هەوڵەکانمان بە چواردەوری ئەم دیاردەی چەسپاوییە. بەلایەنی کەمەوە سێ هۆکار هەیە کە بۆچی شوێن بەڵگە ناکەوین کاتێک یەتە سەر کەمکردنەوەی توندوتیژی شارەکان. یەکەمیش، وەک چۆن لەوانەیە چاوەڕێی بکەن، سیاسەتە. زۆربەی چارەسەری چەسپان ناگونجێت لەگەڵ سەکۆیەکی سیاسی دیاریکراو. لەجیاتی ئەوە، پاداشت و سزاش پێشکەش ئەکەن، هاوسەنگی لەنێوان بەڵێنی چارەسەرکردن لەگەڵ هەڕەشەی دەستگیرکردن، تێکەڵکردنی وەبەرهێنان لەو شوێنانە و زیادکردنی پۆلیس لێی. بە واتایەکی تر، ئەم چارەسەرانە نەرم و ڕەقیشن لە هەمان کاتدا. چونکە بە ڕێک و پێکی یەکناگرێتەوە لەگەڵ خاڵە نموونەییەکانی قسەکردنی چەپ یان ڕاستەکانیش، سیاسەتمەدارەکان ناچنە ژێر باری ئەم بیرۆکانە بەبێ ڕۆشنبیرکردن و تەنانەت هەندێک فشاریش. ئاسان نابێت، بەڵام ئەتوانین سیاسەتەکانی چواردەوری ئەم پرسە بگۆڕین بە لەچوارچێوەگرتنەوەی توندوتیژی وەک کێشەیەک کە دەبێ چارەسەر بکرێت، نەک مشتومڕێک کە دەبێ ببرێتەوە. پێویستە تیشک بخەینە سەر بەڵگە بەسەر ئایدۆلۆژیادا و ئەوەی سوودی ئەبێت بەسەر ئەوەیا کە لە باش ئەچێت. هۆکاری دووەم کە بۆچی هەمووکات شوێن بەڵگە ناکەوین ئەو سرووشتە ئالۆزەی ئەم چارەسەرانەیە. لێرەیا توانجێک هەیە. سادەترین ڕێگاکان چین بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی؟ پۆلیسی زیاتر. کاری زیاتر. چەکی کەمتر. وتنی ئەمانە ئاسانە، بەڵام بە کرداری سوودی نابێت. لەکاتێکدا لەلایەکی ترەوە، چارەسەرەکانی پشتبەستوو بە توێژینەوە ڕوونکردنەوەیان قورسە، بەڵام ئەنجامیان باشترە. لە ئێستایا، پرۆفیسۆرمان زۆرە کە لەسەر توندوتیژی ئەنووسن لە جۆرناڵە ئەکادیمییەکان. و خەڵکیشمان زۆرە کە بە سەلامەتی ئەمانهێڵنەوە لەسەر شەقامەکان. بەڵام ئەوەی کە نیمانە پەیوەندییەکی زۆرە لەنێوان ئەم دوو کۆمەڵەیا. پردێکی بەهێزمان نییە لە نێوان توێژینەوە و پەیڕەوکردن. کاتێکیش توێژینەوە پەیڕەوکردن ئاگادار ئەکاتەوە، ئەو پردە بەڕێکەوت بنیات نانرێت. کاتێک ڕووئەیات کە کەسێک کات وەرئەگرێت هەتا بە وردی ڕوونیکاتەوە کە توێژینەوە واتای چییە، بۆچی گرنگە و چۆن ئەتوانێت جیاوازی درووست بکات لەو بوارە دیاریکراوەیا. کاتێکی زۆر بەسەر ئەبەین لە ڕێکخستنی توێژینەوەیەک، بەڵام کاتی پێویست بەسەر نابەین لە شیکردنەوەی بۆ پارچەی بچووک کە پۆلیسێکی سەرقاڵ یان توێژەری کۆمەڵایەتی بتوانێت بە ئاسانی هەرسیکات. لەوانەیە قورسبێت دانیپیانێیت یان قبووڵی بکەیت، بەڵام ڕەچەڵەکیش هۆکاری سێیەم و دوایین هۆکاریشە بۆچی کاری زیاتر نەکراوە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی. توندوتیژی ناوشار زیاتر لەناو کۆمەڵگا هەژارەکانی پێست ڕەنگەکانی تر چڕبۆتەوە. ئەوەش ئاسانتری کردووە بۆ ئێمە کە لەو کۆمەڵگایانەیا ناژین کێشەکە فەرامۆش بکەین یان وا نیشانی بەین کێشەی ئێمە نییە. بێگومان ئەوە هەڵەیە. توندوتیژی شارەکان کێشەی هەمووانە. ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، هەموو باجێک ئەیەین بەرامبەر تەقەکردن و کووشتنەکەی کە لەسەر شەقامەکانی شارەکانمان ڕووئەیات. لەبەر ئەوە پێویستە ڕێگای نوێ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی هانی خەڵکی زیاتر بەین بۆ ئەوەی ڕەنگ و ڕەچەڵەک بپەڕێنن و بەشداربن لەم ململانێیە. چونکە ئەم ستراتیجییانە پێویستیان بە داهاتێکی ئێجگار زۆر نییە، پێویست ناکات هاوپەیمانی نوێی زۆر هان بەین -- تەنیا کەمێکمان ئەوێت. هەر ئەوەنەشمان ئەوێت کە دەنگیان بڵند بێت. ئەگەر بتوانین بەسەر ئەم ململانێیانەیا زاڵبین و ئەم چارەسەری چەسپاندنانە بڵاو بکەینەوە بۆ گەڕەکەکانی پێویستیان پێیەتی، ئەتوانین ژیانی هەزاران ڕزگارکەین. ئەگەر ستراتیجییەکانی ئەمڕۆ باسمکرد لێرە ئێستا بخرێتە کار لە ٤٠ پڕ توندوتیژیترین شارەکانی وڵات، ئەتوانین ژیانی زیاتر لە ١٢ هەزار کەس ڕزگارکەین بەدرێژایی هەشت ساڵی داهاتوو. ئەوە تێچوونەکەی چەندێکە لەسەرمان؟ ساڵی ١٠٠ ملیۆن دۆلار. ئەوە لەوانەیە لە زۆر بچێت، بەڵام ڕاستییەکەی، ئەو وێنەیە کەمترە لە لەسەدا یەکی لەسەدا یەکی بودجەی فیدراڵی ساڵانە. بەشی بەرگری هێندە پارە سەرف دەکات بۆ یەک فڕۆکەی ئێف-٣٥. هەمووی هەمان شتە، ئەگەر پیاوێکی گەنج بێت بەهۆی برینی فیشەکەوە بناڵێنێت کۆمەڵگایەک هەموو تاکەکانی ئەو برینانەیان هەبێت، یان نەتەوەیەک پڕبێت لەو کۆمەڵگایانە. بۆ هەر یەکێکیان، چارەسەرەکەی، پێش هەموو شتێک، وەستاندنی خوێنبەربوونەکەیە. ئەزانم ئەمە سوودی ئەبێت. ئەزانم، چونکە دیومە. تەقەکەرەکان ئەناسم کە چەکیان داناوە و ژیانیان تەرخانکردووە هەتا ئەوانی تریش بچن هەمان شت بکەن. ڕۆشتووم بەناو پڕۆژەی خانووە حکومییەکانی بەناوبانگبوون بە توندوتیژی و منداڵەکانم بینیوە کە لە دەرەوە یاریان کردووە. دانیشتووم لەگەڵ پۆلیسەکان و ئەندامانی کۆمەڵگاکان کە ڕقیان لەیەکتر بووە پێشتر، بەڵام ئێستا پێکەوە کار ئەکەن. خەڵکیشم لە هەموو بوارەکانی ژیان دیوە، خەڵکی وەک ئێوە، دواجار بڕیاریان یاوە بەشداربن لەم کارانە. لەبەر ئەوەشە کە ئەزانم پێکەوە، ئەتوانین و کۆتاییش بەم کوشتارگە بێمانایانە ئەهێنین. زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)