من ده‌مه‌وێت ئه‌مڕۆ گفتوگۆ لە بارەی چۆن خوێندنه‌وه‌ ده‌توانێت ژیانمان بگۆڕێت و سەبارەت بە سنووره‌كانی ئه‌و گۆڕانه‌ بكه‌م. ده‌مه‌وێت بدوێم له‌باره‌ی چۆن خوێندنه‌وه‌ جیهانێكمان پێ ده‌به‌خشێت توانای هاوبه‌شیكردنی هه‌بێت له‌ په‌یوه‌ندی بەهێزی مرۆڤ. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی چۆنیه‌تی بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌میشه‌ به‌شكاری بێت. چۆن خوێندنه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا پڕۆژه‌یه‌كی نامۆی بێوێنه‌یه‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ی ژیانمی گۆڕی ڕۆماننووسی گه‌وره‌ی ئه‌مریكی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌فریقی جه‌یمس بۆڵدوین بوو. كاتێك له‌ میچیگانی ڕۆژئاوا له‌ ١٩٨٠ كان گه‌وره‌ ده‌بووم، زۆر نووسه‌ری ئه‌مریكی بە ڕەچەڵەک ئاسیایی نه‌بوون حەزیان لە گۆڕانکاری كۆمه‌ڵایه‌تی بێت. بۆیه‌ ڕووم كرده‌ جه‌یمس بۆڵدوین وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌، و هه‌ستكردن به‌ ئاگایی نه‌ژادی. به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت خۆم ئه‌مریكی و ئه‌فریقی نه‌بووم، هه‌ستم به‌ بوێریی و تاوانباری كرد به‌هۆی وته‌كانی. به‌تایبه‌تی ئه‌م وتانه‌: "خه‌ڵكانێكی لیبڕال هه‌ن كه‌ هه‌موو دۆخه‌ ڕاسته‌كانیان هه‌یه‌، به‌ڵام باوه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌یان نییه‌. كاتێك ته‌له‌زمه‌كان كه‌م ده‌بنه‌وه‌ و به‌ڕێگه‌یه‌ك پێشبینی ده‌كه‌یت بیگه‌یه‌نن، ئه‌وان بە ڕێگەیەک له‌وێ نین." ئه‌وان به‌ ڕێگه‌یه‌ك له‌وێ نین. ئه‌و وشانه‌م وه‌ك خۆی وه‌رگرتووه‌. خۆم له‌ كوێ دانێم؟ چووم بۆ میسیسیپی ده‌ڵتا، یه‌ك له‌ هه‌ژارترین ناوچه‌كان له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان. شوێنێكه‌ به‌ مێژوویه‌كی به‌هێز پێكهاتووه‌. له‌ ١٩٦٠ ه‌كان، ئه‌مریكییه‌ بە ڕەچەڵەک ئه‌فریقییه‌كان ژیانی خۆیان خسته‌ مه‌ترسی بۆ شه‌ڕكردن بۆپه‌روه‌رده‌، بۆ شه‌ڕكردن بۆ مافی ده‌نگدان. ویستم ببمه‌ به‌شیك له‌و گۆڕانه‌، تا یارمه‌تی هه‌رزه‌كاره‌ گه‌نجه‌كان بده‌م ده‌ربچن و بچنه‌ كۆلێژ. كاتێک‌ گه‌یشتمه‌ میسیسیپی ده‌ڵتا، شوێنێك بوو هێشتا هه‌ژار بوو، هێشتا جیاكراوه‌ بوو، هێشتا به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر پێویستی به‌ گۆڕان بوو. قوتابخانه‌كه‌م، ئه‌و شوێنه‌ی لێی دانرام، نه‌ كتیبخانه‌ی لێبوو. نه‌ ڕاوێژكاری ئاڕاسته‌كردن، به‌ڵام ئه‌فسه‌ری پۆلیسی هه‌بوو. نیوه‌ی مامۆستاكان جێگره‌وه‌ بوون كاتێك قوتابییه‌كان شه‌ڕیان ده‌كرد، قوتابخانه‌ ده‌یناردنه‌ به‌ندیخانه‌ی ناوخۆیی. ئه‌مه‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ بوو تیایدا چاوم به‌ پاتریك كه‌وت. ئه‌و ١٥ ساڵ بوو و دوو ساڵ ده‌رنه‌چوو بوو، له‌ پۆلی هه‌شت بوو. هێمن، و ته‌نیاییخوازبوو، وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵدابێت. ڕقی له‌وه‌ بوو كه‌سانی تر شه‌ربكه‌ن. جارێكیان بینیم بازیدا نێوان دوو كچ كه‌ شه‌ڕیان ده‌كرد دایان به‌ ئه‌رزه‌كه‌. پاتریك ته‌نیا كێشه‌یه‌كی هه‌بوو. نه‌ده‌هاته‌ قوتابخانه‌. گوتی قوتابخانه‌ هه‌ندێكجار زۆر خه‌مناكه چو‌نكه‌ قوتابییه‌كان هه‌میشه‌ شه‌ڕده‌كه‌ن و مامۆستاكانیش خۆیان وه‌لاده‌نێن. دایكیشی دوو ئیشی ده‌كرد بۆیه‌ له‌به‌ر ماندوویه‌تی نه‌یده‌هێنا. بۆیه‌ ئه‌مه‌م كرده‌ ئیشی خۆم وای لێبكه‌م بێته‌ قوتابخانه‌. چونکە من سەرشێت و ٢٢ ساڵ و له ‌دڵه‌وه‌ گه‌شبین بووم، به‌رنامه‌ڕێژییه‌كه‌م بریتی بوو له‌ ته‌نیا له‌به‌رده‌م ماڵیان ئاماده‌بم و بڵێم، "سڵاو. بۆچی نایێتە قوتابخانه‌؟" ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌ڕێژییه‌ كاری خۆی كرد، هه‌موو ڕۆژێك ده‌هاته‌ قوتابخانه‌. له‌ پۆله‌كه‌م ده‌گه‌شایه‌وه‌. هۆنراوه‌ی ده‌نووسی، په‌رتووكی ده‌خوێنده‌وه‌. هه‌موو ڕۆژێك ده‌هاته‌ قوتابخانه‌. له ‌نزیكه‌ی هه‌مان كاتدا بۆم ده‌ركه‌وت چۆن له‌ پاتریك نزیك ببمه‌وه‌، له‌ كۆلێژی یاسا له‌ هارڤارد وه‌رگیرام. دووباره‌ ڕووبه‌ڕوی ئه‌م پرسیاره‌ بوومه‌وه‌ خۆم له ‌كوێ دانێم، جه‌سته‌م له ‌كوێ دانێم؟ به‌خۆمم ووت كه‌ میسیسیپی دهڵتا ئه‌و شوێنه‌ بوو كه‌ خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ند، خه‌ڵكی به ‌به‌خت، ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ڕۆن. ئه‌و كه‌سانه‌ش لە دوایان جێده‌مێنن ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌رفه‌تی ڕۆیشتنیان نییه‌. نه‌مویست ئه‌و كه‌سه‌ بم كه‌ ڕۆیشتووه‌. ده‌مویست ئه‌و كه‌سه‌ بم كه‌ ماوه‌ته‌وه‌. له‌لایه‌كی تر، ته‌نیا و ماندوو بووم. خۆمم ڕازیكرد كه‌ ده‌متوانی گۆڕانکاری زیاتر ئه‌نجام بده‌م به‌ پێوه‌رێكی فراونتر گه‌ر بڕوانامه‌یه‌كی یاسای پایه‌دارم هه‌بوایه‌. بۆیه‌ ڕۆیشتم. سێ ساڵ دواتر، كاتێك زۆرم نه‌مابوو له‌ كۆلێژی یاسا ده‌ربچم، هاوڕێكه‌م په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و گوتی پاتریك شه‌ڕی كردووه‌ و كه‌سێكی كوشتووه‌. من ڕووخاو بووم. به‌شێك له‌ من باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد، به‌شه‌كه‌یترم زانی كه‌ ڕاسته‌. گه‌شتم كرد تا پاتریك ببینم. له‌ به‌ندیخانه‌ سه‌ردانم كرد. پێی گوتم كه‌ ئه‌مه‌ ڕاسته‌. كه‌ كه‌سێكی كوشتووه‌. به‌ڵام نه‌یویست زیاتر له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێت پرسیارم له‌باره‌ی قوتابخانه لێی كرد گوتی ساڵێك دوای ڕۆیشتنم وازی له‌ قوتابخانه‌ هێنابوو. دواتر ویستی شتێكی ترم پێ بڵێت. سه‌ری له‌ خواره‌وه‌ كرد و گوتی منداڵێكی كچی هه‌یه‌ كه‌ تازه‌ له‌دایك ببوو. وا هه‌ستی ده‌كرد نائومێدی كردووه‌. ئه‌مه‌ بوو، گفتوگۆكه‌مان به‌په‌له‌ و نه‌گونجاو بوو. كه‌ هه‌نگاوم نا بۆ ده‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه‌، ده‌نگێك له‌ ناخه‌وه‌ پێی گوتم، "بگه‌ڕێوه‌. گه‌ر ئێستا نه‌گه‌ڕێیه‌وه‌، هه‌رگیز ناگه‌ڕێیه‌وه‌." له‌ كۆلێژی یاسا ده‌رچووم و گه‌ڕامه‌وه‌. گه‌ڕامه‌وه‌ تا پاتریك ببینم، گه‌ڕامه‌وه‌ تاكو بزانم گه‌ر بتوانم له‌ كه‌یسه‌ یاساییه‌كه‌ی یارمه‌تی بده‌م. ئه‌مجاره‌، كاتێك بۆ دووه‌مجار بوو بینیم، وامزانی ئه‌و بیرۆكه‌ مه‌زنه‌م هه‌بوو، گوتم، "سڵاو، پاتریك، بۆچی نامه‌یه‌ك بۆ كچه‌كه‌ت نانووسیت، تاكو بتوانیت له‌ مێشكی خۆت بیهێڵیه‌وه‌؟" پێنووسێك و پارچه‌ په‌ڕێكم پێیدا، ده‌ستیكرد به‌ نووسین. به‌ڵام كه‌ سه‌یری ئه‌و په‌ڕه‌م كرد كه‌ به‌ منی دایه‌وه‌، واقم وڕما. ده‌ستنووسه‌كه‌یم نه‌ناسیه‌وه، هه‌ڵه‌ی ڕێنووسی زۆر ساده‌ی ئه‌نجامدابوو. وه‌كو مامۆستایه‌ك بیرم كرده‌وه‌، ده‌مزانی كه‌ قوتابییه‌ك ده‌یتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو باشتر بێت زۆر به‌خێرایی، به‌ڵام هه‌رگیز وام بیرنه‌ده‌كرده‌وه‌ كه‌ قوتابی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو بچێته‌ دواوه‌ . ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر ئازاری دام، بینینی ئه‌وه‌ بوو كه‌ بۆ كچه‌كه‌ی نووسیبووی. نووسیبووی، "له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌كانم داوای لێبوردن ده‌كه‌م، ببووره‌ له‌وێ نیم بۆ تۆ." ئه‌مه‌ هه‌موو شتێك بوو هه‌ستی ده‌كرد ده‌بوو به‌ كچه‌كه‌ی بڵێت. لە خۆم پرسی چۆن ده‌توانم باوه‌ڕ به‌ خۆم بێنم کە شتی زیاتری هه‌یه‌ بۆ گوتن، به‌شێك له‌خۆی كه‌ پێویست ناكات پاساوی بۆ بهێنێته‌وه‌. ویستم وا هه‌ست بكات كه‌ شتێكی سوودمه‌ندی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی باسی بكات. هه‌موو ڕۆژێك له‌ حه‌وت مانگی داهاتوو، سه‌ردانم ده‌كرد و په‌رتووكم بۆی ده‌هێنا. جانتای گواستنه‌وه‌كه‌م ببووه‌ كتێبخانه‌یه‌كی بچووك. جه‌یمس بۆڵدوینم بۆی هێنا، واڵت ویتمان،ك.س. لیویس م بۆی هێنا. په‌رتووكی ڕێبه‌ری بۆ دار، و باڵنده‌م بۆی هێنا، و فه‌رهه‌نگ، كه‌ بووه‌ په‌رتووكی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و. هه‌ندێك ڕۆژ، هه‌ردووكمان چه‌ندین كاتژمێر به‌بێ ده‌نگی داده‌نیشتین، و ده‌مانخوێنده‌وه‌. ڕۆژه‌كانی تر، به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مانخوێنده‌وه‌، هۆنراوه‌مان ده‌خوێنده‌وه‌. ده‌ستمانكرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی سه‌دان هایكو (هۆنراوه‌ی نه‌ریتی ژاپۆنی سێ دێڕ) شاكارێكی ساده‌ی گزیكه‌ر. پرسیارم لێی ده‌كرد، "هایكوی هه‌ڵبژارده‌ی خۆتم بۆ باسكه‌." هه‌ندێكیان زۆر پێكه‌نیناوین. ئه‌مه‌ یه‌كیكیانه‌ له‌ لایه‌ن ئیسا: "خه‌م مه‌خۆن، جاڵجاڵۆكه‌كان، ماڵه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕه‌سمی ده‌پارێزم." ئه‌مه‌ش: "نیوه‌ی ڕۆژه‌كه‌ سه‌رخه‌وم شكاند، كه‌س سزای نه‌دام!" و ئه‌م دڵڕفێنه‌، له‌باره‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی به‌فربارینه‌، "ئاسكەکان یه‌كه‌م زوقم له‌ فه‌روه‌ی یه‌كتری ده‌لێسێنه‌وه‌." شتێكی دڵڕفێن و نادیار هه‌یه‌ له‌باره‌ی ئه‌و شیوازه‌ی هۆنراوه‌كه‌ دیاره‌. بۆشایی به‌تاڵ هه‌روه‌ك وشه‌كان خۆیان گرنگه‌. ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی و. س. مێروینمان خوێنده‌وه‌، له‌و كاته‌ی ژنه‌كه‌ی بینی له‌ باخچه‌ كار ده‌كات بۆی نووسی بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌واوی ژیانیان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن. " با بێنمه‌ به‌رچاوم دووباره‌ دێین ئه‌و كاته‌ی ده‌مانه‌وێت و ئه‌و كاته‌ به‌هار ده‌بێت گه‌وره‌تر نابین له‌ هه‌ر كاتێكی پێشوتر په‌ژاره‌ی كۆن وه‌كو هه‌وری زوو هێور ده‌بێته‌وه‌ كه‌ به‌ناوییدا به‌یانی به‌ هێواشی بۆخۆی دێت" پرسیارم له‌ پاتریك كرد له‌باره‌ی دێڕی په‌سه‌ندی ئه‌و، گوتی، "گه‌وره‌تر نابین له‌ هه‌ر كاتێكی پێشووتر" گوتی ئه‌و شوێنه‌ی بیرهێنایه‌وه‌ تیایدا كات ده‌وه‌ستێت، تیایدا كات چیتر گرنگی نییه‌. لێم پرسی گه‌ر شوێنێكی وه‌كو ئه‌مه‌ هه‌با، تیایدا كات بۆ هه‌میشه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. گوتی، "دایكم." كاتێك له‌ ته‌نیشت كه‌سێكه‌وه‌ هۆنراوه‌یه‌ك ده‌خوێنییه‌وه‌، هۆنراوه‌كه‌ له‌ ماناكه‌ی ده‌گۆڕێت. چونكه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێته‌ كه‌سیی، بۆ تۆ ده‌بێته‌ كه‌سیی، دواتر په‌رتووكمان خوێنده‌وه‌، چه‌ندین په‌رتووكمان خوێنده‌وه‌، یادنامه‌ی فرێدریك دۆگڵاسمان خوێنده‌وه‌، كۆیله‌یه‌كی ئه‌مریكی كه‌ خۆی فێری نووسین و خوێندنه‌وه‌ كرد و كه‌ ڕایكرد بۆ ئازادی به‌هۆی خوێنده‌وارییه‌كه‌ی. به‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ گه‌وره‌بووم كه‌ فرێدریك دۆگڵاس پاڵه‌وانه‌ ئه‌م چیڕۆكه‌م وه‌كو بوژانه‌وه ‌و هیوا بیرلێكردبۆوه‌. به‌ڵام ئه‌م په‌رتووكه‌ پاتریكی خسته‌ جۆرێك له‌ ترس. جه‌ختی له‌سه‌ر چیڕۆكێك كرده‌وه‌ كه‌ دۆگڵاس گێڕابویه‌وه‌ له‌سه‌ر چۆن، له ‌كاتی جه‌ژنی له‌دایكبوونی مه‌سیح، سه‌رداره‌كان قوڵفه‌ ده‌ده‌نه‌ كۆیله‌كانیان وه‌كو رێگه‌یه‌ك بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی نه‌توانن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئازادی بكه‌ن. چونكه‌ كۆیله‌كان له‌ كێڵگه‌كان به‌ملا و ئه‌ولادا ده‌كه‌ون. پاتریك گوتی به‌مه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. گوتی كه‌سانێك هه‌ن له‌ به‌ندیخانه‌ وه‌كو كۆیله‌، نایانه‌وێت بیر له‌ بارودۆخه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ زۆر ئازاربه‌خشه‌. زۆر ئازاربه‌خشه‌ بیر له‌ ڕابردوو بكه‌یته‌وه‌، زۆر ئازاربه‌خشه‌ بیر بكه‌یته‌وه‌ تا چه‌ند پێویسته‌ بڕۆین. دێری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌و ئه‌مه‌ بوو: "هه‌رشتێك، گرنگ نییه‌ چ بێت، بۆ ڕزگاربوون له‌ بیركردنه‌وه‌! ئه‌و بیركردنه‌وه‌ هه‌میشه‌ییه‌ی من بۆ حاڵی خۆم زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ی دام." پاتریك گوتی دۆگڵاس بوێر بووه‌ بۆ نوسین، بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ بیركردنه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز نه‌یزانی له‌ پێش چاوی من چه‌نده‌ به‌ دۆگڵاس ده‌چوو. چۆن به‌رده‌وام بوو له‌ خوێندنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ من خستمه‌ ترس و له‌رز. له‌ پێش من په‌رتوكه‌كه‌ی ته‌واوكرد، خوێندییه‌وه‌ له‌ پلیكانه‌یه‌كی كۆنكریتی به‌بێ ڕووناكیی. دواتر به‌رده‌وام بووین بۆ ئه‌وه‌ی په‌رتووكی هه‌ڵبژارده‌ی من بخوێنینه‌وه‌، "گیڵیێد" ی مارلین ڕۆبنسن، نامه‌یه‌كی دریژكراوه‌یه‌ له‌ باوكێكه‌وه‌ بۆ كوڕه‌كه‌ی. حه‌زی به‌م دێڕه‌ بوو: "من ئه‌مه‌ له‌ ڕوویه‌كه‌وه‌ ده‌نووسم تا پێت بڵێم كه‌ گه‌ر ڕۆژێك پرسیاری ئه‌وه‌ت كردبێت چیت له‌ ژیانت كردووه‌ ... تۆ به‌خششی خودا بوویت بۆ من، موعجیزه‌، زیاتر له‌ موعجیزه‌یه‌ك بوویت." شتێك له‌باره‌ی ئه‌م زمانه‌، خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی، په‌رۆشییه‌كه‌ی، ده‌نگه‌كه‌ی، دووباره‌ حه‌زی پاتریكی بۆ نووسین بزواند. په‌ڕاوی تێبینی یه‌ك له‌وای یه‌ك پڕ ده‌كرده‌وه‌ بۆ نووسینی نامه‌ بۆ كچه‌كه‌ی. له‌م نامه‌ جوان، و ئاڵوزانه‌، خۆی و كچه‌كه‌ی ده‌هێنا به‌رچاوی كه‌ سواری به‌له‌می كانۆو ده‌بن بۆ ڕووباری میسیسیپی. ده‌یهێنایه‌ به‌رچاوی جۆگه‌له‌یه‌كی له‌ قه‌راغ چیایەک ده‌دۆزنه‌وه‌ ئاوێكی ته‌واو ڕوونی هه‌بێت. كه‌ سه‌یری پاتریكم ده‌كرد ده‌ینووسی، به‌خۆمم گوت، ئێستاش پرسیار له‌ هه‌مووتان ده‌كه‌م، چه‌ند كه‌س له‌ ئێوه‌ نامه‌یه‌كی بۆ كه‌سێك نووسیووه‌ وا هه‌ست ده‌كه‌یت بێهیوات كردوون؟ ئه‌مه‌ زۆر له‌وه‌ ئاسانتره‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ له‌ مێشكی خۆت ببه‌یه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ڵام پاتریك هه‌موو ڕۆژێك ده‌رده‌كه‌وت، ڕووبه‌ڕوی كچه‌كه‌ی ده‌بوویه‌وه‌، خۆی به‌ به‌رپرسیار داده‌نا له‌ به‌رامبه‌ر كچه‌كه‌ی، وشه‌ به‌ وشه‌ به‌ جه‌ختكردنێكی زۆر. ژیانی خۆمم ده‌ویست بۆ ئه‌وه‌ی خۆم بخه‌مه‌ مه‌ترسیی به‌و شێوه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ توانای دڵی كه‌سێك ئاشكرا ده‌كات. با هه‌نگاوێك بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌ و پرسیارێكی نائاسووده‌ بكه‌م. من كێم تا ئه‌م چیڕۆكه‌تان بۆ باس كه‌م، وه‌ك ئه‌و چیڕۆكه‌ی پاتریك؟ پاتریك ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئازاره‌كه‌ی ژیا و من هه‌رگیز ڕۆژێكیش له‌ ژیانم برسیی نه‌بووم. زۆر بیرم له‌م پرسیاره‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌م چیڕۆكه‌ ته‌نیا له‌باره‌ی پاتریك نییه‌ له‌باره‌ی ئێمه‌یه‌، له‌باره‌ی نایه‌كسانیی نێوانمانه‌. جیهانی فره‌یی كه‌ پاتریك و خێزانه‌كه‌ی و باوانی لێی دوورخرابوونه‌وه‌. له‌م چیڕۆكه‌، من به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و جیهانی فره‌یی یه‌ ده‌كه‌م. و له‌ باسكردنی ئه‌م چیڕۆكه‌، نه‌مویست خۆم بشارمه‌وه‌. ئه‌و توانایه‌ بشارمه‌وه‌ كه‌ هه‌مه‌. له‌ باسكردنی ئه‌م چیڕۆكه‌، ویستم ئه‌و توانایه‌ بخه‌مه‌ ڕوو پاشان پرسیار بكه‌م، چۆن ئه‌و دوورییه‌ی نێوانمان نه‌هێڵین؟ خوێندنه‌وه‌ ڕێگه‌یه‌كه‌ بۆ داخستنی ئه‌و دوورییه‌. گه‌ردوونێكی ئاراممان پیده‌به‌خشێت ده‌توانین به‌یه‌كه‌وه‌ هاوبه‌ش بین تیایدا، كه‌ بتوانین به ‌یه‌كسانی هاوبه‌ش بین. ڕه‌نگه‌ ئێستا پرسیار بكه‌ن چی به‌سه‌ر پاتریك دا هات. ئایا خوێندنه‌وه‌ ژیانی ڕزگار كرد؟ ڕزگاری كرد و نه‌كرد. كاتێك پاتریك له‌ به‌ندیخانه‌ ده‌رچوو، گه‌شته‌كه‌ی ئازاربه‌خش بوو. خاوه‌ن كاره‌كان به‌هۆی تۆماره‌كه‌ی له‌ كار دووریان خسته‌وه‌، نزیكترین هاوڕێی، دایكی، له تەمەنی‌ ٤٣ ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشی دڵ و شه‌كره مرد‌. بێ لانه‌ بوو، برسیی بوو. بۆیه‌ خه‌ڵك زۆر شت له‌باره‌ی خوێندنه‌وه‌ ده‌ڵێن بۆ من زیاده‌ڕه‌وییه‌. خوێنه‌واربوون ڕێگه‌ی له‌ بێبه‌شكردنی نه‌گرت. ڕێگه‌ی له‌ مردنی دایكی نه‌گرت. بۆیه‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌توانێت چی بكات؟ چه‌ند وه‌ڵامێكی كه‌مم لایه‌ ئه‌مڕۆ كۆتایی پێ بێنم. خوێندنه‌وه‌ ژیانی ناوه‌وه‌ی بارگاوی كرده‌وه‌ به‌ نادیاری، به‌ ئه‌ندێشه‌، به‌ جوانیی. خوێندنه‌وه‌ ئه‌و وێنانه‌ی پێ به‌خشی کە خۆشییان پێی ده‌دایه‌وە: چیا، زه‌ریا، ئاسك، زوقم. ئه‌و شانه‌ی تامی جیهانێكی ئازاد، و سروشتی ده‌ده‌ن. خوێندنه‌وه‌ زمانێكی پێ به‌خشی به‌وه‌ی ونی كردبوو. ئه‌م دێرانەی هۆزانڤان دیرێك واڵكۆت چه‌نده‌ به‌هادارن؟ پاتریك ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی له‌به‌ركرد. "ئه‌و ڕۆژانه‌ی هه‌ڵمگرتن، ئه‌و ڕۆژانه‌ی ونم كردن، ئه‌و ڕۆژانه‌ی گه‌وره‌تر ده‌بن، وه‌كو كچه‌كان، له‌ قۆڵه‌ له‌نگه‌ر گرتووه‌كانم." خوێندنه‌وه‌ فێری ئازایه‌تی خۆیی كرد. بیرتان بێت ئه‌و به‌رده‌وام بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی فرێدریك دۆگڵاس، هه‌رچه‌نده‌ ئازاربه‌خشیش بوو. به‌رده‌وام به‌ئاگا بوو، هه‌رچه‌نده‌ به‌ئاگایی ئازاربه‌خشه‌. خوێندنه‌وه‌ شێوازێكی بیركردنه‌وه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ قورسه‌ چونكه‌ ده‌بێت بیربكه‌ینه‌وه‌. پاتریك بیركردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد، وه‌ك له‌ بیرنه‌كردنه‌وه‌، له‌ كۆتایی، خوێندنه‌وه‌ زمانێكی پێ به‌خشی تاكو قسه‌ بۆ كچه‌كه‌ی بكات. خوێندنه‌وه‌ ئیلهامی ویستی نووسینی پێ به‌خشی، به‌سته‌ری نێوان خوێندنه‌وه‌ و نووسین زۆر به‌هێزه‌. كاتێك ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌ین، وشه‌ ده‌دۆزینه‌وه‌. وشه‌ی دۆزییه‌وه‌ بۆ هێنانه ‌به‌رچاوی دوو وشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌. وشه‌ی دۆزییه‌وه‌ تا پێی بڵێت چه‌نده‌ خۆشی ده‌وێت. خوێندنه‌وه‌ په‌یوه‌ندیمانی له‌گه‌ڵ یه‌كتر گۆڕی. ده‌رفه‌تێكی پێ به‌خشین بۆ دۆستایه‌تی، بۆ بینینی سه‌رووی باری سه‌رنجمان. و خوێندنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نایه‌كسانی برد و یه‌كسانییه‌كی خێرای پێ به‌خشین. كاتێك چاوت به‌ كه‌سێكی خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌یبینیت، به‌تازه‌یی، به‌ نوێی. هیچ رێگه‌یه‌ك نییه‌ بتوانیت بزانیت كامه‌ دێڕی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌وه‌. چ یاده‌وه‌ری و په‌ژاره‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، ڕووبه‌ڕوی تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌وپه‌ڕی ژیانی ناوه‌وه‌ی ده‌بیته‌وه‌. دواتر پرسیار ده‌كه‌یت، "باشه‌، ژیانی ناوه‌وه‌م له‌ چی دروستكراوه‌؟ چیم هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانم له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتر هاوبه‌شی پێبكه‌م؟" ده‌مه‌وێت كۆتایی پێبێنم به‌ چه‌ند دێڕێكی هه‌ڵبژارده‌م له‌ نامه‌ی پاتریك بۆ كچه‌كه‌ی. "ڕووباره‌كه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن سێبه‌راوییه‌ به‌ڵام ڕووناكی ده‌دره‌وشێته‌وه‌ له‌ درزی داره‌كان... له‌سه‌ر هه‌ندێك لق ژماره‌یه‌كی زۆر توو هه‌ڵواسراوه‌. ده‌ستت درێژ ده‌كه‌یت ڕێك تا هه‌ندێكی لێبكه‌یته‌وه‌." ئه‌م نامه‌ جوانه‌ش، كه‌ ده‌نووسێت، "چاوه‌كانت داخه‌ و گوێ له‌ ده‌نگی وشه‌كان بگره‌. ئه‌م هۆنراوه‌یه‌م له‌به‌ره‌ حه‌زم لێیه‌ تۆش بیزانیت." زۆر سوپاسی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م. (چه‌پڵه‌)