شتێک هەیە کە زۆر پێویستمانە شتێک کە ناتوانین نەیکەین ئەویش هەناسە دانە. دەتانەوێت تاقیبکەینەوە؟ با پێکەوە بۆ ساتێک هەناسەمان راگرین با بڵێین بۆ ١٠ چرکە. ئاساییە؟ با بیکەین. ئامادەبن... دەی ئێستا! هووف، قورسە، وا نییە؟ باشە، ئەمە ژمارەیەکی باوەڕ پێ نەکراوە کە سەرسامت دەکات: حەوت. حەوت چی؟ حەوت میلیۆن مردنی پێشوەختە لە ساڵێکدا بەهۆی بەرکەوتن بە هەوای پیس کە هەڵیدەمژن. بیهێنە بەرچاو، ئەوە دەکاتە زیاتر لە کۆی دانیشتوانی مەدریدە ئازیزەکەم کە هەمووی دادەماڵرێت لە ساڵێکدا. لەوانەیە بپرسی: ئایا ئەم زانیارییە خراوەتە ڕوو؟ ئایا ئەم زانیارییە ئاشکرا کراوە، بڵاوکراوەتەوە؟ لە راستییدا، بەڵێ! حاڵی حازر زیاتر لە ٧٠،٠٠٠ توێژینەوەی زانستیمان بەردەستە کە لە پەیوەندی نێوان پیس بوونی هەوا و تەندروستی ئێمە دەکۆڵنەوە, و میدیای جیهانی بە بەردەوامی باسی ئەم کێشەیان کردووە. لە راستییدا، لە ماوەیەکی کەمدا بۆمان دەرکەوتووە کە پیسبوونی هەوا کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە بە نزیکەیی لەسەر هەموو ئەندامە سەرەکییەکانی لەشمان با لە سییەکانەوە دەست پێ بکەین. هەر کە بیر لە پیس بوونی هەوا دەکەینەوە، یەکسەر سیییەکانمان بیر دەکەوێتەوە. لە راستیدا، هەر جارێک هەناسە وەردەگرین ئەوا پیسکەرە ژەهراوییەکان هەڵدەمژین، و سییە پەمەیی و خۆشەویستە داماوەکانمان ئەو هەمووە دەچێژن. بە درێژایی ١٠ ساڵی رابردوو، زانیارییەکی زۆرمان کۆکردۆتەوە دەربارەی ئەوەی کە چی روویداوە بەڵام با سەرەتا پێتان بڵێم پیس بوونی هەوا چییە. پیس بوونی هەوا تیکەڵەیەکی زۆر ئاڵۆزە! لە تەنۆلکەی رەق، دڵۆپەی زۆر بچوکی شل و مادەی کیمیایی گازی. ئەم هەموو تێکەڵەیە بهێنە پێش چاوی خۆت :کە پێ دەچێت لە سەرچاوەی وەکو بەکاربردنی سووتەمەنی ماڵەوە یان پیشەسازی، یان هاتووچۆ. یاخود هەر سەرچاوەیەکی تری دەرەکی یان ناوەکی بێت. و بە دڵنیاییەوە، سەرچاوەی جیاوازی پیس بوون دەبێتە هۆی دروست بوونی تێکەڵەی جیاوازی مادە پیسکەرەکان مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەم هەموو ژەهرانە دەکرێت بە رێگەی جیاواز یەک بگرن با بۆ نموونە، باس لە ماددە بچوکەکان بکەین. دەکرێ تێکەڵەیەک بێت کە پێک هاتبێت لە سەیری ئەم کۆکتێلە بکەن: خاک و خۆڵی رێگەوبان، خوێی دەریا، کانزای ژەهراوی، دوکەڵی بزوێنەری دیزڵ، نیترات و گۆگردات، ئەم هەموو ژەهرە خراپانە ئەم کۆکتیلە بەتامە رۆژانە ئەچێتە ناو سییەکانمانەوە، و ئێمە بە بەردەوامی بەرکەوتنمان هەیە لەگەڵ ئەم هەوا پیسە چونکە ناتوانین لە هەناسەدان بوەستین. مەبەستم ئەوەیە، ئەتوانین بۆ ١٠ چرکە هەناسەمان رابگرین بەڵام لەوە زیاتر نا. ئێمە ناتوانین لە هەناسەدان بوەستین. و هەروەها، رۆژانە بە نزیکەیی پێویستمان بە ١٠،٠٠٠ لیتر لە هەوا هەیە. کەوایە، وتمان ساڵانە ٧ ملیۆن مردنمان هەیە کە هۆکارەکەی پیس بوونی هەوایە. ئایا ئێمە تۆقیوین؟ ئایا ئێمە ئۆقرەمان گرتووە؟ ئایا کارەساتێکی نیشتیمانی رادەگەیەنین، یان بارێکی لەناکاوی جیهانی؟ لە راستیدا نەخێر، و من هەموو رۆژێک ئەم پرسیارە لە خۆم دەکەم چی روو دەدات؟ بەڵام شتێکی ترهەیە کە رەنگە وامان لێ بکات خێراتر کاردانەوەمان هەبێت پیس بوونی هەوا کاریگەری تەنها لەسەر سییەکانمان نییە. بەڵکو کاریگەری لەسەر مێشکیشمان هەیە. ئەمە مێشکمانە. جوانە. هەموومان هەمانە. هەموومان پێویستمانە. هەموومان بەکاری دەهێنین، هیوادارم. (پێکەنین) هەندێک زیاتر لەوانی تر. و لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، لێکۆڵینەوەکان دەربارەی پەیوەندی نێوان پیس بوونی هەوا و تەندروستی مێشکمان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بۆیە لەوانەیە ئیتر مێشکمان بەرەو لەناوچوون بچێت. بەڵام با بەڵگەکانتان پێ نیشان بدەم، دەربارەی ئەو شتانەی تا ئێستا دەیزانین لەسەر پیس بووونی هەوا و مێشکمان. یەکەم، کۆمەڵێک زانیاری نوێ هەن دەرەبارەی کاریگەرە خراپەکانی پیسکەرەکانی هەوا لەسەر ناوەندە دەمارە کۆئەنداممان. بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ تەنۆلکە ژەهراوییەکان. ؟بیرتان ماوە لە سییەکاندا بەجێمان هێشتن بە خۆشی بژین، و هەموو شتێک پیس بکەن. بەڵام بچوکترینی ئەم تەنۆلکانە دەتوانن بە جۆگەی خوێندا تێپەڕن، و لە رێگەی جۆگەی خوێنەوە، و پاڵنانی بەهۆی دڵەوە، ئەتوانن بگەن بە هەموو لەش. بەمەش دەبنە هەڕەشە بۆ سەرجەم ئەندامەکان لە ناویشیاندا مێشک. ئێمە راهاتووین کە بڵێین پیس بوونی هەوا سنووری نییە، و لە ناو لەشی مرۆڤیشدا هەمان شتە چونکە مادە پیسکەرەکانی هەوا ئاستەنگی وێڵاش دەبڕن و دەگەن بە کۆرپەلە و دەبنە هۆی گۆڕینی پەردەی مێشکی کۆرپەلەکە تەنانەت پێش یەکەم هەناسە دانیان! دووەم، چەندین توێژینەوە پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە بەرکەوتنی درێژخایەنی کۆرپەلە پێش لە دایک بوون و لە سەرەتای لەدایکبوونی بە هەوای پیس دەرەنجامی نەرێنی دەبێت لەسەر گەشەی کۆئەندامی هەستە دەمار. و دەبێتە هۆی دەستکەوتنی ئەنجامی لاواز لە تاقیکردنەوەی دەرککردن، هەروەها دەرەنجامێکی تری دەبێت، دەرەنجامێکی نەرێنی، وەک هەندێ ناڕێکی رەفتارئامێز وەکو ئۆتیزم کەمی سەرنج، و ناڕێکی زۆرجوڵانەوە. سەرەڕای ئەمەش، هەندێ بەڵگەی تر سەلماندوویانە کە بەرکەوتنی مێشکی مناڵان و هەرزەکاران بەو ماددە بچوکانە بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی چەند کاردانەوەیەک وەک:هەوکردنی مێشک، گۆڕانکاری لە وەڵآمدانەوەی کۆئەندامی هەستە دەمار هەروەها هاندانی پارچە پرۆتینەکان کە کەڵەکە دەبن و دەبنە هۆی زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی وەکو ئەلزەهایمەر و پارکینسن. گاڵتەجارییە، وانییە؟ ئێمە وەبەرهێنان دەکەین لە داهاتووی منداڵەکانماندا هەموو رۆژێک دەیان نێرین بۆ قوتابخانە تاوەکو بیریان فراوان بێت. کۆمەڵگە وەبەرهێنان دەکات لە پەروەردەیاندا، کەچی ئەو هەوایەی هەڵیدەمژن لە چاوەڕوانی پاسی قوتابخانەدا کاریگەرییەکی نەرێنی خراپی هەیە لەسەر گەشەسەندنی مێشکیان. با باسی سێیەم بکەین: ئەی چی دەربارەی پێگەشتووان؟ بەپێی نوێترین بەڵگەی زانستی، بەرکەوتنی درێژخایەن بە ماددە بچوکەکان دەبێتە هۆی دابەزینی توانای درک کردن. لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیاندا، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک. نەک تەنها ئەمەش، بەڵکو ئەگەر بەرکەوتنی درێژخایەنیان هەبێت لەگەڵ تەنۆلکەی زۆر ورد، ئەوا مێشکیان زووتر پیر دەبێت، و ئەگەرێکی زیاتریان دەبێت بۆ توشبوون بە جەڵتەی بچووکی بێدەنگ. کۆتا دانە...و چیتر بەڵگەی تر ناهێنمەوە چونکە یەک تەن بەڵگەی تر هەیە. چەند توێژینەوەیەکی تایبەت بە درمناسی کە لەسەر ئاژەڵ ئەنجام دراون پێشبینی بەرزبوونەوەی مەترسی خەڵەفان دەکەن دەرەنجامی بەرکەوتنی بەردەوامی ماددە پیسکەرەکان بە گشتی هەمووان رووبەڕووی پیسبوونی هەوا دەبنەوە. ئەگەر لە لادێدا بژیت یان لە شاردا، لە وڵاتێکی داهات بەرزدا یان لە وڵاتێکی داهات نزمدا بژیت مێشکی هەمووان لە مەترسیدایە، بە تۆشەوە. وەکو پزیشکێك زیاتر لە ٢٠ ساڵی ژیانی پیشەیی خۆمم تەرخانکردووە تاوەکو هۆشیاری بڵاو بکەمەوە دەربارەی کێشەکانی تەندروستی گشتی، مەترسییەکانی تەندروستی گشتی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، و دەزانم زانستەکە لە بەردەستماندایە، هەروەها چارەسەرەکەشی. بە دڵنیاییەوە، هەندێک شوێن پیسترن لە ئەوانیتر. بەڵام ئەمە کێشەیەکی جیهانییە! کە هیچ تاکێك، هیچ شارێك، هیچ گروپێک، هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە تەنها چارەسەری بکات. پیویستمان بە پابەندبوونی جدی و کردەوەی جدی هەموو لایەکە: کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت، تەنانەت خودی تاکەکانیش. هەموو ئەرکێکمان لەسەرشانە. بەڵێ، پێویستمان بە چاکسازییە لە شێوازی بەکاربردندا، شێوازی هاتوچۆمان، و شێوازی بەکارهێنانی وزە. و هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە چارەسەری هەموو ئەمانەمان لایە. بەڵام ئەگەر ئەم کردەوانە بۆ یەک رۆژ دوا بخەین، لەوانەیە هەزارەها گیان لە دەست بدەین بەڵام ئەگەر بۆ ساڵێك دوای بخەین، لەوانەیە دووبارە ٧ میلیۆن گیانی تر لە دەست بدەین. بۆیە پێویستە هەموو سیاسەتمەدارێك وشیار بێت لە دەرەنجامەکانی تەندروستی هاوڵاتیان لە ئەگەری دواخستنی بڕیارەکانیدا. لە راستیدا، ئەمە یەکەمجار نییە لە مێژوودا کە رووبەڕووی ئەم بکوژە نادیارە ببینەوە. ئەمە لەندەنە لە ساڵی ١٩٥٢. هەروەک چۆن لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکاندا روویداوە، حکومەتەکان و شارەکان پێویستە کاری بەپەلە ئەنجام بدەن بۆ وەستاندنی کاریگەرە خراپەکانی پیس بوونی هەوا. سیاسەتمەداران دەبێت بزانن دواخستنی ئەو کارانەی بە بڕیاری سەختی دادەنێن وەکو: کەم کردنەوەی ترافیک لە شارەکاندا، یان وەبەرهێنان لە گواستنەوە گشتییەکاندا، یان برەوپێدان بە پاسکیلسواری لە شارەکاندا، وەبەرهێنان لە وزەی نوێ، پەرەپێدان بە وزەی پاکتر بۆ چێشتلێنان و ساردکردنەوە، هاتووچۆ و گەرمکردنەوە. ئەمانە هەموو چارەسەری ژیرانەن چونکە دەردان کەم دەکەنەوە، و جۆریتی هەوا باشتر دەکەن کە هاوشان بێت لەگەڵ پێوانەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هەر ئەم پێوانانەش ژیانمان دەپارێزن. هەر بۆیە پێویستمان بە پابەندبوون و راسپاردنی توندی سیاسی سەرجەم سیاسەتمەدارانە. بەڵام بۆ ئێستا پێویستمانە. ئەوانەی کە نایکەن، یان کارەکان دوادەخەن، بانگکراون لە لایەن دادگاوە تاکو بەرگری لە پێگەکانیان بکەن. بۆیە لە ئێستا بەدواوە، هیچ سیاسەتمەدارێک ناتوانێت بڵێت: نەمزانی. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئامادەی چەند لە دەستدانی گیانی ترین؟ لە دەستدانی ژیانێکی باش، و لەدەستدانی توانایی مێشکیمان، ئامادەین ئەمانە قبوڵ بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە ئەوا من داواتان لێ دەکەم تاکو مێشکمان لەسەر خۆیەتی، و هێشتا زیرەکین، تکایە داوای مافەکانتان بکەن، گوشار بخەنە سەر بەرپرسەکان دڵنیابنەوە لەوەی کاردەکەن بۆ وەستاندنی سەرچاوەکانی پیس بوونی هەوا. ئەمە گرنگترین شتە بیکەین بۆ پاراستنی خۆمان و پاراستنی مێشکە جوانەکەمان. زۆر سوپاس. (چەپڵە لێدان)