کەوچک. کارتۆن. شەمەندەفەری منداڵان. ڕازێنەرەوەی سەری ساڵ. خانووی هەڵبەزینەوە. بەتانی. سەبەتە. فەڕش. تەپڵەک. مۆبایلی زیرەک. پیانۆ ڕۆب وێنە. هەموو ئەم شتانە لە چییا هاوبەشن، جگە لەوەی کە وێنەن و لەم سێ مانگەی پێشوودا گرتوومن، و بۆیە، مافی لەبەرگرتنەوەی پارێزراوە؟ (پێکەنین) هەموویان داهێنانن کە بەهۆی سوودەکانی زمانەوانییەوە درووست کراون. هیچ کام لەم شتانە بەبێ زمان بوونیان نەئەبوو. بیهێنەرە بەرچاوت یەکێک لەمانە درووستکرێت یان، تەلارێکی ئاواهی بنیات بنرێت، بەبێ بەکارهێنانی زمان یان بەبێ سوودوەرگرتن لە هەر زانیارییەک کە بەهۆی زمانەوە درووستبووە. کەواتە، زمان گرنگترین شتە لە هەموو جیهاندا. هەموو شارستانییەتەکان لەسەر ئەو بناغەیەن. هەموو ئەوانەشی ژیانیان تەرخانکردووە بۆ خوێندنی ئەوەی، چۆن زمان درووست بووە، چۆن زمانی مرۆڤەکانیش هەمەجۆر بووە، چۆن جیاوازی هەیە لەگەڵ سیستمی پەیوەندیکردنی ئاژەڵەکانی تردا -- زمانزانەکانن. زمانزانی ڕەسمی زیاتر یان کەمتر، بوارێکی تازەیە. و چەندین بابەتی زۆر گرنگی دۆزیوەتەوە. بۆ نموونە، کە سیستمی پەیوەندی مرۆڤ زۆر جیاوازە لە سیستمی پەیوەندی گیانداران، کە هەموو زمانەکان بەشێوەیەکی یەکسان دەربڕینیان هەیە، تەنانەت ئەگەر بە ڕێگای جیاوازیش بیکەن. هێشتا، سەرەڕای ئەمەش، چەندین کەس هەیە حەز ئەکەن لەخۆوە قسە بکەن لەسەر زمانێک وەک ئەوەی هێندەی زمان زانێک تێگەشتنیان هەبێت بۆی، چونکە بێگومان، بەو زمانە قسە ئەکەن. ئەگەر بە زمانێکیش قسە بکەیت، واتا هێندە مافت هەیە قسە بکەیت لەسەر کارەکانی وەک هەر کەسێکی تر. بیهێنەرە بەرچاوت قسە لەگەڵ نەشتەرگەرێک بکەیت، و بڵێیت، "گوێگرە، هاوڕێ، ئەوە ماوەی ٤٠ ساڵێک ئەبێت دڵم هەیە. پێموابێت کەمێک ئەزانم لەسەر گۆڕینی زمانەی شاخوێنبەری دڵ. پێموابێت بۆچوونی من هێندەی بۆچوونی تۆ گرنگی هەیە." هێشتا، هەر ئەوەش ڕووئەیات. ئەمە نیل دیگراس تایسنە، ئەوە ئەڵێت لە فیلمی "ئەرایڤەڵا،" پێی باشتر بووە شفرە دۆزەرەوەیەک بێنێت -- کەسێک کە بتوانێت پەیامێک شیبکاتەوە لە زمانێکدا کە خۆیان ئەیزانن -- وەک لە زمانزانێک، بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ بوونەوەرە ئاسمانییەکان، چونکە زمانەوانێک -- ئەوە چی سوودێکی ئەبێت لە قسەکردن لەگەڵ کەسێکدا بە زمانێک قسە بکات کە تەنانەت ناشیزانین؟ ئینجا بێگومان، فلیمی "ئەرایڤەڵ"یش بەدوور نییە لە تانە. مەبەستم ئەوەیە -- چۆن ئەبێت هاوڕێیان: بوونەوەری ئاسمانی بە کەشتی گەورە بێن بۆسەر هەسارەکەمان و جگە لە قسەکردن لەگەڵمان هیچ شتێکی تریان ناوێت، و تۆش یەک زمانەوان ئەگریت بەکرێ؟ (پێکەنین) چییە حکومەتی ئەمریکا بوودجەی نییە یان چی؟ (پێکەنین) هەموو ئەم شتانە ئەکرێت بگەڕێنرێتەوە سەر هەڵەتێگەشتن، دەربارەی زمانیش و دەربارەی خوێندنی ڕەسمی زمان، دەربارەی زمانەوانەکان. و پێموابێت شتێک هەیە لەژێر زۆرێک لەو هەڵەتێگەشتنانەیە کە ئەتوانرێت لەم نوسراوە جوانەی "فۆربس"دا کۆبکرێتەوە، کە بۆچی نابێت خوێندکارانی ئامادەیی فێری زمانی بیانی بکرێن. هەندێک قسەی ناو ئەمە دەرئەهێنم، و ئەمەوێ بزانم ئەتوانن تێبگەن لەوەی چی لەژێر هەندێک لەم بۆچوون و بیرۆکانەیە. "ئەمریکییەکان بەدەگمەن وێژەی کلاسیک ئەخوێننەوە تەنانەت لە وەرگێڕانیشدا." کەواتە بە واتایەکی تر، بۆچی خۆت سەغڵەت بکەیت بە زمانێکی بێگانەوە ئەگەر کلاسیکە بنەڕەتەکەی خۆت بەهیچ شێوەیەک نەخوێنیتەوە؟ سوودی چییە؟ "خوێندنی زمانی بیانی لە قوتابخانە بەهەدەردانی کاتە، بەراورد بەو شتانەی تر ئەتوانی لە قوتابخانە بیکەیت." "ئەوروپا چەندین کۆمەڵە زمانی هەیە لە شوێنی بچووکتردا کۆبۆتەوە." کەواتە بۆ ئەمریکا، ئاه، سودی چییە زمانێکی تر فێربیت؟ هێندە سوود نابینیت لەو هەموو خۆ ماندوو کردنەت. ئەمەیان خوازراوترینە لەلام، "خوێندکارێکی بێرمینگهام ئەبێ نزیکەی هەزار میل گەشت بکات بۆ سنوورەکانی مەکسیک، و تەنانەت ئەوکاتەش، هێندە خەڵکی لێئەبێت بە ئینگلیزی قسە بکەن ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە." بە واتایەکی تر، ئەگەر بتوانیت دەستت بەرز بکەیتەوە و بتوانیت بچیت بۆ شوێنەکەی ئەتەوێت، کەواتە هیچ سوودێکی نییە بۆت فێری زمانێکی تر ببیت. هۆکارێکی بەشێکی زۆری ئەم بیروباوەڕە خواستنێکی باوە، زمان ئامرازە. و شتێکیش هەیە کە هەتا ڕادەیەک ڕاستە لەبارەی ئەم خواستنەوە. زمان جۆرێکە لە ئامراز ڕاستییەکەی، ئەگەر زمانی شوێنەکە بزانیت، باشتر کارت پێئەکرێت وەک لەوەی نەیزانیت. بەڵام ئاماژە بەوە ئەکات کە زمان تەنیا ئامرازێکە، و ئەوەش بەدڵنیاییەوە هەڵەیە. ئەگەر زمان ئامرازێک بوایە، ڕاشکاوانە ئامرازێکی زۆر هەژار ئەبوو. ماوەیەکی زۆر لەمەوبەریش وازمان لێئەهێنا بۆ شتێکی زۆر باشتر. بیر لە هەر ڕستەیەک بکەرەوە کە ئەتەوێت. ئەمە ڕستەیەکە کە دڵنیام پێشتر وتوومە: "دوێنێ کینم بینی." هاوڕێیەکم هەیە ناوی کینە. کە ئەم ڕستەیەش ئەڵێم، "دوێنێ کینم بینی،" بەڕاستی پێتوایە کە هەموو ئەوەی لە مێشکی منایە ئێستا خراوەتە مێشکی تۆشەوە لەڕێگەی ڕستەیەکەوە؟ قورسە، چونکە چەندین شتی تر هەیە کە ئەگوزەرێت. وەک، کە ئەڵێم "دوێنێ،" لەوانەیە بیر بکەمەوە دوێنێ کەشەکەی چۆن بووە چونکە لەوێ بووم. ئەگەر بیریشم بێت، لەوانەیە بیرم بکەوێتەوە شتێک هەبووە بیرم چووە بینێرم، کە وابووە. ئەمە گاڵتەیەکی پلان بۆ دانراوبوو، بەڵام بەڕاستی بیرم چوو شتێک بنێرم. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئەبێت ڕۆژی دوو شەممە بیکەم، چونکە ئەوکاتەیە کە ئەچمەوە ماڵەوە. بێگوماینش، کە بیر لە دووشەممە ئەکەمەوە، بیر لە "دووشەمەی شێتانە"ی بانگڵس ئەکەمەوە. گۆرانییەکی خۆشە. کاتێکیش وشەی "بینیم" ئەڵێم، بیر لەم دەستەواژەیە ئەکەمەوە: "تێگەشتم! 'پیاوە پیرەکە کاتێک چەکوش و مشارەکەی هەڵگرت." هەمووکات بیرم ئەکەوێتەوە. هەرجارێک کە گوێم لە وشەی "بینیم" ئەبێت، هەر بیر لەوە ئەکەمەوە، چونکە باپیرم هەمووکات ئەیوت، بۆیە واملێئەکات بیر لە باپیرم بکەمەوە. ئینجا لەبەر هۆکارێک دووبارە ئەچینەوە سەر "دووشەممەی شێتانە". لەگەڵ کینیش، کاتێک شتێک ئەڵێم وەک "دوێنێ کینم بینی،' بیر لە هەلومەرجەکانی ئەو کاتە ئەکەمەوە کە تیایا بینیم. و ئەمەش ئەو ڕۆژە بوو. ئەمەتا لەگەڵ پشیلەکەما. بێگومانیش، بیر لە کین ئەکەمەوە، بیر ئەکەمەوە کە ئەو ئێستا ئەچێت بۆ زانکۆی لۆنگ بیچ، بیرم ئەکەوێتەوە کە جۆنی هاوڕێم و دایکم هەردووکیان زانکۆی لۆنگ بیچیان تەواوکردووە، کەیتی پورزاشم لەمکاتەیا ئەچێت بۆ زانکۆی لۆنگ بیچ. دووبارە ئەوەش "دووشەممەی شێتانە". بەڵام ئەمە تەنیا بەشێکی ئەوەیە کە بە مێشکتا یەت لە کاتێکی دیاریکراودا کاتێک قسە ئەکەیت. هەموو ئەوەشی ئەمانەوێت بۆ نیشاندانی ئەو هەموو شێواوییەی کە لە سەرەتا ڕووئەیات، ئەمەیە. مەبەستم ئەوەیە، هەر ئەمەمان هەیە. (پێکەنین) جێی سەرسوڕمانە کە سیستمەکەمان هێندە خراپە؟ بۆیە بیهێنەرە بەرچاوت، ئەگەر بتوانم لەیەکچوونێکتان بەمێ، بیهێننە بەرچاوتان بتانەوێت لەچی ئەچێت ئەگەر کێکێک بخۆیت، لەجیاتی خواردنی کێکەکە، تەنیا پێکهاتەکانی کێکەکە بخۆیت، یەک بە یەک، لەگەڵ ڕێنماییەکانا دەربارەی ئەوەی چۆن ئەکرێت ئەم پێکهاتانە تێکەڵبکرێت بۆ دروستکردنی. پێویستە ڕێنماییەکانیش بخۆیت. (پێکەنین) ئەگەر ناچاربووینایە ئاواهی ئەزموونی کێکمان بکردایە، هەرگیز کێکمان نەئەخوارد. هێشتا، زمانیش تەنیا ڕێگەیە -- تەنیا ڕێگەیە -- کە بتوانین لەڕێگەیەوە بزانین چی ڕووئەیات، لە مێشکمانا. ئەمە ناخی ئێمەیە، ئەو شتەی ئەمانکات بە مرۆڤ، ئەوەی وامان لێئەکات جیاواز بین لە گیاندارەکانی تر، هەمووی لێرەیایە لە شوێنێکا، و هەموو ئەوەی پێویستە بیکەین بۆ نیشاندانی زمانی خۆمانە. زمان باشترین ڕێگەمانە بۆ نیشاندانی ئەوەی چی ئەگوزەرێت لەناو مێشکمانا. بیهێننە بەرچاوتان ئەگەر بمەوێت پرسیارێکی گەورە بکەم، وەک: "سرووشتی بیرکردنەوە و سۆزی مرۆڤ چییە؟" ئەوەی پێویستە بیکەیت ئەوەیە سەیری چەندین زمانی هەمەجۆر بکەیت کە بتوانیت. تەنیا یەکێک بەس نابێت. نموونەیەکتان بەمێ، ئەمە وێنەیەکی ڕۆمانی بچووکە گرتوومە، کە بە کامێرایەکی ١٢ مێگا پیکسڵی گرتوومە. ئێستا، ئەمە هەمان وێنەیە بە پیکسڵی کەمترەوە. دیارە، هیچ کام لەم وێنانە پشیلەیەکی ڕاستەقینە نییە. بەڵام یەکێکیان زۆر باشتر تێگەشتنت ئەیاتێ لەسەر پشیلە وەک لەوی تر. زمان تەنیا ئامراز نییە. ئەوە میراتی ئێمەیە، رێگایەکی ئێمەیە بۆ گەیاندنی ئەوەی واتای چییە مرۆڤ بیت. بێگوماینش، بە "میراتی"ییەکەمان، مەبەستم هەموو مرۆڤەکانە. لەدەستدانی یەک زمانیش وا ئەکات ئەو وێنەیە زۆر ناڕوونتر بێت. بۆیە وەک کارێک بۆ ١٠ ساڵی ڕابردوو و هەروەها درووستکردنەوەیەک، هەر بۆ خۆشی، زمان درووست ئەکەم. بەمانە ئەوترێت "کۆنلانگەکان،" کورتکراوەیەک بۆ زمانە درووستکراوەکان. ئێستا، کە ئەم ڕاستیانە ئەخەمە ڕوو یەک بەدوای یەکا، کە چەندین زمان لەناو ئەچن لەسەر هەسارەکەمان و منیش زمانی نوێ درووست ئەکەم، لەوانەیە بیر بکەنەوە کە بەستنەوەیەکی نا ڕووکەشی هەیە لەنێوان ئەم دوانەیا. ڕاستییەکەی، چەندین کەس هێڵێکیان کێشاوە لەنێوان ئەو خاڵانەیا. ئەمە پیاوێکە کە زۆر تووڕە بوو کە زمانێکی دروستکراو هەبوو لە فیلمی "ئەڤاتار"ی جەیمس کامیرۆندا. ئەڵێت، "لەو سێ ساڵەدا کە جەیمس کامیرۆن پێویستی پێبوو بۆ ئەوەی ئەڤاتار بخاتە سەر شاشەکان، زمانێک مرد." ڕاستییەکەی، لەوانەیە زۆر لەوەش زیاتر. "زمانی ناڤی، ئەو کونە پڕناکاتەوە کە ئەبوو لەسەری بێت.. " وتارێکی زۆر کاریگەر و توند -- ئەگەر هیچ بیری لێنەکەیتەوە. (پێکەنین) بەڵام ئەوکاتەی لێرەبووم لە کالیفۆرنیا، دوو پسپۆڕیم تەواوکرد. یەکێکیان لە زمانەوانیدا، بەڵام ئەوەی تریان لە ئینگلیزیا بوو. بێگومانیش، پسپۆڕی ئینگلیزیش، خوێندنی زمانی ئینگلیزی، ڕاستییەکەی خوێندنی ئەو زمانی ئینگلیزییە نییە، کە ئەیزانین، خوێندنی بابەتە وێژەییەکانە. وێژە بوارێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە، چونکە وێژە، بەشێوەیەکی فراوانتر، هەر وەک هونەر وایە؛ ئەکەوێتە ژێر شێوازی هونەرەوە. و بە بەکارهێنانی وێژە چی ئەکەین، نووسەرەکان، بوون و مێژووی تەواو نوێ درووست ئەکەن. سەرنجڕاکێشە بۆمان ببینین چی جۆرە قوڵی و سۆزێک و ڕۆحێکی تایبەتی ئەکرێت لەلایەن نووسەرەکانەوە بخرێتە ناو ئەم بوونە خەیاڵییانە. مەبەستم ئەوەیە بەشێوەیەکە -- سەیری ئەمە بکەن. زنجیرەیەک کتێب هەیە نوسراوە دەربارەی کەسایەتی خەیاڵی. هەموو کتێبەکە دەربارەی یەک بوونی خەیاڵی، ساختەی مرۆڤە. یەک کتێبی تەواوەتی هەیە لەسەر جۆرج بابیت لە کتێبی "بابیت"ی سینکلێر لێویس، و گرنتی ئەوەتان ئەیەمێ ئەو کتێبە، درێژترە لە کتێبی "بابیت" خۆی کە کتێبێکی کورتە. هیچ کەسێک هەر بیریشێتی؟ زۆرباشە، ڕاستییەکەی بەلای منەوە لە کتێبی "مەین ستریت"ی باشترە. ئەوە بۆچوونی منە. هەرگیز گومانمان لەو ڕاستییە نەبووە کە بواری وێژە سەرنجڕاکێشە. بەڵام سەرەڕای ڕاستییەکە، تەنانەت زمانەوانەکانیش گرنگی نادەن بەوەی زمانە درووستکراوەکان ئەتوانن پێمان بڵێن دەربارەی قوڵی ڕۆحی مرۆڤ وەک هەوڵێکی هونەرییانە. نموونەیەکی بچووکتان ئەیەمێ لێرەیا. وتارێک نوسرابوو لەسەرم ماوەیەک لەمەوبەر لە گۆڤارێکی کالیفۆرنیا. کە ئەم وتارەشیان نوسیبوو، ویستیان کەسێک لەلایەنی بەرامبەرەوە بێنن، کە ئەگەر دواتر سەیری بکەیت، لە شتێکی سەیر ئەچێت بیکەیت. تۆ تەنیا باسی کەسێک ئەکەیت، و ئەتەوێت کەسێک بێنیت لە لایەنی بەرامبەری ئەو کەسە. (پێکەنین) ئەمە پارچە نوسراوێکە زیاد لەپێویست گەورە کراوە. بۆیە توانیان یەکێک لە زیرەکترین زمانزانەکانی سەردەمی خۆمان بێنن، جۆرج لاکۆف، کە زمانزانێکە لە بێرکلی. کارەکەشی بۆ هەتا هەتایە بواری زمانەوانی و زانستی توانای فێربوونی گۆڕی. کاتێکیش پرسیاری لێکرا دەربارەی کارەکەم و دەربارەی زمان درووستکردن بە گشتی، وتی، "بەڵام زۆر شت هەیە بکرێت لە خوێندنی زماندا. پێویستە کات لە شتێکی ڕاستەقینەدا بەسەر بەریت." بەڵێ، "شتێکی ڕاستەقینە." ئەمە هیچتان بیر ئەهێنێتەوە؟ بەکارهێنانی هەمان ئەو چوارچێوەی کارەی کە خۆی دایهێناوە، ئەمگەیەنێتەوە سەر ئەم خواستە خەیاڵییە: زمان ئامرازێکە. لەوەش ئەچێت کارەکانی لەژێر ئەم خواستە خەیاڵییەیا بێت؛ کە زمان کاتێک بەسوودە کە بەکاربێت بۆ پەیوەندی. زمان بێسوودە کاتێک ناتوانرێت بەکاربێت بۆ پەیوەندی. لەوانەیە واتلێبکات بپرسیت: چی لە زمانە مردووەکان بکەین؟ بەڵام بەهەرحاڵ. بۆیە بەهۆی ئەم بیرۆکەیەوە، لەوانەیە لەوە بچێت کە لوتکەی نابەجێیە کۆرسێکی فێربوونی زمانت هەبێت لەسەر زمانی ڤالێریانی باڵا کە دروستمکرد بۆ زنجیرەی "یاری تەختەکان"ی ئێچی بی ئۆ لەوانەیە بپرسیت، ئەو ٧٤٠ هەزار کەسە فێری چی ئەبن؟ (پێکەنین) با سەیرێکی بکەین. فێری چی ئەبن؟ ئەبێ فێری چی ببن؟ ئەوەت لەبیربێت کە زمانەکەی تر بۆ ئەمە -- بۆ ئەوانەیە بە ئینگلیزی قسە ئەکەن -- ئەوانەی بە ئینگلیزی قسە ئەکەن زۆر شت فێر ئەبن. ئەمە ڕستەیەکە کە لەوانەیە هەرگیز بەکارینەهێنن بۆ پەیوەندیکردن بەدرێژایی ژیانیان: "ڤالا ئابرێ ئورنیس." "پیاوەکە ژنەکە ئەبینێت." هێڵە بچووکەکەی ناوەڕاست بەشە گرنگەکەیە، کەواتە وشە بە وشەیە، وا ئەڵێت. و چەندین شتی سەرنجڕاکێشیش فێر ئەبن، بەتایبەتی ئەگەر بە ئینگلیزی قسە بکەن. فێری ئەوە ئەبن ئەکرێت کردار لە کۆتایی ڕستەکەیا بێت. ئەوە بەڕاستی ڕوونایات لە ئینگلیزیا کاتێک دوو مشتومڕت ئەبێت. فێر ئەبن هەندێک جار زمانێک هاوتای نییە بۆ وشەی "کە" -- بە تەواوەتی تیای نییە. ئەوە شتێکە زمان پێی ئەکرێت. فێر ئەبن کە بزوێنێکی درێژ ئەکرێت درێژتر بکرێتەوە، بەراورد بە جیاوازی لە جۆرێتیا، کە بزوێنە درێژەکانی ئێمە ئەوە ئەکات؛ هەر لە ڕاستیدا هەمان درێژین. فێری ئەوە ئەبن کە ئەم گۆڕانکارییە بچووکانە هەیە لە تۆنی دەنگەکانا. هممم؟ هممم؟ گۆڕانکاری هەیە پێی ئەوترێت شێوەی ناو و جێناو و ئاوەڵناو لە کۆتایی بکەرەکاندا -- (پێکەنین) کە لە ڕستەیەکدا پێت ئەڵێ کێ چی لە کێ کردووە. تەنانەت ئەگەر ڕیزبەندی وشەکانیش هەر وەک خۆی بهێڵیتەوە و کۆتاییەکان بگۆڕیت، ئەوە ئەگۆڕیت کێ چی لە کێ ئەکات. فێری ئەوە ئەبن زمانەکان زۆر شت ئەکەن، هەمان شتەکان بەشێوەیەکی جیاواز ئەشکرێت فێربوونی زمان شتێکی خۆشبێت. ئەوەی فێری ئەبن ڕێزە بۆ زمان: زمان بە کاپیتاڵکردنی پیتی یەکەم. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەش کە لەسەدا ٨٨ی ئەمریکییەکان بە ئینگلیزی قسە ئەکەن لە ماڵەوە، پێموانییە ئەوە شتێکی خراپ بێت. ئەزانن بۆچی زمانەکان ئەمرن لەسەر هەسارەکەمان؟ لەبەر ئەوە نییە کە حکومەت زمانێک ئەسەپێنێت بەسەر کۆمەڵێکی بچووکتردا، یان کۆمەڵێکی تەواوەتی لەوانەی قسەی پێئەکەن نامێنن. ئەوە بەدڵنیاییەوە لە ڕابردووا ڕووی یاوە، و ئێستاش ڕووئەیات، بەڵام هۆکاری سەرەکی نییە. هۆکارە سەرەکییەکە ئەوەیە منداڵێک لەدایک ئەبێت بۆ ناو خێزانێک بە زمانێک قسە ئەکات کە بەشێوەیەکی بڵاو لە کۆمەڵگاکەیا قسەی پێناکرێت، و ئەو مناڵە فێری نابێت. بۆچی؟ چونکە ئەو زمانە بەهای نییە لە کۆمەڵگاکەیاندا. چونکە ئەو زمانە سوودی نییە. چونکە ئەو زمانە کارێکی دەستناکەوێت ئەگەر بەو زمانە قسە بکات. چونکە ئەگەر زمان بەس ئامرازێک بێت، ئەوا فێربوونی زمانی ڕەسەنی خۆیان هێندەی فێربوونی ڤالێریانی باڵا سوودی ئەبێت بۆیان، کەواتە بۆ فێریبێت؟ ئێستا... لەوانەیە خوێندنی زمان نەبێتە هۆی زمانپاراوییەکی زیاتر. بەڵام لەوانەیە ئەوە کێشەیەکی گەورە نەبێت. لەوانەیە ئەگەر خەڵکی زیاتر فێری زمانی زیاتر ببن، ببێتە هۆی پەسەندکردنی زیاتری زمانەکان و داگیرکاری کەمتر بەرامبەر زمانەوانی. لەوانەیە ئەگەر ڕێزی زمان بگرین وەک خۆی، کە گرنگترین داهێنانی مرۆڤایەتییە، ئەوا لە داهاتووا، ئەتوانین ئاهەنگ بۆ زمانە زیندووەکان بگێڕین وەک زمانی زیندوو، وەک لەوەی ببنە پارچەی مۆزەخانەکان. کیریمڤۆس (ڤالێریان) زۆر سوپاس. (چەپڵەلێدان)