‎وانا ڕامیرێز دێ ئەزباھێ لە بەردەم ‎کۆڕی ئاینزانە پایەبەرزەکان و ‎دادوەر، و زاناکانی بیرکاری دانیشت. جێنشینی ئیسپانیای نوێ بانگھێشتی کردبوون‎ تاقیکردنەوەی زانیاری ئافرەتە گەنجەکە بکەن بە کردنی قورسترین پرسیار لێی. ‎بەڵام وانا ھەموو پرسیارەکانی ‎دروست وەڵامدایەوە، ‎لە ھاوکێشە ئاڵۆزەکانەوە تا ‎گومانە فەلسەفییەکان. ‎چاودێرەکان دواتر ئەویان بە "کەشتی شاهانە چواند کە چەند بەلەمێکی هەڵگرتووە". ‎ئەو ئافرەتەی ڕوبەڕووی ئەم پرسیارانە بۆوە ‎لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەم لە دایک بووە. ‎لەو کاتەدا، مەکسیک بۆ زیاتر لە سەدەیه‌ک دەچوو کە داگیرکراوی ئیسپانیا بوو، کە سیستەمی کۆمەڵی بەرەو ئاڵۆزی چینایەتی برد بوو. باپیر و داپیرەی ووانا لە دایکییەوە ئیسپانی بوون، ئەمەش وایکرد ببنە خێزانێکی پلە بەرز. دایک و باوکی وانا هاوسەرگیرییان نە کردبوو، باوکی کاپتن بوو لە سوپای ئیسپانیا، کە دایکی (دۆنیا ئیزابێل) بەجێھێشت، تا بە تەنھا وانا و خوشکەکانی گەورە بکات. لە بەختی ئەوان، باپیرە نەرمونیانەکەی دڵنیایی دا بە ئاسوودەیی ژیانی ئەم خێزانە. و دۆنیا ئیزابێڵ بووە نمونەیەكی بەھێز بۆ كچەكانی، و بەسەرکەوتووانە یەکێک لە دوو ھەرێمەکەی باوکی بەڕێوە دەبرد، سەره‌ڕای نەخوێندەواریەکەی، و ئەو ڕقەی بەرامبەر ژن ھەبوو لەو کاتەدا. ئەم نموونەیە بووە ھۆی باوەڕ بەخۆ بوونی وانا بە درێژایی ژیانی. لە تەمەنی سێ ساڵیدا، بەنھێنی شوێنی خوشکەکەی کەوت بۆ قوتابخانە. کاتێ دواتر زانی خوێندنی باڵا تەنھا تایبەتە بە پیاوان، لە دایکی پاڕایەوە بھێڵێت خۆی بخاتە سەر شێوەی پیاو و بچێت بخوێنێت. داواکەی پشتگوێ خرا، وانا ئاسوودەیی خۆی دۆزیەوە لە کتێبخانە تایبەتییەکەی باپیریدا. لە سەرەتاکانی ھەرزەکاریدا، تەواو شارەزا بوو لە مشتومڕی فەلسەفی، لاتینی، و زمانی ئەزتیکیی ناھواتڵ. لێزانییەکەی وانا لەو تەمەنەدا سەرنجی کۆشکی شاھانەی شاری مەکسیکی ڕاکێشا، و کاتێک کە شازدە ١٦ساڵ بوو، جێنشینی شا و خێزانەکەی بردیان وەک خانمێک کە دواتر دەبێتە شاژن. لێرە، شانۆ و ھۆنراوەکانی بە نۆرە دەست و پەیوەندەکانی شای سەرسام و توڕە دەکرد. ھۆنراوە ئیستیفزازیەکەی پیاوی گەمژە ڕەخنەی دەگرت لە ئەو دوو پێوەرەی ھەبوون بۆ ڕەگەز، لەوەی چۆن پیاو ئافرەت لەڕێ لادەدات و لەھەمان کاتدا ڕەخنەی بێڕەوشتیان لێ دەگرێت. سەرەڕای ناڕەزاییەکان لێی، کارەکەی ھێشتا دەبووە ھۆی ڕێز لێگرتنی، و ھاتنی داوای ھاوسەرگیری زۆر بۆی، بەڵام وانا زیاتر حەزی لە زانست بوو نەک ھاوسەرگیری. و لە کۆمەڵگەی پیاو سالاری ئەو سەردەمە، تەنھا دەیتوانی یەک شوێن بدۆزێتەوە و بچێت بۆی. کڵێسە، لە کاتێکدا ھێشتا لە ژێر دەست لێپرسینەوەی ئیسپانییەکاندا بوو، لەوێ دەتوانرا ڕێ بە وانا بدەن سەربەخۆیی و ڕێزی خۆی بپارێزێت لەو کاتەی بێ ھاوسەر دەمێنێتەوە. لە ٢٠ ساڵیدا، چووە ناو دێری ڕەبەنی سانتا پاولا و ناوێکی تازەی وەرگرت سۆخ وانا ئینێز دی لا کروز. بۆ ساڵانێک، سۆخ وانا وەک گەنجینەی بەنرخی کڵێسە دادەنرا. شانۆ و کۆمیدیا و و پەرتووکی دەنوسی لەسەر بیرکاری و فەلسەفە، و لەگەڵ مۆسیقا و ھۆنراوەی ئایینی. ئەو کتێبخانەیەکی گەورەی کۆکردەوە، و سەردان دەکرا لەلایەن زۆرێک لە زانا دیارەکانەوە. لە کاتی خزمەت کردن وەک خەزنەدار و لێپرسراوی ئەرشیڤ، ئەو ژیانی خوشکەکانی و خوشکەزاکانی دەپاراست لەو پیاوانەی دەیانویست بیان چەوسێننەوە. بەڵام بە ئاشکرا قسە کردنەکەی، ئەوی بەرەو ناکۆکی برد لەگەڵ پیاوانی ئاینی. لە ١٦٩٠، سەرۆک قەشەیەک ڕەخنەی نھێنی سۆخ وانای بڵاوکردەوە لە وتارێکی پیرۆز. لە بەرچاو خەڵکدا، ئەو وانای وریا کردەوە کە خۆی بۆ نوێژ کردن تەرخان بکات نەک دیبەیت کردن. وانا وەڵامی داوە و گوتی خودا بیر وھۆش نادات بە ئافرەتان ئەگەر نەیەوێت بە کاری بێنن. ئەم وەڵامدانەوەیە سەرنجی گەورە قەشەی میری مەکسیکۆی ڕاکێشا. بە ھێواشی، ڕێزیان لە سۆخ وانا سەندەوە، ناچار کرا کتێبەکانی بفرۆشێت و دەست ھەڵبگرێت له‌ نووسین. توڕە بوو لەم چەوساندنەوەیە، بەڵام نه‌یده‌ویست کڵێسە بەجێ بھێڵێت، ئەو بە قینەوە سوێندەکانی نوێ کردەوە. لە کۆتا بەرگری لە خۆی، بە خوێنی خۆی نووسی من، خراپترینی نێو ھەمووانم. دورخرایەوە لە خوێندن، وانا چووە نێو کاری خێرخوازیەوە، لە ١٦٩٥، مرد بە نەخۆشییەک کە تووشی بوو لە کاتی پەرستاری کردن بۆ خوشکەکانی. ئەمڕۆ، سۆخ وانا دەناسرێتەوە بە یەکەم ئافرەتی فێمینیست لە ئەمریکادا. ئەو بابەتی نووسینی دۆکیومێنتاری و ڕۆمان و ئۆپێرایەکی بێشوومارە، وێنەی نەخشێنراوە لە سەر پارەی ٢٠٠ پێسۆیی مەکسیکی. بە پێی قسەی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ ئۆکاتاڤیۆ پاز: ئەوە بەس نییە بڵێین کارەکانی سۆخ وانا بەرھەمی مێژووە؛ پێویستە ئەوەش زیاد بکەین کە مێژووش بەرھەمی کارەکانی ئەوە.